کوڕەکەی ئەربەکان تۆڵەی باوکی لە ئەردۆغان کردەوە

#ئەردۆغان#فاتیح ئەربەکان#هەڵبژاردنی شارەوانییەکان
یەک ساڵ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش یەک ساڵ نوێ کراوەتەوە
پوختە :
  • ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە تورکیا و باکوری کوردستان بە جۆرێکە، پێشتر چاودێرانی سیاسی هەرگیز مەزەندەیان نەکردوە.
Primary Asset

وێنەی ئەردۆغان و فاتیح ئەربەکان لە کاتی تۆقەکردندا، وێنە میدیاکان

سبەی

ئەگەرچی زۆرینەی پێشبینییەکان بەو ئاڕاستەیە بوون،  ژمارەیەکی بەرچاو لە دەنگدەرانی تۆراوی ئاک پارتی بۆ ئەم هەڵبژاردنە دەنگ بە پارتیی سەرلەنوێ ڕەفاهـ دەدەن، بەڵام ئەنجامەکان زۆر لە سەروی پێشبینی و چاوەڕوانییەکانەوە بوون، بە جۆرێکن نەک هەر بووەتە هۆی ئەوەی هەریەک لە پارێزگاکانی ڕوها (ئورفا) و یۆزگات لە دەست ئاک پارتییەوە بکەونە دەستی پارتی سەرلەنوێ ڕەفاه، بەڵکوو ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبووە بۆ ئەوەی جەهەپە لە چەندین شوێن  پێش ئاک پارتییش بکەوێت.

ئەوەی بوەتە جێگای سەرسوڕمان ئەوەیە پێشتر چاودێران مەزەندەی ئەوەیان دەکرد جیابونەوەی عەلی باباجان و ئەحمەد داودئۆغڵو لە ئاک پارتی و دروستکردنی حزب، ژمارەیەکی بەرچاو دەنگ لە ئاک پارتی دەبات، بەڵام ئەوە نەبیندرا.

هەرچەند پارتیی سەرلەنوێ ڕەفاه کە فاتیح'ی کوڕی نەجمەدین ئەربەکان سەرۆکی گشتییەتی لە ئاک پارتی جیا نەبوەتەوە، بەڵام خۆی بە میراتگری سیاسی ئەربەکانی باوک دەزانێت و پاشخانی سیاسی و ئایدۆلۆژی هەردوو حزبەکە بۆ یەک سەرچاوە دەگەڕێتەوە کە پارتیی ڕەفاهە و دوای داخستنیشی لەسەر هەمان هێڵی سیاسی حزبێکی دیکە دامەزرێندرا بە ناوی فەزیڵەت کە پاشان ئاک پارتی لێی جیابۆوە.

لە کاتێکدا هێشتا ساڵێک تێنەپەڕیوە بەسەر هەڵبژاردنە گشتییەکان و هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆمار لە تورکیا، کە ئاک پارتی توانی بە هاوپەیمانێتیکردن لەگەڵ ژمارەیەک حزب لە یەکێک لەوان پارتی سەرلەنوێ ڕەفاهـ بوو بۆ جارێکی دیکە ببێتەوە بە براوەی یەکەم، کەچی بەپێی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان و جیاکردنەوەی لە سەدا 45.10ی دەنگەکان دەردەکەوێت، جەهەپە توانیویەتی ببێتە براوەی یەکەم لە سەرتاسەری تورکیا و لە سەدا 38.93ی دەنگەکان و ئاک پارتییش لە سەدا 37.38ی دەنگەکانی بەدەست هێناوە. بەم جۆرەیش جەهەپە 14 گەورەشار و 21 پارێزگا و ئاک پارتییش 12 گەورەشار و 13 پارێزگای بەدەست هێناوە.

بەپێی ئەو ئەنجامانە دەم پارتی لە سەدا 5.79 و پارتیی سەرلەنوێ ڕەفاهیش لە سەدا 5.10ی دەنگەکانی بەدەست هێناوە.

 

 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی