ئاسایشی سلێمانی داوا لە حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکات زڕگوێز چۆڵ بکەن

#زڕگوێز#ئێران#کۆمەڵە
10 مانگ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 10 مانگ نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • دەزگای ئاسایشی هەرێم/ سلێمانی پەیام دەداتە حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بنکە و بارەگاکانیان لە زڕگوێز چۆڵ بکەن
  • بەرپرسانی دەزگای ئاسایشی هەرێم/ سلێمانی لە کۆبونەوەکەدا ئاماژەیان بە ڕێککەوتنی ئەمنی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران کردووە.
  • "سبەی" دەزانێت، حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان داواکارییەکەیان ڕەتکردەوەتەوە و ڕایانگەیاندووە،" ئەوان لە زڕگوێز دەمێننەوە، لە ژێر هیچ فشار و هێرشێکدا ئامادە نین بارەگەکانیان چۆڵ بکەن.
Primary Asset

وێنەکە تابلۆی ڕێگای زڕگوێز نیشان دەدات/ ئەحمەد مستەفا

سبەی

دەزگای ئاسایشی هەرێم/ سلێمانی پەیام دەداتە حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بنکە و بارەگاکانیان لە زڕگوێز چۆڵ بکەن، حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش داواکارییەکە ڕەتدەکەنەوە. 

"سبەی" لە چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە زانیاری دەستکەوتووە دەزگای ئاسایشی هەرێم/ سلێمانی پەیامێکی نوێی گەیاندوەتە حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تا بنکە و بارەگاکانیان لە ناوچەی زڕگوێزی سلێمانی چۆڵ بکەن. 

سەرچاوە ئاگادارەکانی "سبەی" ئاشکرایان کرد، ڕۆژێک پێش سەردانەکەی عەلی باقری سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی ئێران بۆ سلێمانی (13ـی حوزەیران)دەزگای ئاسایشی هەرێم/ سلێمانی نوێنەری هەر سێ کۆمەڵەکەی لە بارەگای دەزگای ئاسایشی هەرێم لە سلێمانی کۆکردوەتەوە و هۆشداری پێداون. 

بەرپرسانی دەزگای ئاسایشی هەرێم/ سلێمانی لە کۆبونەوەکەدا ئاماژەیان بە ڕێککەوتنی ئەمنی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران کردووە و ڕایانگەیاندووە، ئەگەر بنکە و بارەگاکانتان چۆڵ نەکەن ڕەنگە ئێران بۆردومانیان بکات. 

بەرپرسێکی بەشدار لە کۆبونەوەکە بە "سبەی" وت، "ئامانجی گەیاندنی ئەو پەیامە وەڵامدانەوەی داواکارییەکانی ئێران بووە، بەرپرسانی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان ئامانجییانە بووە، لەسەر چۆڵکردنی زڕگوێز وەڵامێکی نوێ بە سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی ئێران بدەن". 

"سبەی" دەزانێت، حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان داواکارییەکەیان ڕەتکردەوەتەوە و ڕایانگەیاندووە،" ئەوان لە زڕگوێز دەمێننەوە، لە ژێر هیچ فشار و هێرشێکدا ئامادە نین بارەگەکانیان چۆڵ بکەن. بەرپرسێکی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بە “سبەی” ڕاگەیاند، ماوەیەکە فشارەکانی سەرمان زیاتر بوون و هێزە ئەمنیەکان و لایەنە سیاسییە دەسەڵاتدارەکانی هەرێمی کوردستان زیاتر گوشارمان لەسەر دروست دەکەن.

کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و کۆمەڵە ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بارەگای سەرەکیان لە زڕێگوزی سنوری پارێزگای سلێمانییە. 

ڕێککەوتنی ئەمنی

ناوەڕاستی ساڵی 2023، ئێران ڕێککەوتنی ئەمنی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان واژۆکرد، کە ڕێكکەوتنەکە تایبەت بوو بە چەککردنی حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە کۆتاییەکانی ئەو ساڵەدا بەشێکی ڕێککەوتنەکە جێبەجێکرا. حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پابەندی خۆیان بە چۆڵکردنی سنورەکانەوە ڕاگەیاند بەڵام بۆ چۆڵکردنی تەواوی بارەگاکانیان ملیان نەدا.

ئێران زیاتر لە جارێک نیگەرانی لەسەر چۆڵنەکردنی بارەگاکان نیشاداوە و ڕاگەیاندووە،" پێویستە حزبە دژبەرەکانی ئێران بۆ قوڵایی خاکی عێراق بگوازرێنەوە کە مەبەست لێی سنوری موسڵە". 

باقری لە تارانەوە تا سلێمانی

ڕۆژی13ـی حوزەیرانی 2024 عەلی باقری سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی ئێران سەردانی بەغدادی کرد، دوای کۆبونەوەی لەگەڵ سەرۆکایەتییەکانی عێراق، ڕۆژی 14ـی حوزەیرانی 2024، لە هەولێر لەگەڵ سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبوەوە، هەر لە هەولێر سەردانی پیرمامی کرد و لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی کۆبوەوە.

بەشێکی دیکەی کۆبونەوەکانی باقری سلێمانی بوون و بە جیا لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی و بەرهەم ئەحمەد ساڵح سەرۆک کۆماری پێشوی عێراق کۆبوەوە، دواتریش لەگەڵ کۆمەڵ، یەکگرتوو، گۆڕان، پارتی سۆسیالیت و بزوتنەوەی پەیوەندی ئیسلامی کۆبوەوە.

خاڵی هاوبەشی زۆرینەی ڕاگەیەندراوی کۆبونەوەکان بەرەو پێشبردنی پەیوەندییەکان و دۆستایەتی نێوان ئێران بووە لەگەڵ عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی