
پۆلێکی خوێندن لە هەرێمی کوردستان / AA
وانەبێژان و مامۆستایانی ناڕازی بۆچونیان جیاوازە لەسەر دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندن، مامۆستایانی ناڕازی هەر 5 داواکارییەکەیان کردوەتە مەرج بەڵام مامۆستایانی وانەبێژ دەڵێن، "دوو خاڵی یاداشتەکەمان بۆ جێبەجێ بکەن خوێندن دەستپێدەکەینەوە". بەڕێوەبەری پەروەردەی ڕۆژهەڵاتی سلێمانیش دەڵێت، لە ئەنجومەنی پەروەدەکانی سلێمانی پێشنیازیان کردوە وادەی خوێندن درێژ بکرێتەوە.
مامۆستایانی ناڕازی و وانەبێژان هەفتەی ڕابردوو یاداشتێکی پێنج خاڵییان داوەتە وەزارەتی پەروەدەی هەرێمی کوردستان و تێیدا داوای جێبەجێکردنی داواکارییە سەرەکییەکانیان کردووە. یاسین عەبدوڵا ئەندامی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی بە سبەی وت، "وەزارەتی پەروەردە و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی سنوری بایکۆت داوای کۆبونەوەیان لە مامۆستایان کردوە بەڵام ئەوان کۆبونەوەیان ڕەتکردوەتەوە و بڕیاریانداوە بە یاداشتێک داواکارییەکانیان بە حکومەت بگەیەنن". بە پێی وتەی ئەندامەکەی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی،" یاداشتەکە لە پێنج خاڵی سەرەکی پێکهاتووە، کە داواکارییە سەرەکییەکانی مامۆستایانی ناڕازی و وانەبێژانی لە خۆگرتوە و بە جێبەجێکردنی ئامادەین دەست بە پرۆسەی خوێندن بکەینەوە".
پێنج داواکارییەکەی مامۆستانی ناڕازی و وانەبێژان
1- دەستپێکردنەوەی پلەبەرزکردنەوە
2- دیاریکردنی چارەنوسی موچەی پاشکەوت و لێبڕین
3- دامەزراندن و بە هەمیشەیکردنی وانەبێژان
4- دابەشکردنی موچە لە وادەی خۆیدا
5- ڕێگری لە گواستنەوەی ڕاژەی مامۆستایان نەکرێت بۆ سەر بەغدا
کاروخ عەبدوڵا نوێنەری گشتی وانەبێژانی هەرێمی کوردستان لەبارەی یاداشتەکەوە بە سبەی ڕاگەیاند،" هەر لە یاداشتەکەیاندا ئەو پەیامەیان گەیاندوەتەوە حکومەت، ئەگەر لە ئێستادا دەست بەپلەبەرزکردنەوەی مامۆستایان بکات و وانەبێژان بە هەمیشەیی بکات ئەوە ئامادەن لە دوای پشووەکانی سەری ساڵ دەست بەخوێندن بکەینەوە".
لەبارەی جێبەجێکردنی سێ داواکارییەکەی دیکەوە، نوێنەری گشتی وانەبێژانی هەرێمی کوردستان وتی،" ئامادەن جێبەجێکردنی سێ داواکارییەکەی دیکەیان دوابخەن تا ئەو کاتە حکومەت دەتوانێت جێبەجێیان بکات". پێچەوانەی لێدوانی نوێنەری گشتی وانەبێژان، یاسین عەبدوڵا ئەندامی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی ڕەتیدەکاتەوە “تەنها بە جێبەجێکردنی ئەو دوو داواکارییەی ئێستا دەست بە خوێندن بکەنەوە”.
81 ڕۆژ ماوەی خوێندن ماوە
لە ڕۆژی 13ـی ئەیلولی 2023ـەوە ساڵی نوێی خوێندن لە هەرێمی کوردستان دەستی پێکردوە و بەپێی ساڵنامەی خوێندنیش خوێندنگاکان 83 ڕۆژ دەوامیان کردوە.
هەر بەپێی ساڵنامەکە لە ئەمڕۆ 25ـی کانونی یەکەمی 2023ـەوە وەرزی یەکەمی خوێندن کۆتاییهات و بڕیارە لە 21ـی کانونی 2024ـەوە وەزری دووەمی خوێندن دەست پێبکات.
دوو وەرزەکەی خوێندن لە هەرێمی کوردستان پێکەوە 164 ڕۆژ خوێندن دەکەن کە وەرزی یەکەم لە 83 ڕۆژ خوێندن پێکدێت و وەرزی دووەمیش لە 81 ڕۆژ خوێندن پێکدێت.
مامۆستایانی ناڕازی و وانەبێژان دووپاتیدەکەنەوە، ئەگەر داواکارییەکان جێبەجێ بکرێت دەتوانن لە ماوەی وەرزی دووەمدا ساڵنامەی خوێندن بەبێ گرفت تەواو بکەن.
کاروخ عەبدوڵا نوێنەری گشتی وانەبێژانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، پێشنیازیان کردوە لە وەرزی دووەمدا ئەگەر خوێندن دەست پێبکاتەوە ڕۆژانی شەممە کە لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە کراوەتە پشوو ئامادەن دەوام بکەن.
نمرەی خوێندکاران چۆن هەژمار دەکرێت؟
سەرەتای مانگی کانونی یەکەم وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان لەبارەی مامەڵەکردن لەگەڵ نمرەی تاقیکردنەوەکانی خوێندکاران و قوتابیان نوسراوێکی ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان، راپەڕین کرد.
لە نوسراوەکەدا وەزارەتی پەروەردە داوایکردوە، ئەو قوتابی و خوێندکارانەی نمرەی هەڵسەنگاندن و نیوەی وەرز (10-20-10)ـیان هەیە، پێویستە تاقیکردنەوەی کۆتایی وەرزی یەکەم لەسەر 60 نمرە ئەنجام بدەن.
لەبارەی ئەو قوتابخانە و خوێندنگانەی تاقیکردنەوەی 20 نمرەیان نەکردووە و تەنها نمرەی هەڵسەنگاندنیان هەیە. لە نوسراوەکەی وەزارەتی پەروەردەدا هاتووە، پێویستە تاقیکردنەوەی کۆتایی وەرز لەسەر 80 نمرە بکەن و بەمشێوەیە لە سیستم تۆماری بکەن:
- نمرەی بەدەستهاتوو لە 80 نمرە دابەشی 4 بکرێت بۆ دەرهێنانی 20 نمرەی تاقیکردنەوەی نوسینەکی.
- نمرەی بەدەستهاتوو لە 80 نمرە لێکدانی 0.75 بکرێت بۆ دەرهێنانی 60 نمرەی تاقیکردنەوەی کۆتایی وەرز.
- نمرەی کۆتایی لە هەردوو خاڵی یەکەم و دووەم نزیک بکرێتەوە بۆ نمرەی تەواو ئەگەر نمرەکە بە کەرت دەرچوو
لەبارەی تاقیکردنەوەی وەرزی دووەم وەزارەتی پەروەردە ئاماژەی بۆ ئەوەکردوە، "ئەو قوتابخانە و خوێندنگایانەی تاقیکردنەوەی کۆتایی وەرزی یەکەم ئەنجام دەدەن بۆ وەرزی دووەم لەسەر هەمان ساڵنامەی خوێندنی وەزارەتی پەروەردە بەردەوام دەبن."
"ساڵی خوێندن درێژ بکرێتەوە"
تریفە محەمەد بەڕێوەبەری پەروەردەی ڕۆژهەڵات بە سبەی ڕاگەیاند،"لە ئەنجومەنی گشتی پەروەدەی سلێمانی پێشنیازمان کردوە، ئەگەر وەرزی دووەم خوێندن دەست پێبکرێتەوە ساڵی خوێندن چەند مانگێک درێژ بکرێتەوە بەڵام ئەم پرسە لە دەسەڵاتی ئەنجومەنی وەزارەتی پەروەردەیە".
لەبارەی کەمکردنەوەی پڕۆگرامی خوێندنیشەوە وتی، "تا ئێستا وەزارەتی پەروەردە کە دەسەڵاتی کەمکردنەوەی پڕۆگرامی خویندنی هەیە هیچ پێشنیازێکی پێنەداوین بۆ کەمکردنەوەی خوێندن". ڕەتیشکردەوە پێشنیاز کرابێت وانەکانی هونەر و وەرزش لە پڕۆگرام لابدرێت وەک خۆی وتی،" ئەوانەش وانەن و دەبێت بخوێندرێن".
هیچ خوێندنگایەک نییە هەموو قۆناغەکان دەوام بکەن
سبەی بەداواداچونی کردوە بۆ ژمارەی ئەو خوێندنگایانەی ئێستا لە سنوری سلێمانی بایکۆت دەکەن، سبەی لە بەدوداچونەکەیدا پەروەردەی ڕۆژهەڵاتی وەک نمونە وەرگرتوە.
لە سنوری ئەم پەروەدەیە 44 خوێندگای ئامادەیی هەن، ئێستا 40 خوێندگەیان تەنها قۆناغی 12 دەوام دەکەن و وانەکان دەخوێنن. 4 خوێندنگەکەی دیکە بەهۆی ئەوەی مامۆستای وانەبێژیان هەیە و لە دەرەوەی شارن، دەوام ناکەن.
هەر لە سنوری ئەم بەڕێوەبەرایەتییە 22 خوێندنگای بنەڕەتی هەیە کە سەرجەمیان خوێندکارانی پۆلی 9 دەوام دەکەن و وانەکان دەخوێنن.
ئەگەرچی تا مانگی تشرینی دووەم لە بەشێک لە خوێندگاکانی سنوری پەروەردەی ڕۆژهەڵات بەشێک لە خوێندگاکان هەموو قۆناغەکان دەوامیان دەکرد بەڵام لە ئێستادا هیچ خوێندگایەک نییە هەموو قۆناغەکان دەوام بکەن.
بایکۆت بەردەوامە
لە ڕۆژی 13ـی ئەیلولی 2023، ساڵی نوێی خوێندن لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد بەڵام لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین و پەروەردەی کۆیە زۆرینەی مامۆستایان بایکۆتیان ڕاگەیاند و تائێستاش بەردەوامن. ئێستا لە سنوری بایکۆت زۆرینەی قوتابخانەکان داخراون کە نزیکەی 700 هەزار قوتابی و خوێندکارییان هەیە بەڵام لە هەموو ناوچەکان دەوامی پۆلی 12ـ دەستیپێکردوەتەوە.
