بەرگری بۆ ئەنسۆلین چییە؟ چەند نیشانەیەکی سەرەتایی..

2 ساڵ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 2 ساڵ نوێ کراوەتەوە
سبەی
Primary Asset

ئەنسۆلین چییە؟

ئەنسۆلین ھۆرمۆنێکە کە لەلایەن پەنکریاسەوە دروست دەکرێت. کاری سەرەکی دەستبەسەرداگرتن و ڕاگرتنی ڕێژەی گلووکۆزە لە خوێندا، گلووکۆز جۆرێک لە شەکری ناو خوێنە کە خانەکانی لەش بەکاری دەھێنن و دەیکەنە وزە.

کاتێک گلوکۆزی خوێن دوای نان خواردن ئاستی بەرزدەبێتەوە، پەنکریاس ئەنسۆلین دەردەدات بۆ ناو خوێن. پاشان ئەنسۆلین گلوکۆزی خوێن دادەبەزێنێت بۆ ئەوەی لە مەودای ئاساییدا بمێنێتەوە.

بەرگری بۆ ئەنسۆلین چییە؟

بەرگری بۆ ئەنسۆلین، واتا خانەكانی لەش وەڵامی باشی ئەنسۆلین نادەنەوە و ناتوانن بە ئاسانی گلوکۆز لە خوێن وەربگرن بیگۆڕن بۆ وزە.

چەند نیشانەیەکی سەرەتایی کە پێویستە سەرنجی بدرێت:
بەرگری بۆ ئەنسۆلین حاڵەتێکی تەندروستی باو و ئاساییە بەڵام ئەگەر بە شێوەیەکی گونجاو چارەسەر نەکرێت، دەتوانێت ببێتە هۆی تووشبوون بە نەخۆشی شەکرە لە جۆری دووەم.

چەند  نیشانەی سەرەتایی بەرگری بۆ ئەنسۆلین:


 1- زیادبوونی کێش بەشێوەیەکی ناڕون

هەستکردن بە زیادبوونی کێش بەبێ گۆڕانکارییەکی بەرچاو لە شێوازی خواردن یان ئاستی چالاکیی جەستەیی.

2- هەستکردن بە ماندوێتی 

بەردەوام هەستکردن بە ماندوێتی  تەنانەت دوای خەوتنی پێویست یان دوای نانخواردن.

3- بەردەوام برسێتی و ئارەزوی خواردنی شەکر

زوو زوو هەستکردن بە برسێتی و هەبوونی ئارەزووی لەڕادەبەدەر بۆ خواردنی خۆراکێک کە شەکر تێدایە یاخود بەتایبەتی ئەو خۆراکانەی ڕێژەی شەکریان زۆرە.

4- بەرزبوونەوەی ئاستی تریگلیسێرد

ئەم حاڵەتە دەتوانێت لە ئەنجامی پشکنینی ڕۆتینی خوێن دەربکەوێت، کە ئاستی تریگلیسێرد  زیاترە لە ئاسایی.
خراپی پرۆسێسکردنی چەوری، بەهۆی بەرگری بۆ ئەنسۆلین، ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئەنسۆلین، کاریگەری لەسەر پرۆسەی شیبوونەوەی چەوری لە جەستەدا دەبێت و ڕێژەی تریگلیسێرد لە خوێندا زیاد دەکات.

5- پەڵەی ڕەش لەسەر پێست

زیادبوونی بەرهەمهێنانی میلانین لە هەندێک ناوچەی پێستدا کە دەبێتەهۆی دەرکەوتنی پەڵەی ڕەش لەسەر پێست وەکو مل و چەناگە و جومگەکان.

"میلانین" ماددەیەکی بۆیەی پرۆتینیە ڕەنگ دەبەخشێتە پێست و چاو و پرچ.

بگەرێ لە سبەی
    2026 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی