"سبەی" ناوی سەرۆک لیستەکان لەسەرجەم بازنەکان ئاشکرا دەکات

#پارتی#یەکێتی#بەرەی گەل#گۆڕان#نەوەی نوێ#ڕەوتی هەڵوێست
8 مانگ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 8 مانگ نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • "سبەی" ناوی سەرۆک لیستی سەرجەمی ئەو لایەنانەی دەستکەوتووە کە لیستی ناوی کاندیدەکانیان پێشکەشی کۆمسیۆن کردووە.
  • لاهور شێخ جەنگی، شاڵاو کۆسرەت ڕەسوڵ، عەلی حەمەساڵح دیارترین سەرۆک لیستەکانی هەڵبژاردنەکەن.
  • هەرچی پارتییە تا ئێستا لیستی ناوی کاندیدەکانی پێشکەشی کۆمسیۆن نەکردووە و هیچ زانیارییەکیشی لەبارەی کاندیدەکانی بڵاونەکردوەتەوە.
Primary Asset

سبەی

"سبەی" ناوی سەرۆک لیستی سەرجەمی ئەو لایەنانەی دەستکەوتووە کە لیستی ناوی کاندیدەکانیان پێشکەشی کۆمسیۆن کردووە. لاهور شێخ جەنگی، شاڵاو کۆسرەت ڕەسوڵ، عەلی حەمەساڵح دیارترین سەرۆک لیستەکانی هەڵبژاردنەکەن. هەرچی پارتی دیموکراتی کوردستانە، تا ئێستا لیستی ناوی کاندیدەکانی پێشکەشی کۆمسیۆن نەکردووە و هیچ زانیارییەکیشی لەبارەی کاندیدەکانی بڵاونەکردوەتەوە. 

"سبەی" ناوی سەرجەمی ئەو کاندیدانەی دەستکەوتووە کە لایەنە سیاسییەکان ناوەکانیان پێشکەشی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق کردووە.

لەم ڕاپۆرتەدا ناوی سەرۆک لیستی سەرجەم ئەو لایەنانە بڵاودەکرێتەوە، کە ناوەکانیان پێشکەشی کۆمسیۆن کراوە و لەلایەن حزبەکانەوە لە چوار بازنەکەی هەڵبژاردن کاندیدی ژمارە یەک دەبن.

یەکێتی نیشتیمانی کوردستان

یەکێتی لە هەر چوار بازنەکەی هەڵبژاردن لیستی دەبێت و ناوی زیاتر لە 150 کاندیدی پێشکەشی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان کردووە، سەرۆک لیستی یەکێتی لە هەولێر کە شاڵاو کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی دەبێت، بە یەکێک لە بەهێزترین سەرۆک لیستەکانی هەولێر دادەنرێت.

شاڵاو کۆسرەت ڕەسوڵ، کە کوڕی کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی یەکێک لە دیارترین سەرکردەکانی یەکێتییە و باوکی ماوەیەکی درێژ سەرقافڵەی یەکێک لە باڵە جیاوازەکانی حزبەکە بووە. شاڵاو کۆسرەت ڕەسوڵ لە دوای نەخۆشکەوتنی باوکییەوە زیاتر لە دەربازی برای ڕۆڵی باوکی دەگێڕێت بەڵام پێگە و ڕۆڵی لەناو حزبەکە هاوشێوەی ڕابردووی باوکی نییە بەڵکو ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتییە. 

سەرۆک لیستەکانی یەکێتی 

سلێمانی 

میران محەمەد

هەولێر

شاڵاو عەبدوڵا (شاڵاو کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی)

دهۆک

عەلی مستەفا (عەلی ئورەماری)

هەڵەبجە

بەرزان عوسمان

 

بەرەی گەل 

لاهور شێخ جەنگی بەهێزترین و دیارترین سەرۆک لیستی بەرەی گەلە کە سەرۆکی لە سلێمانی سەرۆکایەتی لیستەکە دەکات، بەهێزی پێگەی لاهور شێخ جەنگی بۆ ئەوەدەگەڕێتەوە ناوبراو لە ڕابردوو لەناو یەکێتی نیشتیمانی کوردستاندا پێگەیەکی بەهێزی سەربازی و سیاسی هەبووە. 

لاهور شێخ جەنگی لەگەڵ ئەوەی سەرۆکی لیستی بەرەی گەل لە بازنەی سلێمانی، هاوکات چاوەڕوان دەکرێت هاوشێوەی سەرۆک لیست لە سەرجەم بازنەکانی هەڵبژاردن دەربکەوێت. سەرۆکی لیستی بەرەی گەل لە سلێمانی ئەگەرچی بە فەرمی سەرۆکی جوڵانەوەی بەرەی گەل نییە بەڵام ئەو لە لێدوانەکانی ڕابردوویدا بۆ "سبەی" نەیشاردوەتەوە، بەهۆی کێشە سیاسییەکانی لەگەڵ یەکێتی خۆی نەیتوانیووە سەرۆکایەتی جوڵانەوەکە بکات، بۆیە لە ئێستادا لەپێناو کارکردنیان وەک قەوارەیەکی سیاسیدا کەسێکی دیکە سەرۆکایەتی جوڵانەوەی بەرەی گەل دەکات. 

لاهور شێخ جەنگی لەگەڵ ئەوەی کەسی یەکەمی هێزەکانی دژەتیرۆر و دەزگای زانیاری یەکێتی بووە، لە دوای کۆنگرەی چواریش بووەتە هاوسەرۆکی یەکێتی لە دوای ڕوداوەکانی 8ـی تەمووز لە یەکێتی دورخرایەوە و دواتر لیستی بەرەی گەلی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ڕاگەیاند. 

سەرۆک لیستەکانی بەرەی گەل

سلێمانی 

لاهور شێخ جەنگی

هەولێر

شادومان مەلا حەسەن

دهۆک

زکری ئەحمەد (زکری زێباری)

هەڵەبجە

عەبدولڕەزاق محەمەد

 

ڕەوتی هەڵوێستی هەڵوێستی نیشتیمانی 

ڕەوتی هەڵوێستی نیشتیمانی کە عەلی حەمەساڵح سەرۆکایەتی دەکات، جیاواز لە هەموو لیستەکانی دیکە لە کۆی چوار سەرۆک لیست، دوو لە سەرۆک لیستەکانی کەسانی دیارن و کەسانێکی ئاشنان بە خەڵک. 

عەلی حەمەساڵح ئەندامی پێشووی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان سەرۆکایەتی لیستی هەڵوێست دەکات لە بازنەی سلێمانی کە ناوبراو لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2013 پەرلەمانی کوردستان زیاتر لە 139 هەزار دەنگی بەدەستهێنا. عەلی حەمەساڵح دوای نیگەرانییەکانی وازی لە بزوتنەوەی گۆڕان هێنا و لەگەڵ چەند سەرکردەیەکی پێشووی بزوتنەوەکە و چەند کەسایەتییەکی ناڕازی ڕەوتی هەڵوێستیان ڕاگەیاند. 

 “سبەی” دەزانێت سەرۆکی لستەکە لە هەولێریش بە هەمان شێوە کەسایەتیەکی دیار دەبێت، سەرۆکی لیستی هەڵوێستی نیشتیمانی دهۆکیش، هاوشێوەی سلێمانی کەسایەتی دیارە کە بەدەل بەروارییە.

بەدەل بەرواری لە ئازاری 2020 بەهۆی ڕێکخستن و بەشداریکردن لە خۆپیشاندانی مامۆستایانی ناڕازی لە شاری دهۆک دەستگیرکرا، دۆسیەکەی گواسترایەوە شاری هەولێر، ڕۆژی 19ـی تشرینی یەکەمی 2021 لە دادگای کەتنی دووی هەولێر ، دادگایی کرا و بە یەک ساڵ بەندکردن سزادرا.

سەرۆک لیستەکانی ڕەوتی هەڵوێست

سلێمانی 

عەلی حەمەساڵح

دهۆک

بەدەل بەرواری

هەڵەبجە

هۆشمەند موراد

بزوتنەوەی گۆڕان

بزوتنەوەی گۆڕان لە دیاریکردنی سەرۆک لیستەکانیدا سودی لە گەنجەکانی ناو بزوتنەوەی گۆڕان وەرگرتووە و ئەو کەسانەی وەک سەرۆک لیست دیاریکردووە کە مێژووی زێڕینی گەشەکردنیان لەناو گۆڕاندا بووە. چۆمان محەمەد و هێمن محەمەد شێخانی کە سەرۆکایەتی لیستەکانی گۆڕان دەکەن لە سلێمانی و هەولێر بەروارد بە دوو سەرۆک لیستەکەی دیکەی گۆڕان دەرکەوتنی میدیایان زیاترە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش چالاکتر دەبینرێن بەڵام پێگەکانیان تەنها پەیوەستە بە ئاستی پارێزگاکانیانەوە. سەرۆکی لستەکەش لە بازنەی هەڵەبجە بەهۆی پێگە ئیدارییەکەیەوە کە جێگری پارێزگاری هەڵەبجەیە لەسەر ئاستی پارێزگای هەڵەبجە ناوێکی ئاشنایە بۆ خەڵک. 

سەرۆک لیستەکانی گۆڕان

سلێمانی 

چۆمان محەمەد

هەولێر

هێمن  محەمەد شێخانی 

دهۆک

وەلید سلێمان

هەڵەبجە

شاهێن حەمەڕەزا

 

جوڵانەوەی نەوەی نوێ

نەوەی نوێ کە لەم هەڵبژاردنەدا پەیامی دەستاودەستکردنی دەسەڵاتی هەڵگرتووە و دەیەوێت ئەنجامێکی باش لە بەدەستبهێنێت، بەراورد بە سەرۆک لیستی لایەنەکانی دیکە سەرۆک لیستەکانی نەوەی نوێ ئەزمونی سیاسییان درێژ نییە و زۆرێکیان لەگەڵ تەمەنی جوڵانەوەکە دەست پێدەکات، بۆیە سەرۆک لیستەکان کەسایەتی دیار نین، ئەوەی هەبێت سەرۆک لیستەکانی نەوەی نوێن لە دهۆک و هەڵەبجە کە دوو رۆژنامەنوسن و بەراورد بەبە سەرۆک لیستەکانی دیکەی جوڵانەوەکە بۆ خەڵک ئاشنا ترن. سپان ئامێدی کە سەرۆکی لیستی نەوەی نوێ دەکات لە بازنەی دهۆک بەهۆی ئەوەی لە خولی ڕابردوودا ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بووە لەناو هەر چوار سەرۆک لیستەکەی جوڵانەوەکە پێگەی بەهێزتر دەبینرێت. 

سەرۆک لیستەکانی نەوەی نوێ

سلێمانی

محەمەد سلێمان

هەولێر

دیکۆ فاروق

دهۆک

سیپان ئامێدی

هەڵەبجە

خەبات نەوزاد

 

یەکگرتو ئیسلامی

یەکگرتو هەمیشە بەوە دەناسرێتەوە دەتوانێت لە هەموو هەڵبژاردنەکاندا پارێزگارییەکی باش لە دەنگەکانی بکات، ڕەنگە لەسەر ئەو بنەمایە سەرۆک لیستەکانی دیاری کردبێت و پشتی بە ناوی زۆر دیار نەبەستبێت، محەمەد قادر هاودیانی کە یەکێکە لە سەرکردەکانی یەکگرتو، پێشتریش وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵایەتی هەرێمی کوردستان بووە یەکێکە لەو ناوە دیارانەی کە سەرۆکایەتی لیستی یەکگرتو دەکات لە هەولێر، مستەفا عەبدوڵا لە سلێمانیش بە هەمان شێوە یەکێکی دیکەیە لەسەرکردەکانی حزبەکە سەرۆکایەتی لیستی یەکگرتوو دەکات لە سلێمانی، سەعید عەلی عەبۆ کە سەرۆکایەتی لیستی یەکگرتو دەکات لە دهۆک یەکێکە لە سەرکردە کۆنەکانی یەکگرتو و لە دەڤەری بادنیانیش خاوەن پێگەی جەماوەرییە، کاوە عەلیش سەرۆکی لیستی یەکگرتوو لە هەڵەبجە لەسەر ئاستی پارێزگاکە ناوێکی دیارە بۆ هاوڵاتییان. 

سەرۆک لیستەکانی یەکگرتو

سلێمانی

مستەفا عەبدوڵا 

هەولێر

محەمەد قادر هاودیانی

دهۆک

سەعید عەلی عەبۆ

هەڵەبجە 

کاوە عەلی

 

کۆمەڵ

لەناو سەرۆک لیستەکانی کۆمەڵی دادگەری عەبدولستار مەجید و ڕێبوار حەمەد دیارترین ناون کە یەکەمیان لە خولی ڕابردوو ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بووە و دووەمیشان لە ڕابردوو وتەبێژی کۆمەڵی دادگەری بووە و بەهۆی پێگەکەیەوە لە میدیاکاندا گرنگی بە دەرکەوتنی دراوە. سەرۆکی لستی کۆمەڵ لە دهۆکیش بۆ خەڵک ئاشنایە کە مامۆستایەکی ئایینیە و بە مەلا عەنتەر ناسراوە.

سەرۆک لیستەکانی کۆمەڵ

سلێمانی 

ڕێبوار حەمەد

هەولێر

عەبدولستار مەجید

دهۆک

عەنتەر عیسا

هەڵەبجە

تۆفیق مستەفا

 

سەرۆک لیستی لایەنەکانی دیکە

سەرۆک لیستەکانی سەردەم

سلێمانی

باپیر کەکە مەلا

هەولێر

نەجات عومەر

دهۆک

 موسڵیح ڕەجەب

هەڵەبجە

سەلام عەبدوڵا

 

سەرۆک لیستەکانی هاوپەیمانی نیشتمانی

سلێمانی

بێخاڵ سابر

هەولێر

نەوزاد سەلام

دهۆک

مەریەم پوڵس

هەڵەبجە

مەریوان نوری

 

سەرۆک لیستەکانی بزوتنەوەی پەیوەندیی ئیسلامی

سلێمانی

حەمەدەمین عەبدوڵا

هەولێر

کاکل حەسەن

هەڵەبجە

نزار کەمال

 

سەرۆک لیستەکانی هاوپەیمانیی هەرێمی کوردستان

سلێمانی

ڕێبین محەمەد حاجی مەحمود

هەولێر

نیزام عومەر

هەڵەبجە

نەوزاد عەبدولقادر

 

سەرۆک لیستەکانی بەرەی تورکمانی

سلێمانی

تالیب محەمەدئەمین

هەولێر

ئایدن مەعروف

 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی