پێشانگای CES، لاس ڤیگاس-ئەمریکا وێنە: RedboxVR
سبەی
9ی کانونی دووەم، یەکێک لە گەورەترین پێشانگاکانی بوارە جیاوازەکانی زانست بە گشتی و تەکنەلۆژیا بە تایبەتی لە شاری لاس ڤیگاسی ویلایەتی ناڤادا کرایەوە.
پێشانگای (CES) ساڵانە لە لایەن کۆمەڵەی تەکنەلۆژیای بەکارهێنەرانەوە رێکدەخرێت بۆ نمایشکردنی نوێترین بەرهەمە جیاوازەکانی بواری ئەلەکترۆنی، تەکنەلۆژی، رۆبۆتسازی، و چەندەها بواری دیکەش.
پێشانگاکە چوار رۆژ دەخایەنێت، 9 بۆ 12ی مانگ. 4,000 کۆمپانیا بەشداریان لە پێشانگاکەدا کردووە بۆ نماشکردنی بەرهەمەکانیان. کۆمپانیا جیهانیە دیارەکان لە پێشانگاکەدا دواین داهێنان و بەرهەمەکانیان دەخەنە بەرچاو کڕیاران و بەشداربووان. پيشانگاکە وەکو بازاڕێکی گەورە وایە.
گاری شاپیرۆ، بەرێوبەری جێبەجێ کاری کۆمەڵەی تەکنەلۆژیای بەکارهێنەران و ڕێکخەری سەرەکی پێشانگاکە، ڕایگەیاند "ئەم ساڵ زۆر جیاوازتر دەبێت لە ساڵانی پێشووتر، بەخێرهاتنی هەموو بەشداربوان دەکەین و پەرۆشین بۆ بیرۆکەی نوێ لە ئێوەوە".
ڕۆناڵد بوشمان، بەرێوبەری جێبەجێ کاری کۆمپانیای سایمنسی ئەلەکترۆنی، یەکێک بوو لە دیارترین وتەبێژەکانی پێشانگاکە، لە کاتی وتەکەیدا ئاماژەی بەوەدا "پێویستە مرۆڤایەتی بە هەموو توانایەکەوە وەبەرهێنان لە زیرەکی دەستکردا بکات بەڵام بە ژیریەوە".
ڕۆناڵد بوشمان و گاری شاپیرۆ وێنە لە هەژماری تایبەتی شاپیرۆوە لە پلاتفۆرمی ئێکس
ئەم ساڵ رکەبەرایەتیەکی بەهێز لە بوارەکانی زیرەکی دەستکرد و رۆبۆتسازیدا هەیە شان بە شانی داهێنانە نوێکان لە وزەی نوێبووەوەدا. کۆمپانیای کیای کۆری، چەند مۆدێلێکی جیاوازی مینی پاسی کارەبای نمایشکرد لە پێشانگاکەدا بۆ یەکەم جار.
کۆمپانیای سامسۆنگ جەختی لەسەر ئەوە کردەوە لە داهاتودا زیاتر سود لە زیرەکی دەستکرد وەردەگرن بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریەکی باشتر لەگەڵ بەکارهێنەرانیاندا. تەلەڤزیۆنێکی سامسۆنگ سەرەنجی ئامادەبووانی بەلای خۆیدا راکێشابوو و لە سۆشیاڵ میدیاشدا بینەرێکی زۆری هەبوو، بە هۆی ڕوونی ئەو شوشەیەی بەکار هاتوە.
پێشانگاکە بەردەوامەوە و لە پلاتفۆرمی ئێکس بە هاشتاگی #CES2024 زوو زوو زانیاری و وێنەی نوێ بڵاودەکرێتەوە.