جەمیل ئاکار / وێنەکە لە ئاژانسی ئەنادۆڵ وەرگیراوە
سبەی
تورکیا ئەمڕۆ هەواڵی گیانلەدەستدانی گەریلایەک بڵاودەکاتەوە کە بەوتەی خۆیان" بەشداربووە لە ڕوداوەکەی هۆقەبازی هەولێر لە ساڵی 2019". پەکەکەش دەڵێت، ئەو گەریلایە ساڵێک پێش ئێستا لە زاپ گیانی لەدەستداوە.
ئەمڕۆ 31ـی کانونی یەکەمی 2023، ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆڵی تورکی بڵاویکردەوە،" لە هێرشێکی ئاسمانی هاوبەشی میت و سوپای تورکیا لە باکوری عێراق(هەرێمی کوردستان) جەمیل ئاکار کوژراوە کە دەستی ھەبووە لە تیرۆرکرنی عوسمان کۆسە دیپلۆماتکاری تورکیا لە ھەولێر".
هەواڵی ئاژانسە تورکیەکە دوای ئەوەدێت، ڕۆژی 11ـی کانونی دووەمی 2023، ناوەندی راگەیاندن و چاپهمهنیی هێزەکانی پاراستنی گەل -هەپەگە ڕایگەیاند،" چوار گەریلایان لە ڕۆژی 25ـی تشرینی دووەمی 2022 لە ناوچەی زاپ لە هەرێمی کوردستان لە کاتی شەڕ و پێکدادان دژی سوپای تورکیا شەهیدبوون". بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی هەپەگە یەکێک لەو گەریلایانەی لەو کاتەدا گیانی لەدەستداوە، جەمیل ئاکار بووە کە ناسراوە بە رێناس دێرک و لەدایکبووی مێردین بووە.
جەمیل ئاکار لە ڕوداوەکەی هۆقەبازدا بووە؟
ڕۆژی 26ـی تەموزی 2019 دوای نۆ ڕۆژ لە ڕوداوەکەی ڕێستۆرانتی هۆقەبازی هەولێر، ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکی ڤیدیۆیدا دانپێدانانی چەند کەسێکی بڵاوکردەوە و وەک تۆمەتباری ڕوداوی کوژرانی دیپلۆماتکارەکەی تورکیا لە هەولێر ناساندنی.
بەپێی ئەو دانپێدانانەی ئەو کاتە بڵاوکرایەوە، ناوی جەمیل ئاکار لە دانپێدانانی هیچ کام لەو کەسانەدا نەبووە، بەڵكو وەک دەستگیرکراوەکان ئاماژەیان بۆ کردووە،" ئەوان پەیوەندییان لەگەڵ کەسێکدا هەبووە لە پەکەکە ناوی بۆتان بووە".
ڕوداوەکەی هۆقەباز
ڕۆژی 17ـی تەموزی 2019، ڕووداوێكی تەقەكردن لە ڕێستۆرانتی هۆقەباز لە هەولێر ڕویدا و بەهۆیەوە سێ كەس كوژران، کە یەكێكیان دیبلۆماتكارێكی كونسوڵخانەی توركیا بوو بەناوی عوسمان كۆسە، دوو كەسەکەی دیكەشیان خەڵكی هەرێمی كوردستان بوون.دواتر هێزە ئەمنییەکانی هەولێر ڕایانگەیاند، حەوت کەسیان بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانەکە دەستگیرکردوە.
دوای نزیکەی مانگێک یەکێک لە دەستگیرکراوەکان ئازادکرا، ڕۆژی 22ـی ئەیلولی 2020، دوای 14 مانگ لە ڕوداوەکە دوو کەس دیکەش کە لەسەر دۆسیەکە دەستگیرکرابوون ئازادکران. بەپێی بڕیاری دادگا دوو "تۆمەتبار"سزای دوو ساڵ زیندانی و دوو "تۆمەتبارە سەرەکییەکە"ش سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە.