قوباد تاڵەبانی دژەتیرۆر لە هێرشی دیکەی تورکیا ئاگادار دەکاتەوە

#دژەتیرۆر#یەکێتی#تورکیا#هێرش#پەکەکە
2 ساڵ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 2 ساڵ نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • تورکیا بەردەوامە لە هەڕەشەکانی بۆ ئەنجامدانی ئۆپراسیۆن لە چەقی سلێمانیدا.
  • قوباد تاڵەبانی دژەتیرۆی یەکێتی لە ئەنجامدانی هێرشی تورکیا ئاگادار دەکاتەوە و دەڵێت، خۆتان لەگەڵ هێرشی درۆنیدا بگونجێنن.
Primary Asset

قوباد تاڵەبانی لە کاتی قسەکردن بۆ هێزەکانی دژەترۆر لە سلێمانی 23ـی ئایاری 2024/ ئەژی عومەر

سبەی

تورکیا بەردەوامە لە هەڕەشەکانی بۆ ئەنجامدانی ئۆپراسیۆن لە چەقی سلێمانیدا و قوباد تاڵەبانیش هێزەکانی دژەتیرۆی یەکێتی لە ئەنجامدانی هێرشی تورکیا ئاگادار دەکاتەوە و دەڵێت، خۆتان لەگەڵ هێرشی درۆنیدا بگونجێنن.

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، پێچەوانەی ڕابردوو ماوەیەکە لەگەڵ هێزە چەکدارەکانی یەکێتی کەوتەوەتە جوڵە و تا ئێستاش زیاتر لە جارێک لەگەڵ بەرپرسی ئەو هێزانە کۆبونەوەی کردووە. 

ڕۆژی 23ـی ئایاری 2024، قوباد تاڵەبانی جارێکی دیکە سەردانی بارەگای دژەتیرۆری کرد لە سلێمانی و کۆبونەوەیەکی فروانی لەگەڵ بەرپرسان و ئەندامانی هێزەکە ئەنجامدا و هۆشدارییەکی نوێشی پێگەیاندن. 

قوباد تاڵەبانی بە ڕونی بە هێزەکانی دژەتیرۆری یەکێتی وت،" ماوەیەک لەمەوپێش هەڕەشەکان لە ئەشکەوت و شاخەکانەوە بوو {داعش} بەڵام ئێستا ڕەنگە هەڕەشەکان لە ئاسمانەوە و لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە{تورکیا} بێت".

قوباد تاڵەبانی وەک ئاماژەیەک بۆ ئەنجامدانی هێرشی درۆنی نوێ لەلایەن تورکیاوە بۆ سەر دژەتیرۆر داوای لە بەرپرسان و ئەندامانی هێزەکە کرد، خۆیان لەگەڵ هەڕەشە نوێیەکان بگونجێنن. 

پەیامەکەی قوباد تاڵەبانی لە میانی وتارێکیدا بووە، لە بارەگای هێزەکانی دژەتیرۆر لە سلێمانی و تەنها بەشێکی لەلایەن پەیجی دژەتیرۆرەوە بڵاوکراوەتەوە و تێیدا دڵنیای داوە، کە هێزەکانی دژەتیرۆر دەتوانن لەگەڵ ئەو هەڕەشە نوێیانەدا خۆیان بگونجێنن. 

بێ ئەنجامی هەوڵەکان، هەڕەشە و هێرشی نوێیان بە دواوەیە

هۆشدارییەکەی قوباد تاڵەبانی بۆ دژەتیرۆ بە بەبنبەست گەیشتنەکانی هەوڵەکانی ناوبراو دادەنرێت بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی یەکێتی لەگەڵ تورکیا. 

لە ماوەی ڕابردوو، قوباد تاڵەبانی گەڕێکی دانوستانی لەگەڵ وەزیرانی دەرەوە و بەرگری تورکیا ئەنجامدا و لە هەولێریش دەرفەتی ئەوەی هەبوو چاوی بە سەرۆک کۆماری تورکیا بکەوێت بەڵام هەوڵەکان بێ ئەنجام بوون. 

تورکیا لەگەڵ ئەوەی ئامادە نەبوو ئاسمانی وڵاتەکەی بەڕووی فڕۆکەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانیدا بكاتەوە، بە ڕونیش لە ڕێگەی قوباد تاڵەبانییەوە چەند پەیامێکی بۆ یەکێتی نارد و وتی،" بە کردار لە هاوکاریکردنی پەکەکە دورکەونەوە".

لەبارەی داواکارییەکانی تورکیاوە، سەرەتای مانگی ئازاری 2024، بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی لە دیداری ڕافیدەین لە بەغداد وتی،"پارتی کرێکارانی کوردستان دوژمنی ئێمە نییە، ئێمە هیچ دوژمنێکمان نییە لە هەرێمی کوردستان".

تاڵەبانی وتیشی، "ئێمە یارمەتی هیچ گروپێکی چەکداری نادەین لە دژی تورکیا...بەڵام سەرباری ئەوەش هێرشە درۆنییەکانی [تورکیا] بەردەوامن". 

تورکیا سەرجەم ئەو هێزانەی لە ژێر بیری عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری دەستگیرکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان(پەکەکە) دامەزراون بە "تیرۆرست" و وەک پەکەکە مامەڵەیان لەگەڵ دەکات. تەنانەت تورکیا لەو هاوکارییانەی ئەمەریکا و هاوپەیمانانیش نیگەرانە کە بۆ شەڕی داعش پێشکەشی هێزەکانی سوریای دیموکرات(هەسەدە)ـی دەکەن. 

بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی ناوەڕاستی مانگی ئایاری 2024، لە میانی سەردانەکەیدا بۆ ئەمەریکا لە پانێڵێکدا ڕەتیکردەوە، ئەوان هاوکاری پەکەکە بکەن بەڵام نەیشاردەوە، لە چوارچێوەی شەڕی داعش هاوکاری سەربازییان بۆ هێزەکانی هەسەدە ناردووە.

لەبارەی داواکارییەکانی تورکیاشەوە بۆ هاوکاریکردنیان لە شەڕی پەکەکە جەختیکردەوە، ئەوان بۆ ئاشکراکردنی شوێنی پەکەکە هاوکاریی تورکیا ناکەن. 

تورکیا لە چەقی سلێمانیدا ئۆپراسیۆنی سەربازی ئەنجام دەدات

پارتی و یەکێتی ئەگەر نکۆڵی لە گفتوگۆکانیان لەگەڵ تورکیا بکەن، ئەو وڵاتە نایشارێتەوە لە پرسی پەکەکەدا لەگەڵ هەردو حزبەکە گفتوگۆ دەکات بەڵام وەک هاکان فیدان وەزیری درەوەی تورکیا وتی،" بەشێوازی جیاواز گفتوگۆ لەگەڵ هەولێر و سلێمانی دەکەن".

لە کۆتا پەیامیدا هاکان فیدان هۆشدارییەکی نوێی بە یەکێتی دا و ڕایگەیاند،" نامانەوێت لەگەڵ هاوسێکانمان هەڵە لێکتێگەیشتن هەبێت و بکەوینە شەڕەوە، هەر بۆیە دەڵێین ئەم کەسانە خراپەکارن. ئێوە پێویستیتان بە هاریکاریی نییە لەگەڵ ئەمانەدا".

ڕۆژی 15ـی ئایاری 2024، هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی ڕاستەوخۆی کەناڵی NTV لەبارەی داواکارییەکانیان لە یەکێتی وتیشی،" ئێمە لە کۆبونەوەکدا ڕاشکاوبووین، داوامان کردووە ئەوان دورکەنەوە ڕێگە مەدەن فڕۆکەخانەکە و نەخۆشخانەکانتان بەکاربهێنن".

فیدان بە زمانی هەڕەشە ڕو لە یەکێتی وتی، "ئۆپەراسیۆنەکانی ئێمە بەردەوام دەبێت، لە چەقی سلێمانی و لە گوندەکانیشدا ئۆپەراسیۆن ئەنجام دەدەین". 

فیدان بە بێ ڕونکردنەوە بەڵام وەک ئاماژەیەک بۆ هێرشکردنە سەر هێزەکانی یەکێتی، وتی،" کاتێک ئێوە لەگەڵ پەکەکەدا کار دەکەن و ئێمە ئەمە دەبینین ناچارین شتێکیش بەرامبەر ئێوە بکەین".

هێرشکردنە سەر دژەتیرۆر

ڕۆژی 18ـی ئەیلولی 2023، هێزەکانی دژەتیرۆری یەکێتی ڕایانگەیاند،" بەهۆی هێرشێکی درۆنیەوە، لە فڕۆکەخانەی عەربەت، سێ پێشمەرگەمان شەهیدبوون". لەبارەی لایەنی ئەنجامدەری هێرشەکەوە دژەتیرۆر وتی." هێرشەکە لەلایەن داگیرکەران و ناحەزانی ئارامی و ئاسایشی هەرێم ئەنجامدراوە".

ڕۆژی 19ـی ئەیلولی 2023، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بڵاویکردەوە،" پێشهاتەکانی ئەو تەقینەوەیەی لە فڕۆکەخانەی عەربەت ڕویدا، جێگەی سەرنجن". ئاماژەی بۆ ئەوەشکردبوو،" وا زانراوە لەکاتی تەقینەوەکەدا ئەندامانی گرووپی دژەتیرۆری سەر بە یەکێتی لەگەڵ تیرۆریستانی پەکەکە/یەپەگە راهێنانیان کردووە، ئەم پێشهاتە بە ڕونی، بوونی هەماهەنگی بەشێک لە بەرپرسانی ئەمنیی یەکێتی لەگەڵ ئەندامانی رێکخراوی تیرۆریستی نیشاندەدات". 

ڕۆژی 20ـی ئەیلولی 2023، قوباد تاڵەبانی وەک وەڵامێک بۆ تورکیا ڕاایگەیاند "بە هیچ شێوەیەك جگە لە هێزی دژەتیرۆر، هیچ هێزێكی دیكە لە فڕۆكەخانەدا نەبووە".

 

بگەرێ لە سبەی
    2026 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی