سبەی
زانکۆی تەکنەلۆژیای بەرگریی نیشتمانی لە چین جۆرە درۆنێکی نوێی دروست کردووە هەر هێندەی مێشوولەیەک دەبێت.
ئەم جۆرە درۆنە کە هەر هێندەی دەنکە بەزالیایەک دەبێت و دوو باڵی هەیە و 1.3 سانتیمەتر دەبێت، ئەوەندە بچووکە بە حاڵ بەچاو دەبیندرێت.
ئەندامێکی تیمی دروستکردنی درۆنەکە بە میدیاکانی چینی ڕاگەیاندووە کە ئەم جۆرە درۆنە بۆ دۆزینەوەی ئامانج و ئەنجامدانی ئەرکی تایبەت لە گۆڕەپانی شەڕدا زۆر گونجاوە.
پسپۆڕان ئاماژە بەوە دەدەن هەرچەند ئەم جۆرە درۆنە بۆ ئامانجی سەربازییش دروست کراوە، بەڵام دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگ بگێڕێت بۆ چاودێریکردنی ژینگە و بواری پزیشکی و ڕێگەگرتن لە ڕوودانی کارەساتە سروستییەکان.
میدیای دەوڵەتی چینی جگە لەو درۆنە بچوکە، هەروەها ناساندنی بۆ جۆرێکی دیکەی درۆنێکی سەربازی کردووە کە چوار باڵی هەیە و بە مۆبایلی زیرەک جڵەو دەکرێت و دەتواندرێت گوللەتۆپی 155 میلیمەتری پێ ئاراستە بکرێت.
ئەم جۆرە درۆنە چوار باڵە دەتوانێت لە چرکەساتێکدا گوللەتۆپ بۆ دووری 10 کیلۆمەتر ئاراستە بکات.
هێشتا تایبەتمەندییە تەکنیکییەکانی درۆنەکە نازاندرێن
هێشتا نازاندرێت تێچووی ئەم درۆنە بچکۆلانەیە چەندە، پاتریییەکەی چەند بەرگە دەگرێت و دەتواندرێت چەند لە ئاسمان بمێنێتەوە.
بەڵام ئەم داهێنانەی چین دەری دەخات، ئەو وڵاتە بە چ خێراییەک لە پێشکەوتنەکانی پیشەسازیی بەرگریی وڵاتانی خۆرئاوا نزیک دەبێتەوە.
ماوەی فڕینی درۆنە ئەمەریکییەکانی وەک Teledyne Black Hornet 4 و Vantage Robotics Trace نزیکەی 30 خولەکە، بەڵام قەبارەی ئەوان بە ئینج دەپێورێت نەک بە سانتیمەتر.
هێشتا نازاندرێت چ کاتێک ئەم جۆرە درۆنە بچکۆلانەیەی چین لەگەڵ سیستەمی بەرگریی سوپای چین دەگونجێندرێت. بەڵام ئەگەری زۆرە ساڵی داهاتوو دەست بە بەکارهێنانی ئەو درۆنە بکرێت لە لایەن سوپای چینەوە.