هۆڵی سینه‌ما نه‌ورۆز له دهۆك - وێنه: سبه‌ی
سبه‌ی
هۆڵی سینەمای نەورۆز بە هێمای سینەما لە شاری دهۆک داده‌نرێت، به‌ڵام نزیکەی 20 ساڵە هیچ فیلمێكی سینەمایی تێدا نیشان نه‌دراوه، ماوەیەکیشە بووەتە شوێنی فڕێدانی زبڵ و خاشاک، پێچه‌وانه‌ی كۆتاییه‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردوو، كه خه‌ڵكی شاره‌كه بینه‌ری سەدان فیلمی سینەمایی بوون له‌و هۆڵه‌دا.
حەسەن فەتاح، بەرپرسی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبه‌رایەتیی ڕۆشنبیری و هونەری دهۆکه و له‌و باره‌یه‌وه بۆ "سبەی" دوا و وتی، "ئەو زەوییەی بینای سینەما نەورۆزی له‌سه‌ر دروستکراوە، موڵکی شارەوانییە و کەرتی تایبەت پێش 20 ساڵ فیلمی سینەماییان تێدا نیشان دەدا، هەر کاتێک باس لە سینه‌ما له دهۆك دەکرێت، سینەمای نەورۆز وه‌ك هێمای سینه‌مای شاره‌كه ئاماژه‌ی بۆ ده‌كرێت".
به‌پێی وته‌ی حەسەن فەتاح، پێش ساڵێک بە نوسراو داوای نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی هۆڵی سینه‌ما نه‌ورۆزیان كردووه و وتیشی، "بەڵام ڕەنگە له‌م سه‌رده‌مه‌دا شوێنه‌كه بۆ سینه‌ما نەگونجێت، چونکە ڕووبه‌ری پێویست بۆ جێگای ڕاگرتنی ئۆتۆمبێل و خزمه‌تگوزاری له‌و شوێنه‌دا به‌رده‌ست نییه، بۆیه داوامانکردووە هۆڵه‌كه وه‌كو سیمبوڵێكی شاری دهۆك بمێنێته‌وه".
وتیشی، "دهۆک لە ڕووی ژێرخان و بینای تایبەت بە سینەما هەژارە، تەنها سێ هوڵی سینەما هەن كه له مۆڵه‌كانن له‌گه‌ڵ هوڵی کۆنفرانسەکان كه بۆ فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلم بەکاردەهێنرێت".