سبەی
مەکتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لیستی ناوی کاندیدانی حزبەكەی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پەسەند كرد و یەکێتیش گۆڕانکاری لە لیستی کاندیدەکانی دەکات و ژمارەی کاندیدەکانی کەم دەکاتەوە.
پارتی دیموکراتی کوردستان ئامادەکارییەکانی بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان چڕکردوەتەوە، لە ئێستا حزبەکە لیستی ناوی کاندیدەکانی لەسەر ئاستی مەکتەبی ڕێکخستەکان ئامادەکردووە و پێشکەشی مەکتەبی سیاسی کردووە.
ئەشواق جاف ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی بە "سبەی" وت: "بڕیارە بەمزوانە مەکتەبی سیاسی کۆبێتەوە و گفتوگۆی کۆتایی لەسەر ناوی کاندیدەکان بکات، تا پێش کۆتایی هاتنی وادەی پێشکەشکردنی ناوی کاندیدان، بەشی هەڵبژاردن بە فەرمی لیستی ناوی کاندیدەکانی پێشکەش بکات".
"سبەی" دەزانێت، پارتی لە هەموو بازنەکان دوو هێندەی ژمارەی کورسی بازنەکە کاندیدی دەبێت واتە بۆ ئەو 95 کورسییەی گشتییەی کە هەن 190 کاندیدی دەبێت، بە شێوەیەک لە سلێمانی کە 36 کورسی هەیە، 72 کاندیدی دەبێت، لە بازنەی هەولێر کە 32 کورسییە 64 کاندیدی دەبێت، لە بازنەی دهۆک کە 24 کورسییە 48 کاندیدی دەبێت، بۆ سێ کورسییەکەی پارێزگای هەڵەبجەش 6 کاندیدی دەبێت.
کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق کە ئەرکی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی لە ئەستۆیە، 15ـی تەموزی 2024ـی وەک دوایین وادە بۆ پێشکەشکردنی ناوی لیستی کاندیدانی لایەنە سیاسییەکان دیاریکردووە.
بڕیاربوو، 10ـی حوزەیرانی 2024، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت بەڵام بەهۆی بەشدارینەکردنی پارتی و گەڕاندنەوەی کورسی کۆتاکان نەتوانرا لەو وادەیەدا هەڵبژاردنەکە ئەنجام بدرێت، بۆیە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان مەرسومی پێنجەمی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەم دەرکرد. نێچێرڤان بارزانی ڕۆژی 20ـی تشرینی یەکەمی وەک ڕۆژی هەڵبژاردن دیاری کرد.
یەکێتی گۆڕانکاری لە لستی کاندیدەکانیدا دەکات
یەکێتی ئامادەکارییەکانی بەو ئاڕاستەیە بوون کە 10ـی حوزەیران هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، بۆیە نزیکەی 3 مانگ لە مەوبەر لستی ناوی کاندیدەکانی پێشکەش کرد، بەڵام حزبەکە ناچارە ئێستا گۆڕانکاری لە لستی کاندیدانی بکات.
ڕزگار حاجی حەمە، بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردنی یەکێتی بە "سبەی" ڕاگەیاند، گۆڕانکارییەکان پەیوەستن بە ژمارەی کاندیدەکانەوە، ئێستا ژمارەی کاندیدانی یەکێتی لە هەولێر و سلێمانی دوو هێندە و زیاتری ژمارەی کورسییە بازنەکانەوە، بۆیە لە هەولێر چوار کاندید و لە سلێمانیش چوار کاندید لە ناویان لە لستی کاندیدەکان دەرهێنراوە یان خۆیان كشاونەتەوە.
ڕونیشكردەوە، هۆکاری زۆربوونی ژمارەی کاندیدەکان بۆ ئەوە دەگەرێتەوە، کاتێک یەکێتی لیستی کاندیدەکانی پێشکەش کردووە کورسی کۆتاکان نەگەڕاونەتەوە، بۆیە دوای گەڕانەوەی پێنج کورسییەکە ژمارەی کورسی گشتی کەم بوەوە.
لەبارەی ئەو کەسانەی ناوییان لە لیستی کاندیدەکان دەرهێنراوە، باسی لەوەکرد، جیاوازن مەرج نییە هەموو ئەوانە لە کۆتایی لیستەکاندابن، هەندێکیان پێکهاتەکانن کە سەرەتا لە ناو لیستی یەکێتی خۆیان کاندید کردووە، بەڵام دوای گەڕانەوەی کورسیی کۆتاکان خۆیان وەک پێکهاتە کاندید کردووە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، لە چەند ڕۆژی داهاتوو لیستە نوێیەکەی ناوی کاندیدانمان پێشکەشی کۆمسیۆن دەکەینەوە.
سەرۆک لیستەکانی یەکێتی
یەکێتی لە هەر چوار بازنەکەی هەڵبژاردن لیستی دەبێت و ناوی زیاتر لە 150 کاندیدی پێشکەشی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان کردووە، ئەم کەسانە سەرۆکایەتی لیستەکانی یەکێتی دەکەن.
سلێمانی
میران محەمەد
هەولێر
شاڵاو عەبدوڵا (شاڵاو کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی)
دهۆک
عەلی مستەفا (عەلی ئورەماری)
هەڵەبجە
بەرزان عوسمان