
سبەی
ئیمیە دوبری، هەشتا ساڵە بێدەنگی لە بارەی ئەو دەستدرێژییە هەڵبژاردووە، كە لە 1944 كراوەتە سەر دایكی، بەڵام ئەمساڵ، هاوكات لەگەڵ یادی ساڵانەی دابەزینی هاوپەیمانان لە نۆرماندی، پەردەی لە ڕووی تاوانی دەستدرێژی سەربازانی ئەمەریكایی دژ بە ژنانی فەرەنسی هەڵماڵی.
لە شەشی حوزەیرانی 1944، هێزەكانی هاوپەیمانێتی دژ بە نازییەكان لە كەناراوەكانی نۆرماندی فەرەنسا دابەزین. 156 هەزار سەربازی ئەمەریكی و بەریتانی و فەرەنسی بەیەكەوە شەڕی نازییەكانیان دەكرد.

ئەو كاتە ئیمیە تەمەنی 19 ساڵ بوو، لە گوندە بچوكەكەیان لە مۆنتۆر لە ناوچەی بروتانیی دەژیا. ئەو ڕۆژە وەك دراوسێكان و خەڵكی گوندەكەیان، زۆر خۆشحاڵ بوون، بەو پێیەی ڕزگاركەرەكان گەیشتن و كۆتایی بە داگیركاری ئەڵمانی هێنرا.
بەڵام هێندەی پێ نەچوو، ئەوان بێ هیوا بوون، لە ئێوارەی دەی مانگی ئابی 1944، دوو سەربازی ئەمەریكایی چوونە كێڵگەكەیان و بە دوای ژندا دەگەڕان تا پەلاماری بدەن.
ئیمیە ئێستا تەمەنی 99 ساڵە. باس لە وردەكاری ڕووداوەكە دەكات.
ئیمییە دەڵێت، لە ناو قەنەفەیەكی كۆنی ماڵەكەیان نامەیەكی دایكی دۆزیوەتەوە، وەك خۆی دەیخوێنێتەوە وەك خۆی وتی تا هیچ شتێكی لە بیر نەچێتەوە.
دایكەكەی بۆی نووسیوە، دوو سەربازەكە تەقەیان لە هاوسەرەكەی كردووە و فیشەكێك كڵاوەكەی سمیوە، دواتر ڕووی هەڕەشەیان كردووەتە كچەكەیان، دایكی بۆ پاراستنی كچەكەی چووەتە دەرەوە و سەربازەكان بە دوای خۆیاندا ڕایانكێشاوەتە كێڵگەكە و هەریەكەیان بە نۆرە چوار جار دەستدرێژیان كردووەتە سەری.
ئیمییە، كە ئەو نامەیە دەخوێنێتەوە، هەرچەندە هەشتا ساڵی بەسەردا تێپەڕیوە، بەڵام هێشتا لە ژێر كاریگەری نامەكەیە و دەڵێ "دایكم، زۆر ئازاری چەشت، من هەموو ڕۆژێك بیری لێ دەكەمەوە".
وتیشی: "دایكم قوربانی بە خۆی دا بۆ پاراستنی من، كاتێك ئەوان دەستدرێژییان دەكردە سەر دایكم، ئێمە چاوەڕوانیمان دەكێشا، بەو شەوە نەماندەزانی دەگەڕێتەوە، یان دوای دەستدرێژییەكە دەیكوژن و تەقەی لێ دەكەن".
لە تشرینی یەكەمی 1944، دادگای سەربازی ئەمەریكا، سزای بەسەر 152 سەربازدا سەپاند بە تاوانی دەستدرێژی سێكسی بۆ سەر ژنانی فەرەنسا.
ماری لویز ڕۆبێرتز، یەكێكە لەو مێژوونووسانەی توێژینەوەی لە بارەی ئەو بابەتە كردووە، كە لە كاتی شەڕی دووەمی جیهانی قەدەغە بووە باسی بكرێت و دەڵێت، ئەو ژمارەیەی سزا دراون زۆر كەمترە لەوەی لە واقیعدا تاوانیان كردووە.
ئەو وتیشی: ئەو كات ئاهەنگی سەركەوتن و ڕزگاربوون لە داگیركاری ئەڵمانیا دەگێڕدرا و زۆرینەی ژنان بێدەنگیان هەڵبژاردن، بە هۆی نەنگی باسكردنی بابەتی دەستدرێژی سێكسی و ترسی ئابڕووچوون.

ژنانێك ئاسان وەگیردەهێنران
ئەو ژنە مێژوونووسە دەڵێت: سوپای ئەمەریكا وەك پاداشت بۆ سەربازەكانی و هاندانی زیاتریان بۆ ئەوەی شەڕ بكەن، بەڵێنی پێدابوون بیانباتە فەرەنسا، كە پڕە لە ژنانێك ئاسان وەچنگ دەكەون.
ڕۆژنامەی "ستارز ئاند سترایز"، كە سوپای ئەمەریكا دەریدەكرد، هەزاران سەربازی وڵاتەكە لە ئەوروپا دەیانخوێندەوە، وێنەی ژنانی فەرەنسای بڵاودەكردەوە، كە ماچی سەربازە ئەمەریكاییەكان دەكەن.
لە نۆی ئەیلولی 1944، ڕۆژنامەكە نووسیبووی: "ژنانی فەرەنسا شەیدای یانكیزن.. ئەمە ئەو شتەیە شەڕی لە پێناودا دەكەین". یانكیز ئەو كاتە دەستەواژەیەك بوو بۆ سەربازە ئەمەریكاییەكان بەكاردەهێنرا.
ئەو مێژوونووسە، ڕوونی دەكاتەوە، سێكس پاڵنەرێكی بەهیزی سەربازە ئەمەریكاییەكان بوو بۆ ئەوەی شەڕ بكەن، بە تایبەتی لە ڕێگەی لەشفرۆشی و دەستدرێژییەوە، ئەمەش ڕێگەیەك بوو بۆ زاڵبوون بەسەر فەرەنسادا، نەك هەر ئەوە بەڵكو زاڵبوون بەسەر پیاوانی فەرەنسایی، كە نەیاندەتوانی پارێزگاری لە وڵاتەكەیان و ژنانی وڵاتەكەیان لە دەست ئەڵمانەكان بكەن.
وتیشی: لە نێوان 1944 تا 1946، هەزاران ژنی فەرەنسایی لە لایەن سەربازە ئەمەریكاییەكانەوە دەستدرێژیان كرایە سەر و ئەتك كران.
ناتوانرێت بڕوا بكرێت
لە نزیك پلابینیك، لە ناوچەی بریست لەو پەڕی خۆرئاوای برۆتانی، جان بینگام، تەمەن 89 ساڵ، ئێستاش ڕووداوی دەستدرێژییەكی سەربازانی ئەمەریكای لە بیرە وەك ئەوەی "دوێنێ ڕووی دابێت"، كە كراوەتە سەر خوشكە گەورەكەی كاترین، و باوكی بە دەستی سەربازە ئەمەریكاییەكان كوژراوە.
ئەو دەڵێ "ئەمەریكاییەك ویستی دەستدرێژی بكاتە سەر خوشكە گەورەكەم، باوكم ڕێگری كرد، سەربازەكە فیشەكێكی پێوەنا، هاتە ژوورەوە بۆ گیان خوشكەكەم، منیش ڕامكرد، ئەو كات تەمەنم 9 ساڵ بوو، چوومە لای فیرقەیەكی سەربازی كە چەند كیلۆمەترێك لێمانەوە دوور بوو، باسی ڕووداوەكەم بۆ كردن، تا بێن بە هانامانەوە".
وتیشی: "من بە سەربازەكانم وت، ئەڵمانییەك هاتووە، باوكمی كوشت و دەستدرێژی دەكاتە سەر خوشكم، ئەو كاتە هەڵە بووم، بۆ ڕۆژی دوایی چەند سەربازێك هاتن و كاتێك سەیری فیشەكەكەیان كرد، یەكسەر زانیان ئەمەریكاییەك تاوانەكەی كردووە و بە بێ دەنگی ڕۆیشتن".
جانین بلاسار، یەكێكە لە كچەكانی كاترین، دەڵێ "دایكم ئەو نهێنییە ژەهراوییەی ژیانی پاراست تا دوا ڕۆژەكانی تەمەنی".
وتیشی: "كاتێ كاترینی دایكم لە سەر قەرەوێڵەی نەخۆشخانە بوو، پێی وتم، لە كاتی شەڕ و لە كاتی ڕزگاركردنیش دەستدرێژیم كرایە سەر، پرسیم ئایا بە كەست وتووە، ئەویش وتی، بە كەسێك بڵێم؟ ئەو كاتە هەموولایەك دڵخۆش بوون، هەرچیم وتبا لەو بارەیەوە، كەس بڕوای نەدەكرد".

تاوانی ڕەش
نووسەری كتێبی "ئوكەی جۆ"، لوی گییو لە كتێبەكەیدا، كە ساڵی 1976 بڵاوكراوەتەوە، ئەزموونی خۆی لە سەردەمێك كە وەرگێڕ بووە لە ڕیزی سوپای ئەمەریكا دوای دابەزینی نۆرماندی گێڕاوەتەوە.
هەروەها فیلیپ بارۆن، نووسەری فیلمی بەڵگەنامەیی لە بارەی ئەو گێڕانەوەیە و نووسەری كتێبێكی دیكە بە ناونیشانی "لایەنێكی تاریك لە ڕزگاركردن" ڕوونیكردووەتەوە، كە گییو ڕاسپردراوە لە دانیشتنەكانی دادگای سەربازی ئەمەریكا وەرگێڕان بكات و ئاماژەی بەوەداوە، ئەو سەربازە ئەمەریكاییانەی سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەركراوە زۆرینەی ڕەهایان ڕەشپێستەكان بوونە.
بڕیارەكانی دادگای سەربازی ئەمەریكا، دژ بە ڕەشپێستەكان توند بوون و سەرجەمیان لەسێدارەدان بوون لە گۆڕەپانە گشتییەكانی ئەو لادێ فەرەنساییانەی تاوانیان تێدا كراوە.
بە گوێرەی بڕیارەكان هەریەك لە دەستدرێژیكارانی سەر بە ئیمییە ئیلۆدیس و كاترین تورنولیك لە گۆڕەپانی گشتییدا لەسێدارە دراون.
بارۆن دەڵێ لە پشت دەستدرێژیكردنەكانەوە، لە پشت سزاكانەوە، بابەتێكی ڕەگەزپەرستانەی دیكەی سوپای ئەمەریكا شاردراوەتەوە، كە لە لایەن دەسەڵاتە ڕەگەزپەرستییەكەوە پشتیوانی دەكرێت.
ئەو وتیشی: هەر سەربازێكی ڕەشپێستی ئەمەریكایی بهێنرابایە بەردەم دادگا، چانسی ڕزگاربوونی لە سزا ئەستەم بوو، ئێستاش ئەو بابەتە هێشتا ماوە، هێشتا هەر پیاوێكی ڕەشپێست بچێتە بەردەم دادگا وەك تاوانبار سەیر دەكرێت و ڕزگاربوونی ئەستەمە.
ڕۆبێرتز، دەڵێ "كاتێ سوپای ئەمەریكا دركی كرد، ڕەوشەكە خەریكە لە دەست دەردەچێت، كۆمەڵێك سەربازی ڕەشپێستیان كردە قۆچی قوربانی لە پێناو گۆڕینی وێنای دەستدرێژی سێكسی وەك تاوانی ڕەشپێستەكان بۆ ئەوەی پارێزگاری لە ناوبانگی ئەمەریكاییە سپی پێستەكان بكەن".
بە گوێرەی ئامارەكان، لە نێوان 1944 تا 1945 بە گشتیی 29 سەربازی ئەمەریكایی سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرا، 25یان ڕەش پێس بوون.
ڕۆبێرتز، وتیشی: بە زۆری سەربازە ڕەش پێستەكانیان دەخستە یەكە لۆجستییە جێگیرەكانەوە، بۆ ئەوەی بەردەوام لە یەك شوێن جێگیر بن، ئەمەش وایكرد، پەیوەندی ڕاستەوخۆیان هەبێت لەگەڵ دانیشتوانی ناوچە فەرەنساییەكان، بە تایبەتی لەگەڵ ژناندا.
سەبارەت بە سەربازە سپی پێستەكان، ڕۆبێرتز دەڵێ "سوپای ئەمەریكا زیرەكانە سەربازە سپی پێستەكانی خستبووە یەكەكە گەڕۆكەكانەوە، بۆ ئەوەی تاوانیان بشاردرێتەوە، بۆ ئەوەش سەربازە سپی پێستەكان بە ئاسانی دەیانتوانی شەوانە تاوانی دەستدرێژی سێكسی بكەنە سەر ژنانی فەرەنسا و كە خۆر هەڵدەهات، ناوچەكەیان بەجێدەهێشت و ئیدی هیچ بەدواداچوون و زانیارییەك لە بارەیانەوە بەردەست نەدەبوو، هەر ژنێكیش سكاڵای هەبوایە، نەیدەتوانی تاوانبار دەستنیشان بكات، گومانی لێدەكرا.
ڕۆبێرتز، دوای ئەوەی كتێبی "ژنان و سەربازانی ئەمەریكای" بڵاوكردەوە لە 2013، خرایە ژێر چاودێری ئەمنییەوە، بۆ ئەوەی ئەو بابەتانە نەدركێنێت.
ئەو وتیشی: ئێستا كە هەشتا ساڵ بەسەر دابەزینی نۆرماندی تێدەپەڕێت، هێشتا ئەفسانەی سەربازانی ئەمەریكا لە برەودایە.
هەروەها وتی: شەڕی دووەمی جیهانی، شەڕێك بوو لە پێناو ئامانجێكی باڵادا، بەڵام لەوە بەدوا هەر شەڕێك سەركردەی حكومەتەكانمان لە ئەمەریكا بەرپایان كردبێت بە شەڕی ڤێتنام و ئەفغانستانیشەوە، داڕمانی ئەخلاقی بوون.

سەرچاوە: فرانس پرێس
