سبەی
خشتەی بودجەی ساڵی 2024ـی عێراق بڵاوکرایەوە، پشکی هەرێمی کوردستان کۆی گشتی بودجەی هەرێمی کوردستان بە 20 تریلیۆن و 910 ملیار و 463 ملیۆن و 950 هەزار دینار دیاریکراوە.
دوای ئەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق خشتەی بودجەی ساڵی 2024 پەسەندکرد، خشتەکەی ڕەوانەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کرد. خشتەکە هەموو وردەکارییە داراییەکانی عێراقی لە خۆگرتووە بە پشکی هەرێمی کوردستانیشەوە.
لە خشتەی خەرجی هەرێم، وەزارەت و پارێزگاکاندا ئاماژە بۆ ئەوەکراوە، پشکی هەرێمی کورستان لە بودجەی بەکاربردن 14 تریلیۆن و 840 ملیار و 223 ملیۆن و 778 دینارە، کۆی خەرجیی وەبەرهێنان بە چوار تریلیۆن و 954 ملیار و 240 ملیۆن و 172 هەزار دینار دیاریکراوە. پشکی هەرێمی کوردستان لە قەرزەکاندا بە یەک ملیار و 116 ملیۆن دینار دیاریکراوە.
بەپێی ئەو خشتەیە بێت، کۆی گشتی بودجەی هەرێمی کوردستان بە 20 تریلیۆن و 910 ملیار و 463 ملیۆن و 950 هەزار دینار دیاریکراوە.
موچە لە خشتەی بودجەی 2024
لەبارەی موچەوە لە خشتەکەدا بڕی 11 تریلۆن و 576 ملیار و 521 ملیۆن دینار وەک بەشی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2024 دیاریکراوە کە بەم شێوەیە خەرجی موچەی فەرمانبەران 9 ترلیۆن و 556 ملیارو 348 ملیۆن دینار و موچەی چاودێری كۆمەڵایەتی:2 ترلیۆن و 20 ملیار و 173 ملیۆن دینار.
بەپێی ئەو خشتەیە بێت، مانگانە 964 ملیار و 710 ملیۆن دینار بۆ پارەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دابین دەکرێت.، بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی دارایی عێراقیش بێت، ئەو بڕە لە پێویستی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان زیاترە چونکە خەرجی هەر مانگێکی موچەی کۆی موچەخۆران و فەرمانبەران کەمتر لە 950 ملیار دینارە.
لێکتێگەیشتنی حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی موچەوە بە ئاڕاستەیەک کراوە، کە نابێت پێوەری ٪12.67 بۆ موچە پەیڕەو بکرێت تا موچەی موچەخۆران گرەنتی بکرێت
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەرامبەردا دەبێت پابەندی ئەو بڕیارانەی دادگای فیدراڵی بێت کە لە مانگی شوباتی 2024 لەسەر موچە دەریکردوون، کە تایبەن بە بنەجێکردنی موچە و ڕاستکردنی داهاتی نانەوتی.