
سبەی
هیندستان، ئیگۆر ستیماتسی، ڕاهێنەری كرواتی پێشووی هەڵبژاردەی نیشتمانی بەوە تۆمەتبار كرد، لە دەستنیشانكردنی یاریزانان بۆ یاری پشتی بە ئەستێرەناسێك بەستووە.
یەكێتی تۆپی پێی هیندستان ڕایگەیاند، ئیگۆر، بۆ هەڵبژاردنی یاریزانەكان، هانای بۆ ئەستێرەناسێك بردووە.
هەفتەی ڕابردوو، ئیگۆر لە پۆستەكەی لادرا، ئەمەش دوای ئەوەی شكستی هێنا لە ئامادەكارییەكان بۆ خولی سێیەمی پاڵاوتنەكانی مۆندیالی 2026 و جامی ئاسیای 2027.
پەیوەندی نێوان یەكێتی تۆپی پێی هیندستان و بەرگریكاری پیشووی ئینگلیزی لوست هام و هەڵبژاردەی كرواتیا لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوو، كە ئیگۆر ڕاهێنەری هەڵبژاردەكە بوو، گرژی زۆری بە خۆوە بینی.
ئیگۆر 56 ساڵە و پێشتر لە كۆنفرانسێكی میدیایی ڕایگەیاندبوو، نەشتەرگەری دڵی بۆ كراوە بە هۆی ئەو گرژیانەی ڕوویان تێكردووە و ئەو بەرهەڵستیی و چەواشەكارییەی هەندێك كەسی خاوەن بەرژەوەندی لە دژی بڵاویان كردووەتەوە.
یەكێتی تۆپی پێی هیندستان شەوی دووشەممە وەڵامی ئیگۆری دایەوە و ڕایگەیاند، یەكێتییەكەیان بە هۆی لێدوانی نەرێنیانەی ئیگۆرەوە زیانی زۆری بەركەوتووە و ئەو یەك ئامانجی هەبووە، كە سوكایەتی بە یەكێتی تۆپی پێی هیندستان بكات و ئەندامەكانی بە دزێو پیشان بدات، ئەمەش لە كەسێكی پیشەگەر ناوەشێتەوە، كە ماوەی پێنج ساڵە لەو دامەزراوەیە خزمەت دەكات.
هەروەها وتی: ئەو هەڵسوكەوتانەی ئیگۆر دروستی ئەو بڕیارە پیشاندەدات، كە یەكێتییەكە داویەتی بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكەی.
ئیگۆر ستیماتسی، لەگەڵ هەڵبژاردەی كرواتیا وەك یاریزان گەیشتبووە قۆناغی پێش كۆتایی جامی جیهانیی 1998، لە 2019ەوە ڕاهێنەری هیندستانە.
لە كاتی ڕاهێنەرایەتی بۆ هەڵبژاردەی هیندستان، بە گوێرەی بەدواداچوونە میدیاییەكان، كە لە 2023 بڵاوكراونەتەوە، ئیگۆر لە دەستنیشانكردنی یاریزانانی هەڵبژاردەكەی گەڕاوەتەوە بۆ بۆچوونی ئەستێرەناسێك، بەڵام ناوبراو ئەو تۆمەتەی ڕەتكردووەتەوە.
یەكێتی تۆپی پێی هیندستان لەو بارەیەوە ڕایگەیاندووە، تاساین كاتێك تێبینیمان كرد، ئەو ڕاهێنەرە كرواتییە، پشت بە ئەستێرەناسێك دەبەستێت بۆ بانگكردنی یاریزانەكان و دیاریكردنیان بۆ ڕیزی هەڵبژاردەكە.
ئەو ڕاهێنەرە كرواتیا لە جامی ئاسیا سەرپەرشتی هەڵبژاردەی هیندستانی دەكرد، بەڵام لە هەر سێ یاری بەراییدا هەڵبژاردەی هیندستان دۆڕا و كرایە دەرەوە.
لە ڕیزبەندی جیهانیدا، هەڵبژاردەی هیندستان لە پلەی 124ـەمین هەڵبژاردەی جیهانە.
