سبەی
دوای کەوتنی رژێمی بەعس لە عێراق، نفوزی تورکیا و ئێران لە عێراقدا زیادیکرد، ئێستا گەیشتوەتە ئاستێک کە دەستێوەردانی سیاسی دەکەن عێراقدا، لەسەردەمی جەنگی داعش نفوزی ئەو دوو وڵاتە زیاتر بوو هەر یەکەکیان بە پاساوێک، ئێران بەهۆکاری ئەوەی ڕۆڵی هەبوو لە شکست پێهێنانی داعش، تورکیاش بە هۆکاری چارەسەرکردنی کێشەی بوونی پەکەکە لە هەرێمی کە وەک هەڕەشەی جددی بۆ وڵاتەکەی باسی لێوە دەکات.
تورکیا بە دوو هۆکاردەیەوێت نفوزی خۆی لە عێراق زیاد بکات یەکەم وەک پارێزەری سوننەکان و تورکمانەکان لە ناوچەکەدا مامەڵە دەکات بە تایبەت لە عێراق بەھۆكاری ئـەوەی دەسەڵاتی عێراق لە دەست شیعەكاندایە و توركیا وای دەبینێت سونەكان فەرامۆش كراون، دووەمیش چارەسەری کێشەی بوونی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان و عێراق کە ئەمەش بە کێشەیەکی جدی دەزانێت.
ئێرانیش دەیەوێت ڕێڕەوی پارێزراوە کە بە هیلالی شیعە ناوەدبرێت بە درێژایی ڕێگاكە لە تارانەوە بۆ بەغداد و لەوێشەوە بۆ دیمەشق و تا لوبنان بنیات بنێت، بۆیە ئەگەرێکی بەهێزە ئەم دوو زلهێزە ناوچەییە كە ھەریەكەیان ڕێبەڕایەتی دوو مەزھەبی جیاواز دەكەن ھەندێ جار بە ناڕاستەوخۆ بەریەک بکەون.
ئێران چی دەڵێت دەربارەی لەشكركێشەكانی توركیا بۆ سەر عێراق و سوریا؟
بەھۆی ئەو ھۆكارانەی لەسەرەوە باسمانكرد ئـێران ھیچ خۆشحاڵی دەرنابڕێت بەرامبەر فراوانبونی دەسەڵاتی سەربازی ﻭ سیاسی تورکیا لەو وڵاتانەی كە زۆرینە شیعە نشینین یاخود ئـەو وڵاتانەی ئێران چاوی لەسەرێتی، پێشتر ئێران بە ڕاشكاوی ئـەوەی پشتڕاستكردۆتەوە.
عەلی ئەکبەر ویلایەتی، ڕاوێژکاری باڵای کاروباری دەرەوەی ئایەتوڵڵا خامنەیی ڕابەری باڵای ئێران، پێشتر ڕایگەیاندبوو، پێویستە دەستبەجێ هێزەکانی تورکیا لە عێراق و سوریا پاشەکشە بکەن، ئەگەر نا گەل "دەریان دەکات" .
بەڵام ئەم لەشکرکێشییەی دواییەی تورکیا بۆ ناو خاکی هەرێمی کوردستان، ئێران بێدەنگە و هێشتا هەڵوێستی ئەوتۆی نەبوە، بە پێی سەرچاوەیەک لە رۆژنامەی شەرقلئەوسەت ئاشکرایکردووە، "پێدەچێت تورکیا هەندێک نێوەندگیری نێوان تاران و واشنتن بکات لە پێناو ئەو بێدەنگییەی ئێراندا".
چ شتێك ئێران و توركیا پێكەوە گرێ دەدات
هەردوو وڵات ئێران و تورکیا دژایەتییەکی هاوبەشیان هەیە بەرامبەر بە دۆزی کورد، چونکە هەردوکیان لە چوارچێوەی سنوورەکانی خۆیاندا ڕوبەڕوی بزوتنەوەی جوداخوازی کورد دەبنەوە. لە ساڵی 2017 تاران و ئەنقەرە هاوپەیمانی بەغدایان کرد لە هەوڵێکدا بۆ سەرکوتکردن و هەڵوەشاندنەوەی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی باشوری کوردستان. بەڵام پرسی کورد بۆ هەردوو وڵات هەمان قورسایی هەڵناگرێت، لە کاتێکدا تورکیا هەوڵی سەربەخۆیی کورد بە هەڕەشەیەکی جدی دەزانێت، بەهەمانشێوە ئێرانیش بەهەڕەشەی دەزانێت بەڵام بە ئاستێکی کەمتر لە تورکیا.