دەزگای ئاسایش: بەكارهێنەری ماددەی هۆشبەر كەمیكردووە و بازرگان زیادیكردووە

#ماددەی هۆشبەر#بازرگان#بەکارهێنەر#سلێمانی#کوردستان
5 کاتژمێر لەمەوپێش
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • عەقید سەلام عەبدولخالق، وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان رایگەیاند:" ساڵرۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان دەكاتە 26-6 ، بەوبۆنەیەوە لە سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە دەستگیركردنی 520 كەس رادەگەیەنین لەمساڵدا، لەنێویاندا 243 بەكارهێنەری ماددە هۆشبەرەكانن، ئەوانی دیكەش بازرگانانی ماددەی هۆشبەرن".
Primary Asset

ژمارەیەک بازرگانی ماددەی هۆشبەر بە دەستگیرکراوی

سبەی

وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان دەڵێت "بەكارهێنەری ماددەی هۆشبەر ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی رابردوو كەمیكردووە، بەڵام بازرگانی ماددەی هۆشبەر زیادیكردووە".

عەقید سەلام عەبدولخالق، وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان رایگەیاند:" ساڵرۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان دەكاتە 26-6 ، بەوبۆنەیەوە لە سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە دەستگیركردنی 520 كەس رادەگەیەنین لەمساڵدا، لەنێویاندا 243 بەكارهێنەری ماددە هۆشبەرەكانن، ئەوانی دیكەش بازرگانانی ماددەی هۆشبەرن".

وتیشی:"نزیكەی نیو تۆن ماددەی هۆشبەر دەستیان بەسەردا گیراوە، ئەمساڵ بەراورد بە ساڵانی رابردوو بەكارهێنەرانی ماددەی هۆشبەر كەمترن، بەڵام ئەوەی تێبینی دەكرێت بازرگانیكردن بە ماددەی هۆشبەر زیادیكردووە، هێزەكانمان هەوڵیانداوە نەهێڵن هەرێمی كوردستان بكرێتە ناوچەیەكی ترانزێت بۆ ماددەی هۆشبەر و بازرگانان بەكاریبهێنن".

وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان دەشڵێت " ئەمساڵ توانیومانە چەندین بازرگان دەستگیربكەین و نزیكەی 100 بازرگانی نێودەوڵەتیش دەستگیر بكەین، توانیومانە لەگەڵ دەرەوەی كوردستانیش بۆ ئەو مەبەستە هەماهەنگی بكەین".

بازرگانیی مادەی هۆشبەر لە كوردستان

تەنها لە ساڵی 2024 لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە هەزار بەكارهێنەر و بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەستگیركراون، ئەوەش لەكاتێكدایە بەپێی راپۆرتێكی نەتەوەیەكگرتووەكان تا ساڵی 2003 بەكارهێنان و بازرگانیكردن بە ماددەی هۆشبەر لە هەرێمی كوردستان نزیكبووە لە ئاستی سفر.

رۆژی (17ـی نیسانی 2025) نەقیب ئەركان بیبانی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەكانی هەرێمی كوردستان لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: لەنێو شاری هەولێر تۆڕێكی بڵاوكردنەوە و بازرگانی بە مادەی هۆشبەر لە جۆری ماریوانامان هەڵوەشاندەوە و دەست بەسەر نزیكەی شەش كیلۆگرام مادەی هۆشبەر لە جۆری ماریوانادا گیرا.

وتیشی: ''ئەم تۆڕە مەترسیدارییەكەی لەوەدا بووە كە ئەندامانی كورد و عەرەب بوون و ئافرەتیان بۆ فێركردنی منداڵ، گەنج و لاوی پارەدار بەكارهێناوە".

سەبارەت بە سەرچاوەی مادە هۆشبەرەكەش، نەقیب ئەركان بیبانی وتی: "سەرچاوەكەیان لەنێو خاكی هەرێمی كوردستان نەبوو، بەڵكو لە وڵاتانی دراوسێوە هێنراونەتە هەرێمی كوردستان، بۆ ئەوەی بڵاوی بكەنەوە و خەڵك ئاڵودە بكەن.''

بەپێی ئامارێك كە دەست "سبەی" كەوتووە، ساڵی ڕابردوو، زیاتر لە هەزار تۆمەتبار لە هەرێمی كوردستان بەهۆی بەكارهێنان و بازرگانیكردن بە ماددەی هۆشبەر دەستگیركراون، 529 تۆمەتباریان بازرگان و 474 تۆمەتباری دیكەیان بەكارهێنەر بوون.

بەپێی ئامارەكان، لەماوەی 11مانگی ساڵی 2024دا، دەستگیراوە بەسەر بڕی زیاتر لە سێ تۆن ماددەی هۆشبەر لەجۆرەكانی (هێرۆین، كۆكاین، حەپی كپتاگۆن، كریستاڵ، تریاك، حەشیش، تۆی شادانە، ئەسید، حەبی ترامادۆڵ) و كۆی گشتی حەبی جۆراوجۆری دەستبەسەرداگیراو 121.330 سەد و بیست و یەك هەزار و سێ سەد و سی دەنگ حەب.

لە سفرەوە بۆتۆن

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان تایبەت ماددە هۆشبەرەكان (UNDOC) لە هەرێمی كوردستان تا ساڵی (2003) هیچ حاڵەتێكی بەكارهێنان و بازرگانیكردنی ماددە هۆشبەرەكانی تێدا نەبووە.

هەروەها بەپێی ئاماری دەزگا ئەمنییەكانی (هەولێر، سلێمانی و دهۆك) كە پێشكەش بە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان تایبەت ماددە هۆشبەرەكانیان كردووە، لە ماوەی ساڵانی (2019–2023)، بەردەوام قەبارەی دەستبەسەرداگرتنی ماددە هۆشبەرەكان رووی لە هەڵكشانە، بەجۆرێك؛ كۆی ماددەكانی (حەشیش، تریاك، هیرۆین، كریستاڵ، كیپتاگۆن)ی دەستبەسەرداگیراو لە ساڵی (2019) تەنها (206) كگم بووە، بەڵام لە ساڵی (2023) گەیشتووە بە (2 تەن و 708 كگم). 

ئێستا هەرێمی كوردستان جگە لە بەكاربەر و بەرهەمهێن، بووە بە ڕێڕەوەی هەناردەكردنی ماددەی هۆشبەر و لە سەر نەخشەی جیهانی وەك ڕێڕەوێكی مەترسیدار ئاماژەی بۆ دەكرێت.

قاچاخچێتی ماددە هۆشبەرەكان لە عێراق و هەرێمی كوردستان

عێراق بە زیاتر لە سێ هەزار و 637 كیلۆمەتر سنوری وشكانی لەگەڵ هەریەك لە وڵاتانی (ئێران، ئوردن، كوەیت، سعودییە، سوریا و توركیا) هەیە، بەپێی ڕاپۆرتی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان تایبەت ماددە هۆشبەرەكان (UNDOC) كە لە مانگی (كانوونی دووەمی 2024) بڵاوی كردووەتەوە، جگە لەوەی ئەم وڵاتە پێگەیەكی ستراتیجی هەیە، وەك رێڕەوی گواستنەوەی ماددە هۆشبەرەكان و گرێدانی باشوری رۆژئاوای ئاسیا و نیمچە دورگەی عەرەبی و ئەوروپا پێكەوە، وایكردووە ئەم ناوچەیە تەنها وەك پردێكی بارزگانی (نێوان بەرهەمهێنەران و بەكاربەران) نەمێنێتەوە، بەڵكو خۆی بووە بە ناوچەی بەرهەمهێن و هەناردەكار و تەنانەت بەكاربەریش، بوونی رێژەی بێ شوماری ماددە هۆشبەرەكانیش گەواهی ئەو ڕاستییەن.

لە پێنج زیندانی یەكێكیان لەسەر ماددەی هۆشبەرە

بەپێی ئامارەكان، زیاتر لە پێنج هەزار و 700 زیندانیكراو لە چاكسازییەكانی هەرێمی كوردستان دا هەن لەو ژمارەیە هەزار و 527 تۆمەتباری مادەی هۆشبەر سزادراون كە دەكاتە یەك لەسەر پێنجی كۆی سزادراوان و زیاتر لە 800 كەسیان بازرگانن.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی