زیادکردنی ئیمۆجی ئاڵای کوردستان بە ئەستەم دەزانرێت بەڵام بۆكان جاف دەڵێت، "كارەكەم نهێنی تێدایە"

یەک ساڵ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش یەک ساڵ نوێ کراوەتەوە
زانیار بەهادین
Primary Asset

بەرپرسێكی فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاری زیادکردنی ئیمۆجی ئاڵای کوردستان بۆ کیبۆردەكان بە ئەستەم دەزانێت و بۆكان جافیش دەڵێت، “ئەو كارە نهێنی تێدایە و ناتوانم ئێستا ئاشکرایان بکەم”.

هاوكات لەگەڵ ئەوەی گەنجێکی پارێزگای هەڵەبجە بە ناوی بۆکان جاف هەڵمەتێك بۆ زیادكردنی ئیمۆجی ئاڵای کوردستان بۆ كیبۆردەكان دەستپێدەكات، بەڵام بەرپرسی گەشەپێدانی دیجیتاڵی لە فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو كارە بە ئەستەم دەزانێت. لەبەرامبەریشدا بۆكان سورە لەسەر هەنگاوەكەی و دەڵێت، “کۆمەڵێک زانیاری و نهێنی لە کارەکەمدا هەیە کە ناتوانم ئێستا ئاشکرایان بکەم".

بروسک ئاوات بەرپرسی گەشەپێدانی دیجیتاڵی لە فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، ئەستەمە بتوانرێت ئیمۆجی ئاڵای کوردستان بۆ کیبۆردەكان زیاد بكرێت و جەختی لەوەش كردەوە كە پێشتر چەند جارێك هەوڵی ئەو كارەیان داوە بەڵام بێ ئەنجام بووە. وتیشی، "تەنها دوو ڕێگە هەیە بۆ ئەو كارە، یەکێکیان داواکاری حکومەتی عێراقە، ئەوی دیکەشیان پەنابردنە بۆ کۆمپانیاکان". ئەگەرچی دامەزرێنەری کۆمەڵەی گوگڵ کراودسۆرس سورە لەسەر بەکارهێنانی ئیمۆجی ئاڵای تاجیکستان بەڵام بەڕێوەبەری کۆمپانیایەکی تەکنەلۆژی دەڵێت،" هەوڵەکە بێ ئەنجامە".

هەڵمەتی بڵاوکردنەوەی ئیمۆجی ئاڵای تاجیکستان

لە 24 کاتژمێری ڕابردوو هەڵمەتێک بۆ زیادکردنی ئیمۆجی ئاڵای کوردستان لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان دەستیپێکردوە، هەڵمەتەکە لەسەر پێشنیاز و داواکاری گەنجێکی پارێزگای هەڵەبجەیە بە ناوی بۆکان جاف. 

ئەم گەنجە کە دامەزرێنەری کۆمەڵەی گوگڵ کراودسۆرسە، پێشتر لە زیادکردنی زمانی کوردیی ناوەندیی بۆ وەرگێڕانی گوگڵ ڕۆڵی هەبووە و ئێستاش داوای لە هاوڵاتییان کردووە،" لە کۆمێنت و پۆستەکانیان ئاڵای تاجیکستان دابنێن". 

ئەگەرچی هەڵمەتەکە پێشوازییەکی فروانی لەلایەن هاوڵاتییان و بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە لێکراوە بەڵام هێشتا بەباتەکە جێگەی مشتومڕە و فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاری هەرێمی کوردستان بە دوری دەزانێت بتوانرێت لەو ڕێگەیەوە ئیمۆجی ئاڵای کوردستان لە کیبۆرد زیاد بکرێت.

فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاری هەرێمی کوردستان بۆ سبەی: زیادکردنی ئیمۆجی ئاڵای کوردستان بۆ کیبۆرد ئەستەمە

دوو ساڵی ڕابردوو فەرمانگەکە لەگەڵ دامەزراوەی یونیکۆد لەسەر زیادکردنی ئیمۆجی ئاڵای کوردستان گفتوگۆی کردووە بەڵام هەوڵەکە بێ ئەنجام بووە، بروسک ئاوات بەرپرسی گەشەپێدانی دیجیتاڵی لە فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند،" ئەستەمە بتوانرێت ئیمۆجی ئاڵای کوردستان زیاد بکرێت". 

زیادکردنی ئیمۆجی ئاڵا لەلایەن دامەزراوەی یونیکۆد کۆدەوە دەکرێت، کە دامەزراوەیەکی بێلایەنە و ئامانجیان بەجیهانیکردنی سۆفتوێر و خزمەتگوزارییەکانە. بەشێوەیەکی گشتی ئیمۆجیی ئاڵا بۆ ئەو شوێنانە دادەنێن کە وڵاتێکی سەربەخۆن، بۆ هەرێم، ویلایەت و ناوچەکان ئیمۆجیی تایبەت دروست ناکەن. 

بروسک ئاوات ڕونیکردەوە،‏ "هەر لایەنێک خاوەنی کۆدی ISOـی 1-3166 بێت، خودکارانە دەبێتە خاوەنی ئاڵا بەڵام کوردستان ئەو کۆدەی نییە، کوردستان خاوەنی جۆرێکی تری کۆدە کە پێی دەوترێت 2-3166 کە کۆدی هەرێم و ویلایەتەکانە و ‏دامەزراوەی یونیکۆد زۆر بەڕوونی نووسیویەتی کە ئەوانەی خاوەنی ئەو کۆدەن با هیچ پێشنیارێک بۆ ئاڵا پێشکەش نەکەن لە نێویاندا کورستان، یونیکۆد چیتر پێشنیارەکان سەبارەت بە ئاڵا قبوڵ ناکات".

لەبارەی بەشێک لەو هەرێمانەی کە هەن و ئیمۆجی ئاڵایان هەیە، بروسک ئاوات بەرپرسی گەشەپێدانی دیجیتاڵی لە فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان وتی،" ئەو هەرێمانە جۆرێک لە سەربەخۆییان هەیە بۆ نمونە وێڵز، هەروەها ئەوان پێش بڕیارەکانی یونیکۆد ئیمۆجی ئاڵاکانیان زیادکراوە". 

بۆ زیادكردنی ئیمۆجی ئاڵا، دوو ڕێگە لە بەردەم هەرێمی کوردستانە

بەرپرسی گەشەپێدانی دیجیتاڵی لە فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بروسک ئاوات ئەوەشی خستەڕوو، " دوو ڕێگە لە بەردەم کوردستاندا هەن تا ئیمۆجی ئاڵاکەی زیاد بکات، یەکێکیان ئەوەیە بچێتە کۆمپانیاکانی وەکو ئەپڵ و سامسۆنگ و گوگڵ داوا بکات لەسەر ئامێرەکانیان ئیمۆجییەکە زیاد بکەن، کە ئەوەش هەر نیمچە مەحاڵە لەبەر زۆر هۆکار، یاخود حکومەتی عێراقی ڕەزامەندی دەرببڕێت کۆدی ISOـی 1-3166 بە هەرێمی کوردستان بدرێت تا یونیکۆد ئیمۆجی ئاڵای کوردستان زیاد بکات، ئەوەش بە هۆکارە سیاسییەکان کارێکی مەحاڵە و چاوەڕوان ناکرێت عێراق کارێکی لەو شێوەیە قبوڵ بکات".

یونیکۆد لەسەر ئاستی جیهان خاوەنی کیبۆردی تایبەتە، ئەگەرچی کیبۆردی زمانی کوردی لە یونیکۆد هەیە بەڵام ئەو کیبۆردە بە فەرمی یونیکۆد زیادی نەکردووە، بەڵکو بنچینەی کیبۆردەکە زمانی فارسییە و لەلایەن چەند شارەزایەکی تەکنەلۆژی کوردەوە کۆدەکان گۆڕاون و کراونەتە کوردی.

ئامانج عەلی بەڕێوەبەری کۆمپانیای کلیک بۆ تەکنەلۆژیا بە دوری زانی هەڵمەتی بڵاوکردنەوەی ئاڵای تاجیکستان کاریگەری لەسەر زیادکردنی ئیمۆجی ئاڵای کوردستان هەبێت، ئەو بە "سبەی" وت، " ئەو کارە لە ڕێگەی کۆدی ISOوە دەکرێت، هەروەها دەبێت حکومەت و دامەزراوە فەرمییەکان داواکارییەکان پێشکەشی دامەزراوەی یونیکۆد بکەن".

بۆکان جاف سورە لەسەر هەڵمەتەکەی

ئەگەرچی بەرپرسی گەشەپێدانی دیجیتاڵی لە فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان و شارەزایانی تەکنەلۆژی هەڵمەتەکە بەبێ ئەنجام ناودەهێنن، بەڵام بۆکان جاف ڕێکخەری هەڵمەتەکە سورە لەسەر بڵاوکردنەوەی ئیمۆجی ئاڵای تاجیکستان لە پێناو زیادکردنی ئیمۆجی ئاڵای کوردستان.

بۆکان جاف بە "سبەی" وت،" لە چەند کەناڵێکی ناڕاستەوخۆوە توانیویەتی لەگەڵ یونیکۆد بگەنە لێکتێگەشتنێکی زارەکی تا ئیمۆجی ئاڵای کوردستان لەسەر کیبۆرد زیاد بکرێت". وەک خۆی وتی، "کۆمەڵێک زانیاری و نهێنی لە کارەکەمدا هەیە کە ناتوانم ئێستا ئاشکرایان بکەم".

هەڵمەتی بڵاوکردنەوەی ئیمۆجی ئاڵای تاجیکستان لە رۆژی 21ـی ئازاری 2024 دەستپێکردووە، بڕیارە تا 21ـی نیسانی 2024 بەردەوام بێت. لەسەر هۆکاری هەڵبژاردنی ئاڵای تاجیکستان بۆکان جاف ئاماژەی بۆ ئەوەکرد،" رەنگەکانی ئاڵای ئەو وڵاتە لە ئاڵای کوردستانەوە نزیکە، بۆیە ئەوە وەکو ئاماژەیەکە بۆ بەرپرسانی یونیکۆد کە داواکارییەکی زۆر بۆ دانانی ئاڵای کوردستان هەیە، دوای تەواوبوونی مانگەکە واتە لە دوای 21ـی نیسانی 2024 ژمارەی بەکارهێنەرانی ئاڵای تاجیکستان کۆدەکرێنەوە و لەسەر ئەو بنەمایە بڕیار دەدرێت". 

ئاڵاکەی قوباد تاڵەبانیش دروست نەکراوە

رۆژی 3ـی نیسانی 2022، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە تویتێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر(ئێکس) بڵاویکردەوە، ”چەند ساڵێك پێش ئێستا، بەڵێنم دا ئاڵای کوردستان وەك ئیمۆجیەك دروست بكەم، ئەمڕۆ هەنگاوێکی گەورەمان بەرەو ئەو ئامانجە هەڵگرتووە، سیستمی ئای ئۆ ئێس بە فەرمی هەرێمی کوردستانی ناسیوە ئەم ناسینەوەش یارمەتی پڕۆسەی دیجیتاڵیزەکردنی حکومەتەکانمان دەدات، لەوانە پشتگیری بۆ بازرگانی ئەلیکترۆنی، خزمەتگوزاری پۆستەی ئەلیكترۆنی  و خزمەتگوزاری بانكی”.

ئەگەرچی 11 ڕۆژی دیکە دوو ساڵ بەسەر بەڵێنەکەی قوباد تاڵەبانیدا تێپەڕدەبێت بەڵام هێشتا ئاڵای کوردستان لە سیسمتی ئای ئۆ ئێس زیاد نەکراوە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی