جەنەڕاڵ پاتریک ساندەرس، سەرۆک ئەرکانى سوپاى بەڕیتانیا
سبەی
سەرۆک ئەرکانى سوپاى بەڕیتانیا ڕایگەیاندووە دەبێت هاوڵاتییانى بەڕیتانیا "ڕاهێنان و ئامادەیان بکەین" بۆ ئەگەرى جەنگ لەگەڵ ڕوسیا – ئەوەش بەهۆى ئەوەى مۆسکۆ پلانى ئەوەى هەیە "بەسەر سیستم و ژیانماندا زاڵ ببێت."
پاتریک ساندەرس، سەرۆک ئەرکانى سوپاى بەڕیتانیا زیاترکردنى ژمارەى سەربازانى بەڕیتانیا بەپێویست دەزانێت وەکو ئامادەکارییەک بۆ ئەگەرى جەنگ.
وتەکانى سەرۆک ئەرکانى بەڕیتانیا یەکەمجار لە دەیلى تەلەگرافەوە بڵاوکرانەوەو وەکو هۆشدارییەک بوو بۆ ژن و پیاوانى بەڕیتانیا کە دەبێت ئامادەبن بۆ بانگکردنیان بۆ خزمەتى سەربازى ئەگەر ناتۆ بچێتە جەنگەوە لەگەڵ ڤلادیمیر پوتین.
ئەم وتانە لەدواى ئەوە دێن کە گرانت شاپس، وەزیرى بەرگرى بەڕیتانیا، هەفتەى ڕابردوو ڕایگەیاند کە "ئێمە لە سەردەمى دواى جەنگەوە دەچین بەرەو جیهانى بەرلە جەنگ". هەروەها ئاماژەى بەوەشدا پێویستە بەڕیتانیا دڵنیابێت لەوەى کە "تەواوى سیستمیى بەرگرى بەگشتیى ئامادەبێت" بۆ بەرگریکردن لە نیشتمانەکەى.
بەڵام حکومەتى بەڕیتانیا ڕەتیکردووەتەوە کە هاوشێوەى جەنگیى جیهانیى خزمەتى سەربازى بکرێت بەزۆرەملێ، بەڵکو خزمەتى سەربازى بەشێوەیەکى خۆبەخشانە دەمێنێتەوە.
پاتریک پێشتریش ڕەخنەگرێکى گەورەبووە لە کەمکردنەوەى ژمارەى سەربازان و خەرجى سەربازیى.
لە کۆنفڕانسێکدا لە لەندەن، سەرۆک ئەرکانى سوپاى بەڕیتانیا ڕایگەیاند پێویستە بەڕیتانیا بەزوویى ژمارەى سەربازەکانى زیاد بکات بۆ نزیکەى ١٢٠ هەزار سەرباز لەماوەى سێ ساڵى داهاتوودا، کە لەئێستادا ژمارەى سەربازەکانى بەڕیتانیا ٧٤ هەزار سەربازن.
جەختیش لەوە دەکاتەوە کە تەنها زیاترکردنى ژمارەى سەربازان بەس نیە و پێویستە ئامادەکردن و ڕاهێنانى "سوپاى هاوڵاتییانیش" لەدواى ئەوەوە ئەنجام بدرێت.
بۆئەوەش ئاماژەى بەوەدا کە سەرۆکى ئەنجومەنى سوپاى ناتۆ هەفتەى ڕابردوو هۆشداریدا، حکومەتى سویدیش بەهەمانشێوە.. لەبەرئەوە هەنگاوى ئامادەکارى بۆ کۆمەڵگاکانى ئەوروپا بەپێویست دەزانێت و بەشێوەیەکى بنەڕەتى دەبینێت.
لەلایەکى دیکەوە تۆبیاس ئێڵوود، وەزیرى پێشووى بەرگرى بەڕیتانیا جەخت دەکاتەوە کە دەبێت وتەکانى سەرۆک ئەرکانى سوپاى بەڕیتانیا بە گرنگییەوە وەربگیڕێت. هەروەها دەڵێت: ئەوەى لە ئاسدۆ دەردەکەوێت دەبێت تووشى شۆکمان بکات. دەبێت نیگەرانمان بکات و ئێمەش ئامادەنین.
نیگەرانییەکان لە کەمبوونەوەى ژمارەى سەربازەکانیان بەهەمانشێوە لەلایەن بەرپرسانى دیکەى بەڕیتانیاش باس دەکرێن. لۆرد دانات، سەرۆک ئەرکانى پێشووى بەڕیتانیا، بە تایمزى وتووە کە ژمارەى سەربازەکانى بەڕیتانیا ١٠٢ هەزار سەرباز بوون لە ٢٠٠٦دا، بەڵام لەئێستادا ژمارەى سەربازەکانیان دابەزیووە بۆ ٧٤ هەزار سەرباز و هێشتا بەخێرایى ژمارەى سەربازانى بەڕیتانیا زیاتر کەم دەبێتەوە.
دانات باس لەوە دەکات کە لە ١٩٣٠یەکاندا سوپاى بەڕیتانیا نەیتوانى ڕووبەڕووى ئەدۆڵف هیتلەر ببێتەوە، ئێستا ترس هەیە کە هەمان مێژوو خۆى دووبارە بکاتەوە.