توێژینەوەیەک، زانیارییەکی نوێ لەبارەی دروستکردنی هەڕەمەکانی میسرەوە ئاشکرادەکات

#هەڕەمەکانی میسر#ڕوباری نیل#دروستکردن#توێژینەوە
2 مانگ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 2 مانگ نوێ کراوەتەوە
ڕاماڵ خونچە
پوختە :
  • لە توێژینەوەیەکی نێودەوڵەتیدا کە لەلایەن زانکۆی کالۆرینای باکور لە وێڵمنتن ئەنجامدراوە، سەرنج خراوەتە سەر ئەوەی لەوانەیە هەڕەمەکانی میسر بە هۆی نزیکییان لە لقێکی ڕوباری نیلەوە -کە زۆر لەمێژە ون بووە- دروست کرابن.
Primary Asset

وێنە: میدیاکان

سبەی

زانایان بە دوری نازانن نهێنییەکانی چۆنێتی دروستکردنی 31 هەڕەمی میسریان بۆ ئاشکرا بووبێت کە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی چوار هەزار ساڵ لەمەوبەر.

بەپێی توێژینەوە نوێیەکە لەوانەیە هەڕەمەکانی میسر بە هۆی لقێکی ڕوباری نیلەوە کە ماوەیەکی زۆر ون بووە دروست کرابن. ئێستا ئەو لقەی ڕوبارەکە کەوتوەتە ژێر بیابان و زەویی کشتوکاڵی.

چەندین ساڵە شوێنەوارناسان ئاماژە بەوە دەدەن ئەو خشتانە و پێداویستییانەی دیکەی لە دروستکردنی هەڕەمەکاندا بەکار هێندراون لەوانەیە لە سەر ڕێگایەکی ئاوییەوە بردرابنە ئەوێ. 

ئەندام لە تیمی توێژینەوەکە، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئێمان گۆنیم لەمبارەیەوە دەڵێت: "بەڵام تاکوو ئێستا هیچ کەسێک شوێن، شێوە و قەبارە و دوری و نزیکی ڕێگا ئاوییەکەی لە هەڕەمەکانەوە نەدەزانی".

بی بی سی بڵاوی کردوەتەوە زانایان بە مەبەستی دروستکردنی نەخشەیەک بۆ ئەو لقە ونبووەی ڕوباری نیل چەندین تەکنیکی وەک گرتەکانی ڕادارەکانی مانگی دەستکرد، نەخشە مێژوییەکان، هەڵسەنگاندنە جیۆفیزیکییەکان و ڕێبازی شوێنەوارناسەکان بۆ دۆزینەوەی پاشماوەکانیان بەکار هێناوە.

مەزەندە دەکرێت ئەو لقەی ڕوبارەکە هەزاران ساڵ لەمەوبەر بە هۆی وشکەساڵیی ئێجگار زۆر و خۆڵبارانی چڕەوە دیار نەمابێت. 

لە ڕێگای بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای ڕادارەوە توێژەران بۆیان دەرکەوتوە ئەو خۆڵەی بە چڕی باریوە ڕوی لقی ڕوبارەکەی داپۆشیوە و چین چین لەسەر لقەکە نیشتووە.

وێنە: دەیلی مەیل

ئێمان گۆنیم سەرنجی خستوەتە سەر ئەوەی کە لە نزیک هەڕەمەکان لقی ڕوبار و شوێنەواری مێژووییان دۆزیونەتەوە کە داپۆشراون.

ئەندام لە تیمی توێژینەوەکە سوزێن ئانستین بە بی بی سی ڕاگەیاندوە: "دۆزینەوەی شوێنی لقی ڕوبارەکە و دەستکەوتنی زانیاری بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت کە ڕێگایەکی ئاوی لەوێ هەبووە کرێکاران لەوێوە پێداویستییەکانی دروستکردنی هەڕەمەکانیان گواستوەتەوە، ڕۆڵێکی زۆر گرنگ دەگێڕێت بۆ ئەوەی بزانین هەڕەمەکان چۆن دروست کراون".

مەزەندە دەکرێت درێژی ئەو لقەی ڕوباری نیل کە ناوی لێ ندراوە ئەهرامات (هەڕەمەکان) نزیکەی 64 کیلۆمەتر و پانایییەکەیشی 200-700 مەتر بووبێت.

شوێنی لقە ڕوبارەکەیش ڕێک هاوسنوری ئەو 31 هەڕەمەیە کە نزیکەی 4700 بۆ 3700 ساڵ لەمەوبەر دروست کراون.

دۆزینەوەی ئەو لقە ونبووەی ڕوباری نیل، وەڵامی پرسیاری ئەوەیش دەدەنەوە کە بۆچی هەڕەمەکان بە چڕی لە نێوان گیزە و ناوچەی ئەللیشت کە ئێستا دەکەوێتە بیابانی سەحرا دروست کراون. 

لە توێژینەوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە نزیکی ڕوبارەکە لە هەڕەمەکان دەرخەری ئەوەیە لە کاتی دروستکردنی هەڕەمەکاندا ئەو لقەی ڕوباری نیل چالاک بووە.

ڕوباری نیل هاوشێوەی ئێستا، لە دێرزەمانەوە شادەماری ژیان بووە بۆ میسر. 

 

بگەرێ لە سبەی
    2024 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی