
سبه‌ی
له ئاكامی هێرشێكی ئاسمانی سوپای ئیسرائیل‌دا شه‌ش چه‌كداری دیكه‌ی حزبوڵڵای لوبنان و بزوتنه‌وه‌ی ئه‌مه‌لی هاوپه‌یمانی كوژران.
له ده‌ستپێكی شه‌ڕی غه‌ززه له حه‌وتی تشرینی یه‌كه‌می 2023ـه‌وه پێكدادانی چه‌كداری له نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵا به شێوه‌ی پچڕ پچڕ به‌رده‌وامه.
دوێنێ هه‌ینی، حزبوڵڵا ئاشكرای كرد، كه چه‌كدارێكی دیكه‌ی له "ڕێگه‌ی قودس"دا كوژراوه.
گروپه‌كانی به‌ره‌ی "مقاوه‌مه" بۆ كوژراوه‌كانیان وه‌ك ستایشێك ده‌نووسین له "ڕێگه‌ی قودس" كوژرا.
ته‌نیا دوێنێ هه‌ینی، سێ چه‌كداری حزبوڵڵا له ئاكامی بۆردومانی فڕۆكه ئیسرائیلییه‌كان له ناوچه‌كانی باشوری لوبنان، كه هاوسنوره له‌گه‌ڵ باكووری ئیسرائیل كوژراون.
هاوكات بزوتنه‌وه‌ی ئه‌مه‌ل، كه نه‌بیه بری، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی لوبنانی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات و هاوپه‌یمانی حزبوڵڵایه، ڕایگه‌یاند، سێ چه‌كداری بزوتنه‌وه‌كه كوژراون.
سوپای ئیسرائیل له به‌یاننامه‌یه‌كدا ڕایگه‌یاند، هه‌ینی هێرشیان كردووه‌ته سه‌ر بنكه‌یه‌كی سه‌ربازی بزوتنه‌وه‌ی ئه‌مه‌ل و سه‌رجه‌م ئاماده‌بووانی بنكه‌كه كراونه‌ته ئامانج.
ئیسرائیل، باسی له‌وه‌شكردووه، ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه پلانی داناوه هێرش بكاته سه‌ر ئیسرائیل، بۆیه بنكه‌كه‌یان كراوه‌ته ئامانج.
هه‌روه‌ها ئه‌فیخای ئه‌دره‌عی، وته‌بێژی سوپای ئیسرائیل بۆ میدیای عه‌ره‌بی، ڕایگه‌یاند، فڕۆكه ئیسرائیلییه‌كان بنكه‌یه‌كی حزبوڵڵایان له ناوچه‌ی عیتا شه‌عب له باشوری لوبنان بۆردومان كردووه.
له ده‌ستپێكی شه‌ڕی غه‌ززه‌وه 356 لوبنانی له ئاكامی بۆردومانی ئیسرائیل كوژراون. له‌و ژماره‌یه 235یان چه‌كداری حزبوڵڵا و 15یان چه‌كداری بزوتنه‌وه‌ی ئه‌مه‌ل و 68 كه‌سیان مه‌ده‌نی بوون.
له به‌رامبه‌ردا 10 سه‌ربازی ئیسرائیل و 8 مه‌ده‌نی له ناوچه‌كانی سنوری ئیسرائیل كوژراون.
