حه‌مه‌ی حه‌مه‌سه‌عید، وه‌زیری ڕۆشنبیری و لاوان خه‌ڵاتی زێڕینی به‌خشییه جه‌مال غه‌مباری شاعیر
سبه‌ی
حه‌مه‌ی حه‌مه‌سه‌عید، وه‌زیری ڕۆشنبیری و لاوانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، خه‌ڵاتی زێڕینی وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری و لاوانی پێشكه‌ش به "جه‌مال غه‌مبار"ـی شاعیر كرد.
ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 1ـی شوباتی 2024، له هۆڵی "پێشه‌وا" له دیوانی وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری و لاوان، كۆڕێكی شیعر خوێندنه‌وه بۆ "جه‌مال غه‌مبار"ی شاعیر به‌ڕێوه‌چوو.
له سه‌ره‌تای كۆڕه‌كه‌دا، "جه‌مال غه‌مبار"ـی شاعیر، چه‌ند ده‌قێكی شیعری "مه‌حوی" پێشكه‌ش كرد و دواتر چه‌ند ده‌قێكی شیعری به‌رهه‌می خۆی خوێنده‌وه.
له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، حه‌مه‌ی حه‌مه‌سه‌عید، وه‌زیری ڕۆشنبیری و لاوان، خه‌ڵاتی زێڕینی وه‌زاره‌تی به‌خشییه شاعیر، له پای هه‌وڵه به‌رده‌وامه‌كانی له كایه‌ی ئه‌ده‌بی كوردی و ئه‌فراندنی شیعریدا.
پرۆفایلی جه‌مال غه‌مبار
- جه‌مال غه‌مبار له 1962 له شاری سلێمانی له‌دایكبووه.
- له 1976دا یه‌كه‌م ده‌قی شیعری له ڕۆژنامه‌ی "هاوكاری" بڵاوبووه‌ته‌وه و له ده‌یه‌ی هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا به‌رهه‌می زیاتری بڵاوكردووه‌ته‌وه.
- له زانكۆی به‌غدا ساڵی 1984 به‌شی یاسای ته‌واوكردووه و دواتر كاری پارێزه‌ری كردووه.
- ژماره‌یه‌ك به‌رهه‌می شیعری خۆی به زمانی كوردی و عه‌ره‌بی به‌چاپگه‌یاندووه.
- له دوای ڕاپه‌ڕینی ئازاری 1991ه‌وه، له بواری ڕاگه‌یاندنی كوردی كاری كردووه.
- له سه‌ره‌تای ده‌یه‌ی 2000دا له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌ی ڕووی كردووه‌ته سوریا و دواتر چووه‌ته ئوسترالیا.
- ئه‌ندامی یه‌كێتی نووسه‌رانی كورده.
- له بواری مافی مرۆڤ و به‌رگریكردن له پرسه‌كانی ژنان كاری كردووه.