
سبەی
پەستانی ئاو لە بنی خەندەقەکە زیاترە لە 703 کیلۆگرام بۆ هەر مەترێک چوارگۆشە، کە هەزار جار زیاترە لەو فشارەی لەسەر رووی ئاو هەستی پێدەکرێت، یاخود هاوتایە لەگەڵ کێشی 50 فڕۆکەی بۆینگ 747.
بە درێژایی سەدەیەکی تەواو، گەڕانە یەک لەدوایەکەکان هەوڵیاندا بە قوڵایی خەندەقی ماریانا ( Mariana Trench) بگەڕێن و بگەنە قوڵترین خاڵی بنکەکەی و نهێنییە سەرسوڕهێنەر و بوونەوەرە سەیرەکانی ئاشکرابکەن.
قوڵترین ناوچەی خەندەقی ماریانا کوێیە؟
خەندەقی ماریانا شێوەیەکی هیلالی هەیە، یەکەم و دووەم قوڵترین خاڵی زەریاکان و هەسارەی زەوی لەخۆی دەگرێت، دەکەوێتە رۆژئاوای زەریای هێمن ، رۆژهەڵاتی دوورگەی ماریانا لە نزیک دوورگەی گوامی ئەمەریکا. درێژی خەندەقی ماریانا 2542 کیلۆمەترە،
لە بەشی باشووری خەندەقەکە ناوچەیەک هەیە بە ناوی چاڵنجەر دیپ ( CHALLENGER DEEP)، کە قوڵترین خاڵی زەوییە، ئەستەمە بتوانرێت لە رووی زەریاکەوە قوڵییەکەی بپێورێت، بەڵام لەساڵی 2010 ئیدارەی نیشتیمانی ئەمەریکی بۆ زەریاکان و بەرگە هەوا ((NOAA
لە ڕێگەی تەکنەلۆجیای شەپۆلەکانی دەنگەوە، قوڵی " چاڵنجەر دیپ" یان بە 10 هەزار و 994 مەتر دیاریکردووە،ساڵی 2021 بە بەکارهێنانی هەستەوەرەکانی پەستان قوڵترین شوێنی ئەو خاڵەیان بە 10 هەزار و 935 دیاریکردووە، خەمڵاندنەکانی دیکەش نزیک لەو دووانەوە بوون.
دووەم قوڵترین خاڵی زەریاکان هەر لە خەندەقی ماریانایە و پێی دەگوترێت سیرێنە دیپ Sirena Deep))، 200کیلۆمەتر لە چاڵنجەر دیپەوە دوورە، قوڵییەکی دەگاتە 10 هەزار و 809 مەتر، کە 2147 مەتر قوڵییەکەی زیاترە بەراورد بە لوتکەی چیای ئەڤرێست کە 8848مەتر لە ئاستی رووی دەریاوە بەرزە.
خەندەقی ماریانا چۆن دروستبووە و کەی دۆزرایەوە؟
خەندەقی ماریانا بەهۆی پرۆسەیەکی جیۆلۆجییەوە دروستبووە کە پێی دەگوترێت ناوچەی "ژێرئاوکەوتن"، کە لە ئەنجامی پێکدادانی دوو پلێتی گەورەی توێکڵی زەریاکان لەگەڵ یەکتردا دروست دەبن، لەکاتێکدا یەکێکیان پاڵ بە یەکێکی دیکەوە دەنێت کە لەئەنجامدا بەهۆی بەریەککەوتنی ئەم دوو پلێتە، خەندەقێکی قووڵ دروستدەبێت.
خەندەقی ماریانا لە ئەنجامی خلیسکانی پلێتی زەریای هێمن لە ژێر پلێتی فلیپینەوە دروستبووە، کە تەمەنی پلێتی زەریای هێمن 180 ملیۆن ساڵە بەڵام تەمەنی پلێتی فلیپین کەمترە.
بەدرێژایی سەدەی رابردوو، چەندین گەشتی زانستی بە سەرنشین و بەبێ سەرنشین بە خەندەقی ماریانادا ئەنجامدران و کێبڕکێیان کردووە بۆ شکاندنی ژمارەی پێوانەیی و گەیشتن بە دورترین قوڵایی.
ساڵی 1875، کەشتی ئەیچ ئێم ئێس چاڵنجەر (HMS Challenger) لەکاتی گەشتەکەیدا بە دەوری جیهان، بۆ یەکەمجار بە بەکارهێنانی ئامێری نوێی تاقیکردنەوەی شەپۆلە دەنگییەکان خەندەقەکەی دۆزییەوە.
ساڵی 1951، کەشتییەکی دیکە بەناوی کەشتی "ئەیچ ئێم ئێس چاڵنجەر 2" جارێکی دیکە خەندەقەکەی پشکنییەوە، وەک رێزلێنانێک بۆ ئەو دوو کەشتییە ناوی " چاڵنجەر دیپ" لە قوڵترین شوێنی خەندەقەکە نرا.
بەڵام یەکەم ژێردەریایی بەمرۆڤەوە گەیشتبێتە قوڵایی ناوچەی " چاڵنجەر دیپ"، ژێردەریایی تریستی بوو کە لەساڵی 1960 توانی بگاتە قوڵایی 10 هەزار و 911 مەتر.
لەساڵی 2012، جەیمس کامیرۆن دەرهێنەری بەناوبانگی سینەمایی لەڕێگەی ژێردەریایی دیپسی چاڵنجەر گەیشتە قوڵایی 10 هەزار و 908 مەتری خەندەقەکە و فیلمێکی دۆکیومێنتاری لەسەری بۆ کۆمەڵەی ناشناڵ جیۆگرافیک دروستکرد.
پاشان لە ساڵی 2019، ڤیکتۆر فیسکۆفۆ دۆزەرەوە و سەرمایەدار ، توانی ژمارەی پێوانەیی بشکێنێت و بگاتە قوڵایی 10هەزار و 927 مەتری چاڵنجەر دیپ.
ئەو بوونەوەرانە چین لە خەندەقەکەدا دەژین؟
گەشتە زانستییەکانی ئەم دواییە ژیانێکی سەرسوڕهێنەر و گەشەسەندوویان لە قووڵایی خەندەقی ماریانادا ئاشکرا کردووە، ناتاشا گالۆ، توێژەر لە دامەزراوەی سکریپس بۆ ئۆقیانووسناسی، لێکۆڵینەوەی لە گرتە ڤیدیۆییەکان کردووە، کە جەیمس کامیرۆن لە گەشتەکەیدا لە سڵی 2012 تۆماریکردوون.
ئەو لێکۆڵەرە دەڵێت، خۆراک لە خەندەقی ماریانا زۆر کەم بووەتەوە بەهۆی دووری قووڵ و قووڵییەکەی لە رووی دەریاوە، ڕووەکەکان بە دەگمەن دەگەنە قووڵایی خەندەقەکە، و زیندەوەرە مردووەکانیش دەبێت هەزاران پێ ببڕن بۆ ئەوەی بگەنە قووڵاییەکان بەڵام هەندێک لە میکرۆبەکان بۆ خۆراکەکانیان پشت بە ماددە کیمیاییەکان دەبەستن، وەک میسان و گۆگرد".
ناتاشا گالۆ دەڵێت، " باوترین زیندەوەران لە قووڵایی خەندەقی ماریانادا بریتین لە زینۆفیۆفۆ (xenophyophores) و ئەمفیپۆد amphipods)) و خەیارە دەریاییە بچووکەکان (small sea cucumbers)، کە دووەمیان بە زۆری و بە ژمارەیەکی زۆر لە قووڵاییەکاندا بینراون.
زینۆفیۆفۆرەکان لە ئەمیبای زەبەلاح دەچن، ئەوان پێچ بە دەوری خۆراکەکانیان دەدەن و دواتر هەڵیدەمژن.
ئەمفیپۆدەکان بوونەوەرێکی بریقەدار ن و لە قووڵاییەکاندا زۆرن، بەڵام توانای مانەوەیان لەژێر ئەو فشارەدا سەرسوڕهێنەرە چونکە دەبوو بەرگەی نەگرن بەڵام لە ساڵی ٢٠١٩ توێژەران بۆیان دەرکەوت کە چەند جۆرێک لە بوونەوەر کە لە خەندەقەکەی ماریانا دەژین، ئەلەمنیۆمی دەرهێنراو لە ئاوی دەریاوە بەکاردەهێنن بۆ بەهێزکردنی توێکڵی لەشیان.
ساڵی 2017 زاناکان، نموونەی ماسییەک نامۆیان ئاشکراکردووە، کە شێوەی نەرم و فریودەری هەیە و ناوی (Mariana snailfish) و لەقوڵایی هەشت هەزار مەتردا دەژی.
لەتوێژینەوەیەکدا کە لەگۆڤاری (Zootaxa) بڵاوکراوەتەوە، باس لەو هۆکارە سەرسوڕهێنەرانە دەکات کە چۆن ئەو ماسییە بچووکە، رەنگ پەمییە، بێ توێکڵە دەتوانێت لە ژێر ئەو پەستانە زۆرەدا لەو ژینگە سەختەدا دەژین کە هیچ ماسییەکەی دیکە ناتوانێت بگاتە ئەو شوێنە.
ئایا پیسبوون گەیشتووەتە خەندەقی ماریانا؟
لە توێژینەوەیەکەدا کە گۆڤاری نەیچەر ئیکۆلۆجی ئاند ئیڤۆلوشن (Nature Ecology and Evolution) لە ساڵی 2017 بڵاویکردووەتەوە، گرووپێک لە توێژەران لە زانکۆی نیوکاسڵ لە بەریتانیا سەلماندوویانە، ئەو ماددە کیمیاییانەی دروستکراوی دەستی مرۆڤن و لە حەفتاکانی رابردوو قەدەغەکران، هێشتا لە قوڵترین شوێنی زەریاکان بوونیان هەیە.
لە توێژینەوەیەکدا دیکە لە لەهەمان گۆڤاردا بڵاوکراوەتەوە، توێژەران لەکاتی وەرگرتنی نموونە لە ئەمفیپۆدەکان لە خەندەقی ماریانا، ئاستی بەرزی پیسکەری ئۆرگانیان لە شانەکانی بوونەوەکاندا دۆزیوەتەوە.
پیسکەرەکان لە زەریا و دەریاکاندا لە ڕێگەی زنجیرەخۆراکییەکانەوە لە زیندەوەرێکەوە بۆ زیندەوەرێکی تر دەگوازرێنەوە،لە ئەنجامدا چڕی بەرزی ماددە کیمیاییەکان کۆدەبێتەوە کە زۆر زیاترە لە ئاستی پیسبوون لەسەر رووی زەوی.
بۆیە زاناکان ئاشکرایانکردووە، تەنانەت قوڵترین شوێنی زەوی چیتر سەلامەت نییە لە پیسبوونی پلاستیکی کە هەموو زەریاکانی تەنیوە، لە توێژینەوەیەکی گۆڤاری Geochemical Perspectives)) ئاماژە بەوەکراوەم گەردیکە مایکرۆپلاستیکەکان لە ناوچەکانی خوارەوەی خەندەقەی ماریانا بڵاوبوونەتەوە.
