سێ هاوڵاتیی تورکیا سوپای ئەمەریکایان هەڵخەڵەتاندووە و سەدان هەزار دۆلاریان بەدەست هێناوە

#ئەمریکا#هەڵخەڵەتاندن#سوپای ئەمەریکا#تانک#ژێردەریایی#کەشتیی فڕۆکەهەڵگر
2 مانگ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 2 مانگ نوێ کراوەتەوە
ڕاماڵ خونچە
پوختە :
  • سێ هاوڵاتیی تورکیا لە ڕێگای ساختەکردنی بەڵگەنامەوە پارچەکانی کەشتیی فڕۆکەهەڵگر، ژێردەریایی، زرێپۆش و تانکی ئابرامزیان لە تورکیا بەرهەم هێناون و بە سوپای ئەمەریکایان فرۆشتون. لەو کارەدا زیاتر لە 250 هەزار دۆلاریان دەست کەوتوە و دەرکەوتوە پارچەکان بەپێی ستاندەر نین و لەگەڵ سیستەمی بەرگریی ئەمریکادا ناگونجێن.
Primary Asset

وێنە: سۆزجو

سبەی

مدیای سۆزجو بڵاوی کردەوە ئەو کۆمپانیایەی لە لایەن هاوڵاتییەکی تورکیا بە ناوی یوکسەل شەنبۆڵ'ی تەمەن 36 ساڵ لە ئەمەریکا دامەزرێندراوە چەندین پارچەی ئامێرە سەربازییەکانی بە سوپای ئەمەریکا فرۆشتوە کە بەهاکەی زیاترە لە 250 هەزار دۆلار. دوای لێکۆڵینەوە لە پارچەکان دەرکەوتوە بەپێی ستاندەر نین، لە تورکیا بەرهەم هێندراون و بە ڕێگای نایاسایی هێندراونەتە ئەمەریکا.

هەریەک لە بەرپرسانی کۆمپانیای  Mason Engineering Parts LLC کە بارەگاکەی لە ویلایەتی فلۆریدایە یوکسەل شەنبۆڵ، محەمەد ئۆزجان و ئۆنور شیمشەک، بۆ فرۆشتنی کەلوپەلی ئامێری سەربازی بە ئەمەریکا بەڵگەی فەرمییان ساختە کردوە.

دوای پەسەندکردنی بەڵگە ساختەکراوەکە هەرسێکیان دەستیان کردوە بە بەرهەمهێنانی پارچەکانی کەشتیی فڕۆکەهەڵگر، ژێردەریایی، زرێپۆش و تانکی ئابرامز لە تورکیا.

ئەم بازرگانییە لە نیسانی 2019ەوە دەستی پێ کردووە و چەندین مانگی خایاندوە، بەپێی زانیارییەکانی میدیای سۆزجو کۆمپانیاکە لەو ڕێگەیەوە زیاتر لە 250 هەزار دۆلاری بەدەست هێناوە.

وەزارەتی دادی ئەمەریکا ڕایگەیاندووە شیمشەک و ئۆزجان پارچەکانیان لە تورکیا بەرهەم هێناوە و بۆ شەنگبۆڵیان ناردوە لە ئەمەریکا. شەنبۆڵیش ئەو نوسینانەی لەسەر پارچەکان لابردوە کە ئاماژە بەوە دراوە لە تورکیاوە هێندراون و پارچەکانی ڕادەستی سوپای ئەمەریکای کردون.

ئەو بڕە پارەیەی لە بەرامبەر فرۆشتنی ئەو پارچانەیش وەرگیراوە، بە شێوەیەکی فەرمی ڕەوانەی تورکیا کراوە.

پارچەکان تێست کران و دەرکەوتوە کوالێتیان وەک پێویست نییە

لای خۆیەوە لایەنە پەیوەندیدارەکانی سوپای ئەمەریکا گومانی لە پارچەکان کردوە و تێستی کردون. لە ئەنجامدا دەرکەوتوە کوالێتییەکەیان لە ئاستی پێویستدا نییە و نەگونجانی ئەو پارچانەیش جۆرێک بووە کە کاریگەری کردوەتە سەر تەواوی سیستەمی بەرگری.

تۆمەتبار یوکسەل شەنبۆڵ ڕایگەیاندوە ئەو ئاگاداری ئەو پارچانە نییە، بەڵکوو محەمەد ئۆزجان و ئۆنور شیمشەک لەوە بەرپرسن.

یوکسەل شەنبۆڵ ئاماژەی بەوە داوە کە ئاگادارە لەوەی بازرگانییەکە 250 هەزار دۆلاری تێپەڕاندوە، باسی لەوە کردوە کە پارەکەی بۆ تورکیا ڕەوانە کردوەتەوە و هیچ قازانجێکی لەوە دەست نەکەوتوە.

FBI هاتۆتە سەر هێڵ

نوسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵی FBI هاتۆتە سەر هێڵ لەسەر دۆسیەکە کە داوا دەکرێت بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانەکانی وەک "هەڵخەڵەتاندنی دامەزراوە فەرمییەکانی ئەمەریکا" و "پیلانگێڕی و گواستنەوەی پارە بە شێوەی نایاسایی" یوکسەل شەنبۆڵ بە زیاتر لە 150 ساڵ زیندانیکردن سزا بدرێت.

چاوەڕێ دەکرێت سزادانی شەنبۆڵ لە 6ی ئاب ڕابگەیەندرێت و ئاماژە بەوە دەدرێت دوو تۆمەتبارەکەی دیکە لە تورکیان.

بگەرێ لە سبەی
    2024 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی