لە کاتژمێرەکانی داهاتوودا دەستگیرکراوەکان ئازاد دەکرێن؛ دەستەى سەربەخۆى مافى مرۆڤ: پشتیوانی مووچەخۆرانین

#دەستەى سەربەخۆى مافى مرۆڤ#ئاسایشى سلێمانى#
5 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 3 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • دەستەى سەربەخۆى مافى مرۆڤ: شەوی 2025/6/25 دوو کەس لە نوێنەرانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی لە لایەن هێزێکی ئاسایشی سلێمانیەوە دەستگیرکراون و براون بۆ گرتووخانەی ئاسایش بە شێوەی کاتی لە باری ڕاگرتندا هێڵراونەتەوە.
Primary Asset

سبەى

دەستەى سەربەخۆى مافى مرۆڤ لە هەرێمى کوردستان رایگەیاند، ئاسایشى سلێمانى پێی راگەیاندوون کە لەچەند کاتژمێرى داهاتوودا ئەو مووچەخۆرانە ئازاد دەکرێن کە لەسەر بانگەشەکردن بۆ خۆپیشاندان دەستگیرکراون و جەختیشدەکاتەوە کە پشتیوانى مووچەخۆران دەکەن.

دەستەکە رۆژى چوارشەممە لە راگەیەنراوێکدا کە دەست "سبەى" کەوتووە ئاماژەى بەوەکردووە، شەوی 2025/6/25 دوو کەس لە نوێنەرانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی لە لایەن هێزێکی ئاسایشی سلێمانیەوە دەستگیرکراون و براون بۆ گرتووخانەی ئاسایش بە شێوەی کاتی لە باری ڕاگرتندا هێڵراونەتەوە.

دەشڵێت، تیمی چاودێری و بەدواداچوونی نووسینگەی سلێمانی مافی مرۆڤ لە نزیکەوە بەدواداچوونی بۆ ئەم ڕووداوە کردووە و لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار لە دەزگای ئاسایش/ سلێمانی بە مەبەستی زانینی هۆکاری دەستگیر کردنیان و ڕاگرتنیان. 

"بە مەبەستی بەدواداچوونی زیاتر و وەرگرتنی زانیاری پەیوەندیان لەگەڵ لێپرسراوێکی ئاسایش کردو پێی ڕاگەیاندین کە دەستگیر کردنی ئەو کەسانە بە ئاگاداری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش بووە وە لەم هەلومەرجەدا بە فەرمی ڕێگە بە ئەنجامدانی خۆپیشاندان نەدراوە، ئەوەشی ڕاگەیاند کە گرتنەبەری ڕێکارەکان بۆ پاراستنی ئاسایشی شار یاساییە و لە کاتژمێرەکانی داهاتوودا سەرجەمیان ئازاد دەکرێن"، ئەوەش بەپێی راگەیەنراوەکە.

داواش لەئاسایشی سلێمانی دەکات هەرچی زووە دەستگیرکراوەکان ئازاد بکات و بگەڕێنەوە ناو کەس و کارو ئەرکی وەزیفی خۆیان.

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ پشتیوانی تەواو بۆ  مووچەخۆران دوپاتدەکاتەوە دەڵێت و مووچە مافێکی ئاسایی و یاساییەو نابێ بەهیچ پاساوێک دابەشنەکرێت، دواکەوتنیشی کاریگەری گەورەی لەسەر ژیانی خەڵک و جموجۆڵی بازاڕ دروستکردووە.

ژمارەیەک لە مووچەخۆران رۆژى چوارشەممە لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنوسیدا لە سلێمانى رایانگەیاند، سبەینێ لەبەردەم پەروەردەى رۆژئاواى سلێمانى خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن بۆ سێ داواکارى کە بریتین لە، دابەشکردنى مووچە، رەتکردنەوەى هەژمارى من و جێبەجێکردنى تەوتین و بڕیارى دادگاى فیدراڵى.

هەوڵەکان بۆ ئەنجامدانى خۆپیشاندان لەکاتێکدایە، زیاتر لە 40 رۆژ بەسەر دابەشکردنى مووچەدا تێپەڕیوە و وادەى دابەشکردنى نادیارە، دواى ئەوەى لە 28 ى ئایار وەزارەتى دارایی عێراق بڕیاریدا لەسەر راگرتنى ناردنى پارە بۆ مووچە، بەپاساوى تەواوبوونى پشکى هەرێم لە بودجە.

رۆژێک پێش وادەى دیاریکراو بۆ ئەنجامدانى خۆپیشاندان، ژمارەیەک مامۆستا و فەرمانبەر لەلایەن ئاسایى سلێمانییەوە دەستگیرکران و تا ئێستاش ئازادنەکراون.

سەلام عەبدولخالق وتەبێژى ئاسایشى سلێمانى رۆژى چوارشەممە لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنووسیدا لە سلێمانى رایگەیاند، 11 کەس بەپێی ماددەى 10ى یاساى رێکخستنى خۆپیشاندان راگیراون.

ماددەى 10 ى یاساکە دوو سزاى دیاریکردووە بۆ ئەو کەسانەى کە یاساکە پێشێل دەکەن و بەبێ وەرگرتنى مۆڵەتى فەرمى خۆپیشاندان دەکەن کە بریتین لە، زیندانیکردن بەمەرجێک لە مانگێک زیاتر نەبێت، لەگەڵ غەرامەکردن لەنێوان 50 بۆ 500 هەزار دینار، یاخود هەردوو سزاکە.

سەلام عەبدولخالق باسى لەوەکرد، خۆپیشاندان قەدەغە نییە بەڵام لە ئێستادا کاتەکەى گونجاو نییە، بەو پێیەى ئەوان زانیارییان هەیە کە خۆپیشاندان بە لاڕێدا دەبرێت.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی