هەوڵەکان بۆ ئەنجامدانى خۆپیشاندان لەکاتێکدایە، زیاتر لە 40 رۆژ بەسەر دابەشکردنى مووچەدا تێپەڕیوە و وادەى دابەشکردنى نادیارە
سبەى
مووچەخۆرانى ناڕازیی لە سلێمانى جەخت لە ئەنجامدانى خۆپیشاندان دەکەنەوە بەهۆى دواکەوتنى دابەشکردنى مووچەوە، لەکاتێکدا ئاسایش 11 کەسى بەپێی یاساى خۆپیشاندان دەستگیرکردوە و جەختدەکاتەوە کە رێگە بە خۆپیشاندان نادات.
ژمارەیەک لە مووچەخۆران رۆژى چوارشەممە لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنوسیدا لە سلێمانى رایانگەیاند، سبەینێ لەبەردەم پەروەردەى رۆژئاواى سلێمانى خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن بۆ سێ داواکارى کە بریتین لە، دابەشکردنى مووچە، رەتکردنەوەى هەژمارى من و جێبەجێکردنى تەوتین و بڕیارى دادگاى فیدراڵى.
داواشیان لە هێزەکانى ئاسایش کرد سەلامەتى خۆپیشاندەران بپارێزن.
هەوڵەکان بۆ ئەنجامدانى خۆپیشاندان لەکاتێکدایە، زیاتر لە 40 رۆژ بەسەر دابەشکردنى مووچەدا تێپەڕیوە و وادەى دابەشکردنى نادیارە، دواى ئەوەى لە 28 ى ئایار وەزارەتى دارایی عێراق بڕیاریدا لەسەر راگرتنى ناردنى پارە بۆ مووچە، بەپاساوى تەواوبوونى پشکى هەرێم لە بودجە.
رۆژێک پێش وادەى دیاریکراو بۆ ئەنجامدانى خۆپیشاندان، ژمارەیەک مامۆستا و فەرمانبەر لەلایەن ئاسایى سلێمانییەوە دەستگیرکران و تا ئێستاش ئازادنەکراون.
سەلام عەبدولخالق وتەبێژى ئاسایشى سلێمانى رۆژى چوارشەممە لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنووسیدا لە سلێمانى رایگەیاند، 11 کەس بەپێی ماددەى 10ى یاساى رێکخستنى خۆپیشاندان راگیراون.
ماددەى 10 ى یاساکە دوو سزاى دیاریکردووە بۆ ئەو کەسانەى کە یاساکە پێشێل دەکەن و بەبێ وەرگرتنى مۆڵەتى فەرمى خۆپیشاندان دەکەن کە بریتین لە، زیندانیکردن بەمەرجێک لە مانگێک زیاتر نەبێت، لەگەڵ غەرامەکردن لەنێوان 50 بۆ 500 هەزار دینار، یاخود هەردوو سزاکە.
سەلام عەبدولخالق باسى لەوەکرد، خۆپیشاندان قەدەغە نییە بەڵام لە ئێستادا کاتەکەى گونجاو نییە، بەو پێیەى ئەوان زانیارییان هەیە کە خۆپیشاندان بە لاڕێدا دەبرێت.
جەختیشیکردەوە، لە ئێستادا رێگە بە ئەنجامدانى خۆپیشاندان نادرێت، مەگەر بۆ کاتێکى دیکە دوا بخرێت.
پێشتر لیژنەى ئەمنى سلێمانى لە راگەیەنراوێکدا جەختیکردبووەوە، ناڕەزایەتییەکان گەیشتووەتە دەسەڵاتدارانى کوردستان و عێراق، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی لەم دۆخە هەستیارەی ناوچەکەی پێدا تێپەڕدەبێت و گونجاو نییە.
تۆڕی هاوپەیمانی 19: چارەسەری ئەمنی، نارەزایەتیەكان فراوانتر دەكات
تۆڕی هاوپەیمانی 19 داوا دەكات دەستبەجێ سەرجەم راگیراوەكان ئازاد بكرێن، دەستگیركردنی هەڕەمەكی و دەستبەسەركردنی نایاسایی بوەستێنرێت، حكومەت وەڵامی قایلكەری پێبێت بۆ ناڕەزایەتییەكان، پێداویستی و داوا ڕەواكانیان دابینبكات، ڕاشكاو و شەفاف بن سەبارەت بە كێشە داراییەكانیان لەگەڵ حكومەتی عێراق.
تۆڕەکە رۆژى چوارشەممە لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، شەوی رابردوو لە رێگەی پەیوەندی تەلەفۆنییەوە بەجیا داوا لە هەردوو رێكخەری خۆپیشاندانەكە، عوسمان گوڵپی و دڵشاد میرانی کراوە بچن سەردانی ئاسایش بكەن، پاش ئەوەی دەچن، ئیتر سۆراغیان نامێنێت.
عادل حەسەن، ئەندامی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی وتى، بەرەبەیانی ئەمڕۆ خانەوادەی دەستگیركراوان چوون بۆ سۆراغیان لە ئاسایشی گشتی سلێمانی، پێیان وتوون، "لای ئێمەن سبەینێ ئازادیان دەكەین، بەڵام تا ئێستا هەر لەوێ ماونەتەوە".
بەشێک لە مامۆستا و فەرمانبەرە دەستگیركراوەكان پێکهاتوون لە (نەجمەدین محەمەد، دلاوەر عەلی، زریان عەلی، مونیرە عەبدوڵا، شەهلا عەلی، نور فەریق و محەمەد ڕەسوڵ)، رێكخەری ئەو خۆپیشاندانەن كە بڕیارە پێنج شەممە بەڕێوەبچێت.