بەڕیتانیا.. ئەمڕۆ هەڵبژاردنى شارەوانییەکان بەڕێوەدەچێت

#
یەک ساڵ لەمەوپێش
کۆشان علی
Primary Asset

ڕیشى سوناک، سەرۆک وەزیرانى بەڕیتانیا لەناو لایەنگرانی حزبەکەی

سبەی

ئەمڕۆ هەڵبژاردنى ئەنجومەنى شارەوانییەکانى بەڕیتانیا بەڕێوەدەچێت، پێشبینى دەکرێت کە پارتى پارێزگارانى دەسەڵاتدار لە نزیکەى 1000 کورسى ئەنجومەنى شارەوانییەکان، نیوەى کورسییەکانى خۆى لەدەست بدات بەوهۆیەشەوە چارەنووسى ڕیشى سوناک، سەرۆک وەزیرانى بەڕیتانیا، دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە.

لە هەڵبژاردنەکەدا ڕکابەرى لەسەر 2,600 کورسى 107 شارەوانى دەکرێت، ئەو هەڵبژاردنەش پێشبینى دەخاتەڕوو لەبارەى پێگەى جەماوەرى پارتى دەسەڵاتدار.

کیە ستامە، سەرۆکى پارتى کرێکارانى ئۆپۆزسیۆن، ڕایگەیاند خەڵکى چانسى ئەوەیان هەیە کە دەنگ بە گۆڕانکارى بدەن، کۆتایى بەدەسەڵاتى 14 ساڵ پاشەکشە بهێنن.

لەگەڵ هەڵبژاردنى شارەوانییەکاندا ڕکابەرى دەکرێت لەسەر هەڵبژاردنى بەرپرسانى 37 بنکەى پۆلیس و ڕووبەڕوو بوونەوەى تاوان لە ئینگڵتەرا و وەیڵز. بەڵام هەڵبژاردنەکان سکۆتلەندا و ئێرلەنداى باکوور ناگرێتەوە، هەروەها هەڵبژاردنى شارەوانییەکان لە وەیڵز بەڕێوەناچن.

لەلایەکى دیکەوە هەڵبژاردن لەسەر یەک کورسى پەرلەمان لە باشوورى بلاکپوڵ بەڕێوەدەچێت، ئەمەش دوابەدواى دەستلەکارکێشانەوەى پەرلەمانتارێکى دەسەڵات، کە لە 2019دا بەسەر ڕکابەرەکەیدا لە ئۆپۆزسیۆن سەرکەوت. لەئێستادا، پارتى ئۆپۆزسیۆن هیوادارە ئەو کورسیە بباتەوە.

ئەنجامدانى ئەو هەڵبژاردنە لەکاتێکدایە کە لە ئایارى 2021دا، پارتى پارێزگاران بە سەرۆکایەتى بۆرس جۆنسن زۆرترین کورسى بەدەستهێنا و ڕیکۆردێکى نوێى تۆمارکرد لەدواى ساڵى 2008.

لەم هەڵبژاردنەدا عومدەى لەندەن، سادیق خان، کاندیدى پارتى کرێکاران، هەوڵدەدات بۆ جارى سێیەم کورسییەکەى مسۆگەر بکات، بەپێى ڕاپرسى کۆمپانیاى یوگەڤ کاندیدەکەى کرێکاران بە 22 پۆینت لەپێشەوەى سوزان هاڵى کاندیدى پارێزگارانەوە دێت.

پێشبینى دەکرێت ئەگەر دەرەنجامەکانى ئەم هەڵبژاردنە وەکو پێویست نەبێت، ئەوا سوناک لە سەرۆکایەتى پارتى پارێزگاران و بەوشێوەیەش لە پۆستى سەرۆکوەزیران دووربخرێتەوە.

ئەگەرچى کێمى بادەنۆچ، وەزیرى بازرگانى، وەکو ڕکابەرێکى سوناک باس دەکرێت، بەڵام لە لێدوانێکدا هەوڵى لەوشێوەی رەتکردەوە.

لەپاش ئەم هەڵبژاردنەوە، پێشبینى دەکرێت لەماوەى داهاتوودا سەرۆکوەزیرانى بەڕیتانیا کاتێک دیاری بکات بۆ بەڕێوەچوونى هەڵبژاردنى گشتیى بەڕیتانیا، لەکاتێکدا لەکۆتایى مانگى کانوونى دووەمى ساڵى داهاتوو ماوەى یاسایى پەرلەمانى بەڕیتانیا کۆتایى دێت. 

 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی