چۆن ئازاری منداڵ لە کاتی ددان هاتندا کەم بکرێتەوە؟

#منداڵ#ددان#دایک و باوک#ئازار#ئارامبوونەوە
یەک ساڵ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش یەک ساڵ نوێ کراوەتەوە
ڕاماڵ خونچە
پوختە :
  • پسپۆڕان پێشنیاز دەکەن بۆ ئەوەی ئازاری منداڵان لە قۆناغی هاتنی دداندا کەم بکرێتەوە، چەند ڕێگایەک لە لایەن دایک و باوکانەوە بگیرێتە بەر و بەم جۆرەیش هەم منداڵان و هەم خۆیشیان ئارام دەبنەوە.
Primary Asset

وێنە: mydentistupland

سبەی

قۆناغی هاتنی ددانی منداڵ لە کاتی نەشونمادا لە تەمەنی شەش مانگییەوە دەست پێ دەکات و تاکوو سێ ساڵی بەردەوام دەبێت. لەو قوناغەدا بە هۆی ئازار و ئەو گوشارەی لەسەر پوک دروست دەبێت، منداڵ هەراسان دەبێت و ئارامی لێ هەڵدەگیرێت. بۆ کەمکردنەوەی ئازاری منداڵ لەو قۆناغەدا پسپۆڕان بە پێویستی دەزانن چەند ڕێگایەک بگیرێنە بەر. 

زانینی نیشانەکانی ددان هاتن و گرتنەبەری ڕێگای پێویست بۆ کەمکردنەوەی ئازاری منداڵ لەو قۆناغەدا، دەبێتە هۆی ئەوەی منداڵان و دایک و باوکان ئاسانتر قۆناغەکە تێبپەڕێنن. 

لەو قۆناغەدا بە هۆی ئازار و ئەو گوشارەی لەسەر ددانەکان دروست دەبێت، لەوانەیە منداڵان ئارامیان لێ هەڵبگیرێت، هەروەها دەردانی لیک زیاتر دەکەن و لەوانەیە بەم هۆیەوە دەوروبەری زاریشیان سور هەڵبگەڕێت.

لەو قۆناغەدا پوکی دەوروبەری ئەو ددانەی دێت، لەوانەیە ئەستور و هەستیار ببێت، لەو دۆخەدا منداڵان بۆ کەمکردنەوەی ئازار، لەوانەیە گاز لە پەنجەکانیان و شتی دەوروبەریان بگرن. 

بە هۆی ئازاری پوک لە کاتی هاتنی دداندا لەوانەیە منداڵان بەشێک لە خواردنەکان ڕەت بکەنەوە و خەویان تێک بچێت و زوو زوو بەخەبەر بێن. 

منداڵان بە هۆی ئازارەوە لەوانەیە کوڵمەکانیان بگرن و گوێی خۆیان ڕابکێشن. 

هەندێک منداڵ لە کاتی هاتنی دداندا تایەکی سوک دەگرن، یان توشی سکچوون دەبن. 

ڕێگاکانی ئارامکردنەوەی منداڵان لە قۆناغی هاتنی دداندا

بۆ ئەمە دەکرێت یارییەکانی وەک مەمکەمژە بەکار بهێندرێن، بۆ ئەوەی منداڵ بە دەمی یاری پێ بکات. بەڵام پێویستە لەو جۆرانە بکڕدرێن کە سەلامەتن و لە سلیکۆن یاخود جیر دروست کراون.

دەکرێت بۆ ماوەیەکی کەم ئەم جۆرە یارییانە لەناو بەفرگر (نەک بەستنگە)دا هەڵبگرن، یاخود پەڕۆیەکی پاک و شێدار بە منداڵ بدەن. هەستکردن بە ساردی ئازاری ددان کەم دەکاتەوە و منداڵ ئارام دەبێتەوە. 

هەروەها شێلانی پوکی منداڵ بە شێوەی بازنەیی و بە هێواشی بە پەنجە، ئاوساوی ددانی منداڵ کەم دەکاتەوە و ئارام دەبێتەوە.

هەروەها دەکرێت بە ڕاوێژکردن بە پزیشکی پسپۆڕی منداڵان، ئەو جێڵ و کرێمانەیش بەکار بهێندرێن کە ئازارڕەوێنن.

لە ڕێگای لە باوەشکردن و ئارامکردنەوەیشەوە دەتوانن لە ئازاری منداڵ کەم بکەنەوە. تەکنیکەکانی وەک ڕاژاندن بە هێواشی و گۆرانی بۆ گوتن ڕۆڵیان هەیە لە ئارامکردنەوەی منداڵاندا. 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی