دوای 10 ساڵ لە ڕاگەیاندنی ئابوری سەربەخۆ، ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان داوا دەکات، هەرچی زووە هەناردەی نەوتەکەی دەستپێبکرێتەوە و داهاتی نەوتەکەش بخرێتە خەزێنەی گشتی عێراقەوە. ئابوری سەربەخۆ لە کابینەکەی نێچیرڤان بارزانییەوە دەستیپێکرد، لە ماوەی تەمەنی کابینەکەی مەسرور بارزانیشدا هەناردەی نەوت ڕاگیرا و چیرۆکەکە کۆتایی هات.
نێچیرڤان بارزانی لە کابینەی حەوتەم و هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە ئابوری سەربەخۆی ڕاگەیاند و بڕیاری سەربەخۆ فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستانی دەرکرد. هەنگاوەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سود وەرگرتن بوو لە بەهێزی پێگەکەی لە چوارچێوەی عێراقێکی لاوازدا، هەر بۆیە ئامادە نەبوو کلیلی بیرە نەوتەکانی هەرێمی کوردستان ڕادەستی بەغداد بکات.
پارتی دیموکراتی کوردستان بە پشتیوانی نێچیرڤان بارزانی ئابوری سەربەخۆی کردە بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان.پارتی لە ڕێگەی نێچیرڤان بارزانییەوە، لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکەدا دەیوت، کۆمپانیای کەپکۆ دادەمەزرێت، کە هەموو هاوڵاتییان ڕاستەوخۆ پشکیان لە فرۆشتنی نەودا دەبێت. هاوڵاوتییان موچەخۆران نەک هەر پشکیان لە داهاتی فرۆشتنی نەوتدا نەبوو بەڵکو موچەخۆران تاڵترین ڕۆژگارەکانی وەرگرتنی موچەیان بە پاشکەوت و لێبڕینەوە تێپەڕاند.
پێچەوانەی بانگەشەی ئامۆزاکەی، مەسرور بارزانی کە لە ساڵی 2019ەوە سەرۆکایەتی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان نەک کۆمپانیای کەپکۆی دانەمەزاراند بەڵکو کۆتایی ئابوری سەربەخۆی ڕاگەیاند ناچار بە ڕادەستکردنی نەوت و داهاتەکەشی بە بەغداد کرا.
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوی ڕۆژی 13ی حوزەیرانی 2024دا کە 10 ساڵ دوای ڕاگەیاندنی بەسەربەخۆ فرۆشتنی نەوتە، نەک داوای بە سەربەخۆ فرۆشتنی نەوتەکەی ناکات بەڵکو داوا دەکات، هەرچی زووە هەناردەی نەوتەکەی لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمی عێراقییەوە دەستپێبکاتەوە کە زیاتر لە ساڵێکە بە بڕیارێکی نێودەوڵەتی ڕاگیراوە.
سەبارەت بە داهاتی نەوتیش پێچەوانەی بانگەشەکانی ئابوری سەربەخۆ، حکومەتی هەرێمی کوردستان داوایکردووە، داهاتی فرۆشتنی نەوتی هەرێم بخرێتەوە ناو داهاتی گەنجینەی گشتی عێراق بۆ خزمەتی خەرجییەکان، تاکو چیتر زیان بە گەنجینەی گشتیی عێراق و هەرێمیش نەگات.
حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڵێنی بە عێراق داوە، لە پرسی هەموو کارئاسانییەکیش بکات، بۆ گەڕانەوەی داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ گەنجینەی گشتی عێراق. جەختشیکردوەتەوە، حکومەتی هەرێم نابێتە بەربەست لە بەردەم دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان و خوازیاری ئەوەیە لە زووترین کاتدا بگەن بە ڕێککەوتنی کۆتایی.
ڕاگەیەندراوەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، درێژکراوەی بڕیارەکانی دادگای ناوبژیوانی پاریسە کە ڕۆژی 25ی ئازاری 2023 دەریکردن و ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستانی بە دواداهات. ئەگەرچی ڕاگرتنی بە سەربەخۆ فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان، کۆتایهاتنی ئابورییە سەربەخۆکەی هەرێمی کوردستان بوو بەڵام هێشتا حکومەتی هەرێمی کورستان ئامادە نەبوو وەکو ئێستا داوا بکات، بە زوویی نەوت و داهاتەکەشی ڕادستی حکومەتی عێراقی بکات.
حکومەتی عێراق تەنها بە ڕادەستکردنی نەوت و داهاتەکەی ڕازی نییە
لە پێناو دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، تا ئێستا چەند کۆبونەوەکەی لە نێوان وەزارەتی نەوتی عێراق و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەو کۆمپانیا نەوتییانە ئەنجامدراوە کە لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن.
حکومەتی عێراق لەگەڵ ئەوەی داوای ڕادەستکردنی نەوت و داهاتەکەی کردووە، داواشی کردووە، پێداچونەوە بە گرێبەستی کۆمپانیا نەوتییەکاندا بکرێت، حکومەتی عێراقی دەیەوێت سەرجەمی گرێبەستەکان لە هاوبەشییەوە بۆ خزمەتگوزاری بگۆڕێت چونکە زۆرینەی ئەو گرێبەستە نەوتییانەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجامی داون گرێبەستی هاوبەشین.
حکومەتی هەرێمی کوردستان پێداچونەوە بە گرێبەستەکان ڕەتدەکاتەوە، کۆمپانیا نەوتییەکانیش بە مەرجی ڕازی بوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە گرێبەستە نوێیەکان و مانەوەی مافی ئەوان وەک خۆی لە گرێبەستەکاندا ڕازین پێداچونەوە بە گرێبەستەکانیاندا بکرێت.
حکومەتی عێراق چۆن نەوتی لە دەستی هەرێمی کوردستان دەرهێنا؟
حکومەتی عێراق پێش ئەوەی ساڵی 2014 پشکی هەرێمی کوردستان لە بەغداد ببڕێت لە ساڵی 2012 لە دادگای باڵای فیدراڵین سکاڵایەکی یاسایی لەسەر ئاشتی هەورامی وەزیری پێشووی سامانە سروشتییەکان و حکومەتی هەرێم تۆمارکرد.
ڕاگەیاندنی حوکمی کۆتایی لەبارەی ئەم کەیسە، لەکاتی خۆیدا بەهۆی نێوەندگیری سیاسییەوە ڕاوەستا، عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق ئامادە نەبوو لەسەر ئەم سکاڵایە شایەتی بدات، لە قۆناغی دواتریشدا بەهۆی تێکچوونی نیسابی یاسایی دادگای فیدراڵییەوە، دادگا نەیتوانی حوکمی خۆی دەربکات.
ساڵی 2019 سکاڵایەکی دیکە تۆمارکرا. ڕۆژی 15ی شوباتی 2022 دادگای فیدراڵی عێراق، بڕیاری کۆتایی خۆی لەبارەی بە سەربەخۆ فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کورستانەوە ڕاگەیاند، بەپێی ئەم بڕیارە چیتر هەرێم بۆی نییە بەبێ ئاگاداری بەغداد نەوت هەناردە بکات و دەبێت نەوتەکەی ڕادەستی بەغداد بکات.
ئەو کات حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕەتی کردەوە پابەندی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بێت و بەردەوامی بە هەناردەی نەوتدا تا دواجار دادگای ناوبژیوانی پاریس کەیسێکی یاسایی لە بەرژەوەندی حکومەتی عێراق یەکلایی کردەوە.
ڕۆژی 25ی ئازاری 2023، بە فەرمی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی تورکیاوە ڕاگیرا و هەرێمی کوردستانیش بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت ناچار بە ڕێککەوتن لەگەڵ بەغداد کرا.
چیرۆکی ئابوری سەربەخۆ
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2007ەوە دەستی بە ئامادەکاری کردن تا خۆی سەربەخۆیانە مامەڵە بە نەوت و کانزا سروشتییەکانی وڵاتەکەیەوە بکات، هەر بۆیە لەو ساڵەدا یەکێتی و پارتی یاسای ژمارە 22ی ساڵی 2007ی نەوت و غازی هەرێمی کوردستانیان لە پەرلەمانی کوردستانەوە تێپەڕاند.
ڕۆژی 2ی حوزەیرانی 2009 جەلال تاڵەبانی سەرۆک کۆماری ئەو کاتی عێراق و مەسعود بارزانی سەرۆکی ئەو کاتی هەرێمی کوردستان پێکەوە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانیان ڕاگەیاند، ئەگەرچی سەرەتا عێراق بەهۆی لاوازی پێگەکەیەوە نەتوانی بەرهەڵستی خواستەکەی کورد بکات.
حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک ئامادەکارییەک بۆ ڕاگەیاندنی ئابوری سەربەخۆ، لە ڕێگەی فراکسیۆنەکانی پارتی و یەکێتییەوە پڕۆژە یاسای دیاریکردن و وەرگرتنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق لە داهاتی فیدراڵ ڕەوانەی پەرلەمان کرد.
ڕۆژی 16ی نیسان خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژە یاساکە کرا و ڕۆژی 23ی نیسانی 2013، یاساکە پەسەند کرا، یاساکە لە چەند خاڵێکی سەرەکیدا حکومەتی ئەو کاتی هەرێمی کوردستانی پابەند دەکرد، بەوەی داوا لە حکومەتی عێراقی بکات، بەپێی یاسا لە ماوەی 90 ڕۆژدا شایستە داراییە خەمڵێنراوەکانی هەرێم بداتەوە. ئەگەر حکومەتی عێراق دوای 30 ڕۆژ لە وەرگرتنی داواکارییەکەی هەرێم یان بەسەرچوونی ئەو 90 ڕۆژی دیارکراوە پابەند نەبوو، ئەوا پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو ڕێکارانەی بە گونجاویان دەبینێت بەپێی حوکمەکانی ئەم یاسایە بۆ وەرگرتنی مافە داراییەکانی خۆی بگرێتەبەر، لەنێویشیاندا بەرهەمهێنان و هەناردەکردن و فرۆشتنی نەوتی خاو و غاز بۆ پڕکردنەوەی سەرجەم ئەو بەرکەوتانە کەوا حکومەتی فیدراڵی خۆی دەگرێت لە دانەوەیان.
ناوەڕاستی ساڵی 2014 حکومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمی هەناردەکردنی نەوتی لە ڕێگەی بۆری بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا ڕاگەیاند و لێرەوە چیرۆکی ئابوری سەربەخۆی هەرێمی کوردستان و بە سەربەخۆ فرۆشتنی نەوت دەستپێکرد.