
سبەی
کچێکی کورد دەگاتە سەر لوتکەی ئایسلەند پێیک لە زنجیرە چیاکانی هیمالایا کە لوتکەکە زیاتر لە شەش هەزار مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. ئەو کچە کوردە دەڵێت، بیرلەوە دەکەمەوە گەشتی دیکە بۆ چیا بەرزەکانی زنجیرە چیای ھیمالایا ئەنجام بدەم.
سۆما بانیخێڵانی کچە شاخەوانێکی کوردە، ماوەی چەند ساڵێکە لە وڵاتی سوید نیشتەجێیە، ئەم کچە کوردە دوای گەشتێکی سەخت و تاقەت پڕووکێن،توانی بگاتە یەکێک لە لوتکە بەرزەکانی زنجیرە چیای ھیمالایا لە وڵاتی نیپاڵ کە بە لوتکە "ئایسلەند پێیک" ناسراوە.
سۆما لە ماوەی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بیرۆکەی گەشتەکەی گەڵاڵە کردووە، ئەوەش بە سەیرکردنی بەردەوامی ئەو دیکۆمێنتاریانەی تایبەتن بە شاخ ڕەوی و سەرکەوتن بەسەر لوتکە بەرزەکانی زنجیرە چیای هیمالایە.

دوای چوار ساڵ لە کۆکردنەوەی ئەزموونی بەردەوام، ناوەڕاستی مانگی نیسانی 2024، سۆما بە هاوبەشی لەگەڵ گروپێکی شاخەوانیی سویدی دەتوانێت، ئاواتەکەی لە خەونەوە بکاتە ڕاستی و بگاتە سەر یەکێک لە لوتکە بەزرەکانی زنجیرە چیاکانی ھیمالایا کە بە لوتکەی ئایسلەند پێیک ناسراوە و 6 هەزار و 165 مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە.
سۆما بانیخێڵانی لەبارەی چیرۆکی گەشتەکەیەوە گێڕایەوە، "ھەموو ئەندامانی تیمەکە نەگەیشتوونە سەر لوتکە شاخە بەڵام من و چەند ئەندامێکی دیکە توانیمان بگەیەنە ئەو لوتکەیەی ئامانجمان بووە، دواتریش لەلایەن فیدراسیۆنی شاخەوانیی نیپاڵەوە، بەڵگەنامەی سەرکەوتن و گەیشتن بە لوتکەی ئایسلەند پێیکمان پێبەخشراوە".
لەبارەی هەوڵدان بۆ بەدیهێنانی خەونەکەی سۆما بانیخێڵانی وتی،" لە پێناو بەدیهێنانی خەونەکەمدا هەنگاوم نا بۆئەوەی ئەو خەونەمبەرجەستە بکەم و خۆشبەختانە پێی گەیشتم. وتیشی، "ھیچ خەونێک بە ئاسانی نایەتەدی، دەبێ زەحمەت و کوێرەوەری بۆ بچێژیت، منیش لەو ڕێگەیەدا زۆر زەحمەتیم چەشت و بەڕێگای زۆر پڕ لە مەترسیدا ڕۆیشتم، خۆشبەختانەش پێی گەیشتم".

سۆما بانیخێڵانی باسی ئەوەشی کرد، پێش ئەو گەشتە، تەنھا لوتکە شاخە سێ ھەزار مەترییەکان ڕۆیشتووە بەڵام بەهۆی ئەم گەشتەوە ئەزموونێکی باشتری لە شاخەوانییدا پیداکردووە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد،ئەو سەرکەوتنە، بۆی ئەزموونێکی گرانبەھا بووە کە لە شاخەوانییەوە فێری بووە، چونکە شاخەوانیی توانایەکی جەستەیی و دەروونی زۆری دەوێت، ئەو توانایەش لەناخی خۆتدایە و پێویستە پەرەی پێبدەیت و بیدۆزیتەوە.
ئامانجیەکانی چین؟
سۆما یەکێکە لەو کەسانەی حەز بە کاری سەرکێشی دەکات، وەک خۆی وتی،" "حەزم لەکاری ئاسان نییە، ھەمیشە حەز بە ئەنجامدانی ئەو کارانە دەکەم کە پڕ وردەکاری و زەحمەتن، هەر بۆیە بەو شتانە زۆر بەختەوەر دەبم کە ئەو کارە قورسانە ئەنجام بدەم کە ھەموو کەس توانای ئەوەی نییە ئەنجامیان بدات".
سۆما تەنھا لە سوید گەشت و گەڕانی ناو سرووشت ئەنجام نادات، بەڵکوو لە وڵاتانی ئەمریکا و سویسڕا و ھیندستانیش گەشت و گەڕانی ناو سرووشت ئەنجام دەدات و وێڕای چێژ وەرگرتن، ھاوکات ئەزموونی زۆریشی لەبارەوە کۆکردۆتەوە.

سۆما بانیخێلانی ئێستا ئامانجییەت گەشتی دیکە بۆ چیا بەرزەکانی زنجیرە چیای ھیمالایا ئەنجام بدات. وەک خۆی وتی، "ئەگەرچی مەترسییەکانی ئەو جۆرە گەشتانە زۆر زۆرن و کاتی زۆر و تێچوویەکی ماددی زۆری دەوێت، بەڵام ھەمیشە کار لەسەر بەدیھێنانی ئەو خەونانە دەکات کە لەمێشکیدا چەکەرەیان کردووە".
ئەو کچە شاخەوانە هیوادەخوازێت، گروپەکانی شاخەوانیی لەکوردستان زۆرتر ببن و شاخەوانانیش ئاستی تێگەیشتنی خۆیان لە دنیای زانستی شاخەوانیدا زۆتر ببەنە پێشەوە و ھاوکاری بکرێن بۆئەوەی گەشتی لوتکە شاخە بەرزەکانی دنیا بکەن.

لوتکەی ئایسلەند پێیک
لوتکەی ئیمجا تسێ یان ئایسلەند پێیک، زیاتر لە 6 هەزار و 100 مەتر لە ئاستی ڕوی دەریاوە، بەرزە، کەوتووەتە سنووری ناشناڵ پارکی ساگارماتا لە ناوچەکانی زنجیرە چیای ھیمالایا لە ڕۆژھەڵاتی وڵاتی نیپاڵ.
ئەو شاخە بە تولە ڕێگای دوور و درێژ و ھەوراز و نشێوی سەخت و ئەستەم، ھەروەھا بوونی درزی بەفر و سەھۆڵی قوڵ و بێ بن، لەگەڵ تاڤگەی سەھۆڵینی بەرز ناسراوە کە لەسەر ڕێگای گەیشتن بە لوتکە، شاخەوانان پێویستە ئەو سەختییانە تێپەڕێنن.
سەرچاوە: فیدراسیۆنی شاخەوانیی کوردستان
