هه‌ردوو ئاڵای ئێران و ئه‌مه‌ریكا
سبه‌ی
ماڵپه‌ڕی "ئه‌كسیۆس" ئاشكرایكرد، هه‌فته‌ی ڕابردوو ئێران و ئه‌مه‌ریكا له ڕێگه‌ی چه‌ند به‌رپرسێكی باڵاوه له عومان (به نهێنی) كۆبوونه‌ته‌وه و وت‌ووێژیان كردووه بۆ به‌رگرتن له زیاتر په‌ره‌سه‌ندنی گرژییه‌كان و به‌ریه‌ككه‌وتن.
له لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه، برێت مه‌كگۆرك نوێنه‌ری سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا بۆ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا و ئه‌برام پێلی، ڕێكخه‌ری كاره‌كانی نێرده‌ی ئه‌مه‌ریكا بۆ كاروباری ئێران به‌شداریی وتووێژه‌كانیان كردووه، وه‌ك "ئه‌كسیۆس" له زاری سه‌رچاوه‌ی ئاگاداره‌وه بڵاویكردووه‌ته‌وه، به‌ڵام ناوی ئه‌ندامانی شاندی ئێران ئاشكرانه‌كراوه.
به‌پێی ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ی زانیارییه‌كانی بۆ "ئه‌كسیۆس" دركاندووه، هه‌ردوو شاند گفتوگۆیان بۆ ئه‌وه كردووه ڕێگری بكرێت له په‌ره‌سه‌ندنی هێرشه‌كان له ناوچه‌كه‌دا، دوای ئه‌وه‌ی مانگی ڕابردوو ئێران به سه‌دان درۆن و موشه‌ك هێرشیكرده‌سه‌ر ئیسرائیل.
ئه‌مه‌ریكییه‌كان له عومان ڕوونكردنه‌وه‌یان به ئێرانییه‌كان داوه كه "ڕه‌فتاری ئێران له ناوچه‌كه‌دا و ئه‌و گروپانه‌ی لێیه‌وه نزیكن" ده‌رئه‌نجامی ده‌بێت، هه‌روه‌ها نیگه‌رانیی واشنتنیان له‌باره‌ی به‌رنامه‌ی ئه‌تۆمیی ئێرانه‌وه گه‌یاندووه به شانده‌كه‌ی تاران.
كۆبوونه‌وه‌ی ئێرانی و ئه‌مه‌ریكییه‌كان له عومان، دوای هه‌فته‌یه‌ك بووه له لێدوانه‌كه‌ی كه‌مال خورازی ڕاوێژكاری عه‌لی خامنه‌یی ڕابه‌ری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران كه ڕایگه‌یاند، "ئێران ده‌توانێت چه‌كی ئه‌تۆمی دروستبكات و ئه‌گه‌ر له لایه‌ن ئیسرائیله‌وه بخرێینه مه‌ترسییه‌وه، به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی جیاوازمان ده‌بێت".
ڕاوێژكاره‌كه‌ی خامنه‌یی وتیشی، "تاران ناچارده‌بێت بیروباوه‌ڕی خۆی له بواری ئه‌تۆمیدا بگۆڕێت، ئه‌گه‌ر هه‌ست به مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شه له لایه‌ن ئیسرائیله‌وه بكات. بۆیه ئه‌گه‌ر ڕژێمی زایۆنی بوێرێت زیان به دامه‌زراوه‌ی ئه‌تۆمیی ئێران بگه‌یه‌نێت، ئه‌وا ئاستی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌مان جیاواز ده‌بێت".
مانگی نیسانی ڕابردوو، له كاردانه‌وه‌ی بۆردومانكردنی باڵیۆزخانه‌ی ئێران له دیمه‌شقی پایته‌ختی سوریا كه كوژرانی حه‌وت كاربه‌ده‌ست و ئه‌ندامی سوپای پاسدارانی لێكه‌وته‌وه، ئێران به نزیكه‌ی 300 درۆن و موشه‌ك هێرشیكرده‌سه‌ر ئیسرائیل، به‌بێ ئه‌وه‌ی زیانی گیانی به ئیسرائیلییه‌كان بگه‌یه‌نێت.
دوای ئه‌و ھێرشه، ئیسرائیل به چوار درۆن هێرشیكرده‌سه‌ر به‌شێك له دامه‌زراوه‌ی ئه‌تۆمیی ئێران و ڕایگه‌یاند، "زیانی به دامه‌زراوه‌كه و سیستمی به‌رگریی ئێران گه‌یاندووه". به‌ڵام ئێرانییه‌كان ڕه‌تیانكرده‌وه هێرشه‌كه زیانی گه‌یاندبێت و حوسێن ئه‌میر عه‌بدوڵڵاهیان وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران ئه‌وكات وتی، "درۆن نه‌بوون، به‌ڵكو له‌و یارییانه بوون كه به‌ده‌ست منداڵانی ئێرانه‌وه‌ن و یارییان پێده‌كه‌ن".
له كاتێكدا ناكۆكییه‌كانی نێوان ئێران و ئیسرائیل گه‌یشتبوونه ڕاده‌ی هێرشی درۆن و موشه‌ك، كاربه‌ده‌ستانی ئێران "زانیارییه‌كی چاوه‌ڕواننه‌كراو"یان ئاشكراكرد و ڕایانگه‌یاند، پێش هێرشكردنه‌سه‌ر ئیسرائیل، به سویسرادا په‌یامیان بۆ ئێران ناردووه كه هێرشه‌كه‌یان بۆ سه‌ر ئیسرائیل خوێناوی نابێت.