خۆپیشاندان و بایکۆت لە سلێمانی و دەوروبەری فراوانتر بوو

#مامۆستایانی ناڕازی#خوێندن#موچە
2 ساڵ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 2 ساڵ نوێ کراوەتەوە
سبەی
Primary Asset

خۆپیشاندانی مامۆستایان لە ڕانیە

سبەی

ئەمڕۆ یەکشەممە 28-01-2024، مامۆستایانی ناڕازی لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و ڕاپەڕین جارێکی دیکە خۆپیشاندانیان ئەنجامدایەوە و سوربوونی خۆیان لەسەر بایکۆتکردن دوپاتکردەوە تا ئەوکاتەی داواکارییەکانیان جێبەجێدەکرێت.

هاوکات لەگەڵ خۆپیشاندانی مامۆستایان، بەشێک لە کارمەندەکانی هەریەکە لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆ و کارەبا لەگەڵ بانکی خانوبەرە لە سلێمانی  بایکۆتی دەوامیان کرد و ڕایکردنی کاروباری هاوڵاتییان ڕاگرت، داوای پێدانی موچەکانیان دەکەن.

موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان موچەی سێ مانگی ساڵی ڕابردوویان وەرنەگرتووە و هیچ وادەیەکیش بۆ پێدانی موچەی مانگی یەکی ئەمساڵ دیارینەکراوە، هەرچەندە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بە ناردنی 618 ملیار بۆ هەرێمی کوردستان بەڵام تا ئێستا وەزارەتی دارایی عێراق ئەو پارەیەی خەرجنەکردووە.

چوار مانگ و نیوە، پڕۆسەی خوێندن لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووە، بەڵام لە زۆرێک لە قوتابخانەکانی سنوری سلێمانی و هەڵەبجە و ڕاپەڕین و کەلار و کۆیە بەهۆی بایکۆتی مامۆستایانەوە خوێندن هێشتا وەک پێویست دەستیپێنەکردوەتەوە.

یەکێتی مامۆستایان و پەروەردەی سلێمانی ئاماژە بەوەدەکەن، "خوێندن لە زیاتر لە 70٪ قوتابخانەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی دەستیپێکردووەتەوە و ڕۆژ بەڕۆژ دەرگای قوتابخانەی زیاتر دەکرێنەوە".

مامۆستانی ناڕازی و وانەبێژان پێنج داواکارییان هەیە بۆ چونەوە هۆڵەکانی خوێندن، ئەوانیش بریتین لە؛ دەستپێکردنەوەی پلەبەرزکردنەوە، دیاریکردنی چارەنوسی موچەی پاشکەوت و لێبڕین، دامەزراندن و بە هەمیشەییکردنی وانەبێژان، دابەشکردنی موچە لە وادەی خۆیدا لەگەڵ ڕێگری لە گواستنەوەی ڕاژەی مامۆستایان نەکرێت بۆ سەر بەغدا.

وەزارەتی پەروەردە لە نوسراوێکدا لە 7ـی کانونی یەکەمی ئەمساڵ، ڕەزامەنیدا لەسەر جێبەجێکردنی دوو لە داواکارییەکانیان کە بریتیی بوون لە، پلەبەرزکردنەوە و بەگرێبەستکردنی مامۆستایانی وانەبێژی دانەمەزراوە. 

بەڵام ئەو بەڵێنەی وەزارەتی پەروەردە نەیتوانی قەناعەت بە هەموو مامۆستایانی ناڕازی بهێنێت و داوا دەکەن هەموو داواکارییەکان بەیەکەوە جێبەجێبکرێت.

بەهۆی بایکۆتی مامۆستایانەوە لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، هەروەها ئیدارەکانی گەرمیان، راپەڕین و پەروەردەی کۆیە، نزیکەی 700 هەزار قوتابی، کە دەکاتە نزیکەی ٪40ـی کۆی قوتابییان دەوامیان نەکردووە.

بگەرێ لە سبەی
    2026 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی