لە 10 ساڵدا 12 هەزار کۆمپانیا لە ئەڵمانیا مایەپووچ بوون

#ئەڵمانیا#کۆمپانیا#مایەپووچبوون
18 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 17 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
ڕاماڵ خونچە
پوختە :
  • تەنها لە ماوەی ئەم 10 ساڵەی دواییدا 11 هەزار و 900 کۆمپانیا بە هۆی مایەپووچبوونەوە لە ئەڵمانیا کە گەشەکردووترین وڵاتی جیهانە لە ڕووی ئابوورییەوە داخراون و ئەمەیش ڕاستەوخۆ کاریگەری کردووەتە سەر 141 هەزار کرێکار.
Primary Asset

سبەی

تەنها لە ماوەی ئەم 10 ساڵەی دواییدا 11 هەزار و 900 کۆمپانیا بە هۆی مایەپووچبوونەوە لە ئەڵمانیا کە گەشەکردووترین وڵاتی جیهانە لە ڕووی ئابوورییەوە؛ داخراون و ئەمەیش ڕاستەوخۆ کاریگەری کردووەتە سەر 141 هەزار کرێکار.

بەپێی ڕاپۆرتی دامەزراوەی چاودێریی ئابووریی Creditreform لە ماوەی ئەم 10 ساڵەی دواییدا مایەپووچبوونی کۆمپانیاکان لە ئەڵمانیا گەیشتووەتە لوتکە و 11 هەزار و 900 کۆمپانیا داخراون.

ئەمەیش ڕاستەوخۆ کاریگەری کردووەتە سەر 141 هەزار کرێکار کە لەو کۆمپانیایانە کاریان کردووە.

پاتریک ڵێدویگ هێنس، سەرۆکی ئابووریناسانی Creditreform ئاماژە بەوە دەدات هەرچەند هەندێک ئاماژەی هیوابەخش هەن، بەڵام ئەو قەیرانە قوڵەی ئابووریی بەرۆکی ئەڵمانیای گرتووەتەوە، بەردەوامە و ئەمەیش وایکردووە داوا و خواست لەسەر کاڵا و بەرهەمی کۆمپانیاکان کەم ببێتەوە.

بێبازاڕی بووەتە هۆی مایەپووچبوونی کۆمپانیاکان

بێبازاڕی ئابووری کە دوو ساڵە ئەڵمانیای گرتووەتەوە ڕۆڵێکی بەرچاوی هەیە لە مایەپووچبوونی کۆمپانیاکانی ئەم وڵاتە.

هەرچەند لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی لە ئەڵمانیا لە سەدا 0.2 زیادی کردووە، بەڵام داواکاری جیهانی لەسەر بەرهەمەکان و نادیاری سیاسەتی بازرگانی، کاریگەری نەرێنی کردووەتە سەر ئابووریی ئەو وڵاتە.

بەپێی دوایین ڕاپۆرتی دامەزراوەی ئابووریی Ifo چاوەڕوانییەکانی هەناردەکەرانی ئەڵمانیا ئەم مانگە کەمی کردووە. ئەگەری چوونە ناو شەڕی بازرگانییش لەگەڵ ئەمەریکا، چاوەڕوانییەکانی هەناردەکردنی کاڵا و بەرهەمی ئەڵمانی لاواز کردووە.

باجی گومرگی ئەمەریکا

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە سەرەتای ئەمساڵەوە بڕیاری سەپاندی باجی گومرگیدا بە ڕێژەی لە سەدا 20 بەسەر ستیل و ئەلەمنیۆم و لە سەدا 25 بەسەر ئۆتۆمبێلی بەرهەمهێندراو لە وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا.

دوای هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوە لە لایەن یەکێتیی ئەوروپاوە، هەرچەند زۆربەی ئەو باجانە بۆ ماوەی 90 ڕۆژ هەڵپەسێردران، بەڵام سەپاندنی پێناسی گومرگی بە ڕێژەی لە سەدا 10 و باجی ئامانجدار بە ڕێژەی لە سەدا 25 بەردەوام بوو.

کڵاوس وڵڕێب، سەرۆکی بەشی ڕاپۆرتەکان لە دامەزراوەی Ifo بە ئاماژەدان بەوەی هەڕەشەی ئەمەریکا بۆ سەپاندنی باجی گومرگی بەردەوامە، دەڵێت: "هێشتا یەکێتیی ئەوروپا و ئەمەریکا نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن لەمبارەیەوە".

ساڵی ڕابردوو قەبارەی بازرگانیی نێوان ئەڵمانیا لەگەڵ ئەمەریکا کە گەورەترین هاوبەشی بازرگانییەتی، گەیشتە 253 ملیار یۆرۆ. 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی