ماڵی زیرەک سەرچاوە: iStock
سبەی
ماڵی زیرەک کارئاسانی دەکات یان دەبێتە هۆی دروستبوونی کێشە و مەترسی دیزکردن؟
چەمکی ماڵی زیرەک بۆ خانوێک بەکاردێت کە پڕە لە ئامێری پەیوەست بە ئینتەرنێت و خودکار، هەرچەندە لە ئێستا ماڵی زیرەک بە شێوەیەکی فراوان بەکارنایەت، بەڵام لە چەند بوارێکدا ئامێری تایبەت دروستکراوە لەسەر چەمکی ماڵی زیرەک، وەک کامێرای چاودێری، دەرگای زیرەک، کۆنتڕۆڵی پلەی گەرمی ژوور، و پلەی گەرمی بۆیلەر و هیتەر.
کۆریای باشوور: پێشەنگێکە لە بواری تەکنەلۆژیای ماڵە زیرەکەکاندا، شارێکی وەک سۆنگدۆ نمونەی پێسکەوتنەکانی کۆریای باشورە لەم بوارەدا؛ سیستەمی ڕوناککردنەوەی بە دەنگ کاردەکات، پاشەڕۆی ماڵەکان خودکارانە بە بێ یارمەتی هیچ مرۆڤێک فڕێدەدرێن و دەگوازرێنەوە بۆ زبڵخانە.
ئەڵمانیا: بەبەکارهێنانی کامێرای چاودێری و زەنگی ئاگادارکردنەوەی هەستیار، ماڵە زیرەکەکانی ئەڵمانیا لە ڕیزی پێشوەی سەلامەترین ماڵەکاندان لە ئاستی جیهان، ئەمەش ڕێگە بە خاوەن ماڵەکە دەدات لە هەر شوێنێکی جیهانەوە بێت چاودێری موڵکەکانی بکات.
سود یاخود زیانی زیاترە؟ سوودەکانی ماڵە زیرەکەکان زۆرن. دەتوانیت لە ژووری نوستنەکەتەوە لە ڕێگەی مۆبایلە زیرەکەکەت، ئامێری قاوە دروستکردنەکە کارپێکەیت، گەرمکەرەوەکەت پێش ئەوەی بێتەوە ماڵێ بخەیتە کار، یان کاتێک شتێکت لە ڕێگەی ئۆنلاینەوە کڕیوە و دێتە بەردەرگای ماڵەکەت بە نامەیەک ئاگادار بیتەوە. سەڕەرای بەکارهێنانی لە بواری پاراستن و چاودێری، هێشتا شارەزایان دوودڵن لە کارایی و سەلامەتی ماڵی زیرەک، بەڵام هاککردن یەکێکە لە مەترسییە گەوەرەکانی چەمکی ماڵی زیرەک، هاکەرەکان دەتوانن دەستیان بگات بە هەموو ئامێر و کامێرایەکی گرێدراو بە ئنتەرنێتی ماڵەکەوە، هەر بۆیە شارەزایان نیگەران و دوودڵن لە چەمکی ماڵی زیرەک.
داهاتوی ماڵی زیرەک متمانە پێکراوە؟
تەحەدی و کێشە لە هەموو بابەتێکی نوێدا بوونی هەیە، بە پێی کات و توێژینەوەی زیاتر ئەم کێشە و گرفتانە دەتوانرێت چارەسەربکرێت، لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا، پێدەچێت پرۆتۆکۆڵە ئەمنییەکان بەهێزتربکرێن. لە کۆتاییدا داهاتووی ماڵە زیرەکەکان پەیوەستە بە دروستکردنی متمانە و دڵنیابوون لە نێوان خاوەن ماڵ و کۆمپانیای دابینکەری، بنبڕکردن و کەمکردنەوەی مەترسی هاککردن و هێرشی ئەلەکترۆنی بۆ کەمترین ئاست دەبێتە هۆی دروستبوونی متمانە بە چەمکی ماڵی زیرەک.