
وێنە: horiba
سبەی
قەوزەکان ئەو جۆرە زیندەوەرانەن لە چەندین کەشی جیاوازدا دەژین، هەر لە قەدی دارە شێدارەکانەوە بگرە تاکوو دەگاتە دەریاکان. قەوزە کە چەندین ڕەنگی جیاوازی وەک سەوز، قاوەیی، سور و شینی هەیە لەوانەیە ببێتە هۆی مردنی ماسییەکان و پیسبوونی ئاو.
زۆریی مادە خۆراکییەکانی وەک نایترۆجین و فۆسفۆڕ دەبێتە هۆی زیادبوون و چڕبوونەوەی قەوزە. بە هۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما بۆ سەرووی ئاستی ئاسایی لەم چەند ساڵەی دواییدا قەوزە لەسەر ڕووی ژمارەیەک لە دەریاکان دەبیندرێت.
قەوزەکان وردەزیندەوەرەکانی ڕۆشنەپێکهاتنن کە لە دەریاکان و ناوچە ئاوییەکان دەبیندرێن.
ئەوانیش وەک ڕووەکەکان وزە لە تیشکی خۆر وەردەگرن و خۆراکی خۆیان بەرهەم دەهێنن. ئەوەیش ئێجگار گرنگە بۆ پاراستنی سیستەمی ژینگەیی ئاو، چونکە ئۆکسجین بەرهەم دەهێنن و دەبنە سەرچاوەی سەرەکیی خۆراک بۆ ژمارەیەک لە وردەزیندەوەرە دەریایییەکان.
قەوزەی دەریاکان جۆر و قەبارەیان جیاوازە. بە شێوەیەکی گشتییش بەسەر هەردوو جۆری گیاسەراوەکی phytoplankton و قەوزەی دەریاییدا پۆلین کراون.
قەوزەکانی جۆری گیاسەراوەکی: ئەو جۆرە قەوزانەن کە ئازادانە لە سەر ڕووی دەریا و زەریاکان دێن و دەڕۆن. چەندین جۆریان هەیە و بە گشتی لە نزیک ڕووی ئاو دەژین. دیاتۆم، دووشێلاقە dinoflagellate و دیڤیژنێ cyanobacteria لەنێو ئەو جۆرە قەوزانەدا جێ دەگرن کە لە ڕیزی قەوزەکانی گیاسەراوکی پۆلین کراون.
ئەو جۆرە قەوزەیە لەسەر ڕووی ئاو بە کرداری ڕۆشنەپێکهاتن هەڵدەستن، بەم جۆرە ئۆکسجین بەرهەم دەهێنن و بنەمای زنجیرەی خۆراکی دەریایی پێک دەهێنن.
قەوزەی دەریایی قەوزەی گەورەترن و دەکەونە ژێرئاو و لەوانەیە بە چاو ببیندرێن. بە گشتیی لە ناوچە کەناراوییەکان و بنکی دەریاکاندا دەژین.
تەقینەوەی قەوزەیی چییە و چۆن ڕوو دەدات؟
تەقینەوەی قەوزەیی لە ئەنجامی زۆربوون و چڕبوونەوەی قەوزە بە شێوەیەکی نائاسایی، لە ئاوە سازگار و سوێرەکاندا ڕوو دەدات. ئەمەیش دەبێتە هۆی گۆڕانی ڕەنگی سەرچاوەکانی ئاو و چەندین کێشەی دیکەیشی لێ دەکەوێتەوە.

هۆکارەکانی تەقینەوەی قەوزەیی
زۆریی مادە خۆراکییەکان: نایترایت و فۆسفات کە بە هۆی بەکارهێنانی پەین بۆ کشتوکاڵ و پاشماوەی ئاوەڕۆکان تێکەڵی ئاو دەبێت، دەبێتە هۆی خێرا زیادبوونی قەوزە.
بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما: زیادبوونی کاریگەرییەکانی تیشکی خۆر، بە خێراکردنی کرداری ڕۆشنەپێکهاتن دەبێتە هۆی زیادبوونی قەوزە.
مەنگیی ئاو: ئەو ناوچە ئاوییانەی هەڵبەز و دابەزی ئاو نابیندرێت، یان کەمە و ئاوە مەنگەکان دەبنە هۆی کەڵەکەبوون و زیادبوونی قەوزە.
ئایا تەقینەوەی قەوزەیی زیانبەخشە؟
لە کاتی تەقینەوەی قەوزەییدا لەوانەیە ڕەنگی ئاو بگۆڕێت بۆ سەوز، قاوەیی یان سور. هەڵکشان و داکشانی سور کە بەتایبەت لەلایەن دووشێلاقەکانەوە دروست دەکرێت جێی سەرنجە.
لەوانەیە ژمارەیەک لە قەوزەکان ژەهر بەرهەم بهێنن. ئەمەیش کاریگەری دەکاتە سەر گیانلەبەرە دەریایییەکان و ئەو مرۆڤانەی ئەو جۆرە ئاوانە بەکار دەهێنن.
بە دوور نازاندرێت ئەو مادانەی لە لایەن قەوزە ژەهراوییەکانەوە بەرهەم دەهێندرێن و دەگوازرێنەوە بۆ گیانلەبەرە دەریایییەکان، لە کاتی خواردنی ئەو جۆرە گیانلەبەرانەدا زیان بە مرۆڤ بگەیەنن.
تەقینەوەی قەوزەیی کاریگەری نەرێنی دەکاتە سەر کەرتی گەشتیاری و ماسیگری. هاتنی بۆنی ناخۆش و گۆڕانی ڕەنگی ئاو گەشتیاران لە کەناراوەکان دور دەخاتەوە و دەشبێتە هۆی کەمبوونەوەی ماسی.
