لایەنەکانی ڕۆژئاوای کوردستان ترسیان هەیە لە نزیکبونەوەی تورکیا و سوریا

#تورکیا#سوریا#ڕۆژئاوای کوردستان#ئۆپەراسیۆن
2 ساڵ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 2 ساڵ نوێ کراوەتەوە
ڕاماڵ خونچە
پوختە :
  • تورکیا بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەتی سوریا و پارت و لایەنەکانی ڕۆژئاوای کوردستانیش ئاماژە بەوە دەدەن هەر جۆرە ڕێککەوتنێک لە نێوان ئەو دوو وڵاتە، ڕەوایەتی دەدات بە بوونی هێزەکانی تورکیا لە سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان و ترسیشیان هەیە ژمارەیەک ناوچەی دیکەی سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان ڕادەستی تورکیا بکرێن.
Primary Asset

وێنە: reddit

سبەی

تورکیا لەسەر ئاستی باڵادا نەیشاردۆتەوە کە هەر لە کۆنتڕۆڵکردنی ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و باکور و خۆرهەڵاتی سوریا لە لایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتییەوە، لە ڕووی سەربازی و دیپلۆماسی هەموو هەوڵێکی چڕ کردووەتەوە بۆ لەناوبردنی ئەو هێزە و وەک باڵی سوریای پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە قەڵەمی دەدات.

بۆ ئەو مەبەستە تورکیا تاکوو ئێستا دوو ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان ئەنجام داوە و لە ئۆپەراسیۆنی یەکەمدا شارۆچکەی عەفرینی کۆنتڕۆڵ کرد و لە ئۆپەراسیۆنی دووەمیشدا هەریەک لە شارۆچکەکانی گرێ سپی و سەرێ کانی کۆنتڕۆڵ کرد. ماوە ماوەیەش بەردەوامە لە بۆردومانکردن و هێرشکردن بە درۆن بۆ سەر ناوچەکانی دیکەی ڕۆژئاوای کوردستان.

تورکیا بۆ ئەنجامدانی هێرشەکانی، بەردەوام ئەوە وەک پاساو بەکار دەهێنێت گوایە هێزەکانی سوریای دیموکرات کە ئەو پێی دەڵێت یەپەگە و پەیەدە درێژکراوەی پەکەکەن لە ڕۆژئاوای کوردستان و سوریا و مەترسین بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی و یەکپارچەیی خاکی تورکیا و سوریا. 

پسپۆڕان ئاماژە بەوە دەدەن دوای بێهیوابوونی تورکیا لەوەی باوەڕ بە ئەمەریکا بهێنێت بۆ ئەوەی ئەمەریکا هاوکارییە سەربازییەکانی بۆ ئەو هێزە ببڕێت و ڕێگەی پێ بدات ئۆپەراسیۆنی وشکانیی دیکە بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان ئەنجام بدات، بە مەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی ناوچەی زیاتر و دورخستنەوەی هەسەدە لەو ناوچانە، ئەو وڵاتەی ناچار کردووە هەوڵ بدات پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەتی سوریا ئاسایی بکاتەوە کە لە دەسپێکی جەنگی ناوخۆیی سوریاوە لەسەر ئاستی باڵا بە سەرکۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغانیشەوە حکومەتی سوریا بە ڕژێمی بەشار ئەسەد و بەشار ئەسەدیش بە "بکوژ" و "دیکتاتۆر" ناو دەبرا و ئەردۆغان ڕەتی دەکردەو بە هیچ جۆرێک لەگەڵی دابنیشێت.

دوو ڕۆژ لەمەوبەر ئەردۆغان بانگهێشتی بەشار ئەسەدی کرد بۆ تورکیا و گوتی: "ئەگەر بەشار ئەسەد هەنگاو بنێت بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی سوریا لەگەڵ تورکیا ئەوا یەکسەر بە دەمیەوە دێین. پێشتر لەگەڵ ئەسەد بە خێزانی کۆ دەبووینەوە. خوا یار بێت بانگهێشتی دەکەین بۆ تورکیا. دەمانەوێت لەو ڕێیەوە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و سوریا وەک جارانی لێ بێتەوە. لەوانەیە لە هەر چرکەساتێکدا بانگهێشتی بکەین".

کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان نیگەرانن

پێشتریش و لە سەرەتای ئەم مانگە، ئەردۆغان ئاماژەی بەوەکرد، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆكی ڕوسیا، سەردانی توركیا دەكات و ئەوە ڕێگەخۆشكەرە بۆ نزیكبوونەوەی توركیا و سوریا.

لە بەرامبەردا 33 پارت و لایەن کە لە ژێر چەتری ئەنجومەنی سوریای دیموکراتی چالاکی ئەنجام دەدەن و ئیدارەی خۆڕێبەری ڕۆژئاوای کوردستان و باکور و خۆرهەڵاتی سوریا بەڕێوە دەبەن ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاو کردەوە. 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا سەرنج خراوەتە سەر ئەوەی هەر جۆرە ڕێککەوتنێک لە نێوان تورکیا و سوریا نەک هەر دۆخی سوریا بەرەو باشی نابات، بەڵکوو ڕەوایەتی دەدات بە "داگیرکاری" تورکیا لە سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان و قەیرانەکە قوڵتر دەکاتەوە و لەسەر حسابی خەڵک دەبێت. 

جێگری هاوسەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی ئیدارەی خۆڕێبەری، حەسەن کۆچەر بە ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەتی ڕاگەیاندووە تورکیا دەیەوێت تەواوی لایەنەکانی سوریا بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی خۆی بەکار بهێنێت. بە پێویستیشی دەزانێت حکومەتی سوریا نەبێت بە بەشێک لەو یارییەی تورکیا. 

کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان و بەرپرسانی ئیدارەی خۆڕێبەری دەترسن لەوەی هەوڵەکانی تورکیا بۆ نزیکبوونەوە لە سوریا ببێتە هەڕەشە بۆ سەر مانەوەی ئیدارەی خۆڕێبەری. 

کۆچەر ئاماژە بەوە دەدات تورکیا دەیەوێت بە گەیشتنە ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی سوریا ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ سەر ئەو ناوچانەی ڕۆژئاوای کوردستان و سوریا دەست پێ بکات کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی ئیدارەی خۆڕێبەریدان.

ناوبراو جەخت لەوە دەکاتەوە کە تورکیا دەیەوێت لەو ڕێگەیەوە هێرش بکاتە سەر ئەو ناوچانە و دەڵێت: "پێویستە دیمەشق ئەوە ببینێت کە سوریا بەرەو پارچە پارچەبوونێکی گەورە دەڕوات. هەرچەند تورکیا بشڵێت کە لەگەڵ پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سوریادایە، بەڵام بە کردەیی پێچەوانەی ئەوە دەکات. ترسی ئەوەمان هەیە ژمارەیەک ناوچەی سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان ڕادەستی تورکیا بکرێن".

حەسەن کۆچەر ئامادەیی خۆیانی نیشان دا کە بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکانی سوریا گفتوگۆ بکەن لەگەڵ تەواوی لایەنەکانی سوریا بە حکومەتی سوریایشەوە. 

چاودێرانی سیاسی ئاماژە بەوە دەدەن تورکیا لە ڕێگای ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەتی سوریا هەروەها دەیەوێت پەنابەرانی سورییش بگەڕێنێتەوە بۆ سوریا کە بەردەوام بانگەشەی ئەوە دەکات سێ ملیۆن پەنابەری سوری لە تورکیا و ئۆپۆزسیۆنیش بەردەوام جەخت لەوە دەکاتەوە بوونی ئەو ژمارە زۆرەی پەنابەران بارگرانییەکی زۆری لەسەر تورکیا دروست کردووە کە هەر خۆی بە دەست هەڵاوسانی ئابوری و گرانبوونی هەموو شتێکەوە دەناڵێنێت. 

بگەرێ لە سبەی
    2026 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی