راگەیەندراوی وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا
سبەی
وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریكا، هاوڵاتییەكی عێراقی بە تۆمەتی ئەوەی نەوتی ئێرانی بەناوی نەوتی عێراقەوە فرۆشتووە، سزادا، بەو رێگەیەش "سوپای پاسدارانی ئێران قازانجی كردووە و ملیاران دۆلاری دەستكەوتووە".
بەپێی راگەیەندراوی وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریكا كە ئەمڕۆ سێـی حوزەیرانی 2025 بڵاوكراوەتەوە، هاوڵاتییەكی عێراقی بەناوی سەلیم ئەحمەد سەعید خراوەتەوە لیستی سزاكانی ئەمەریكاوە.
سەلیم سەعید و تۆڕەكەی تۆمەتبارن بە هەناردەكردن و كڕینی نەوتی ئێران بە بەهای ملیاران دۆلار كە سوپای قودسی پاسداران سودمەند بووە لەو مامەڵانەی هاوڵاتییە عێراقییەكە كردوویەتی.
وەزارەتی خەزێنە زنجیرەیەك كۆمپانیای بە ئامانج گرتووە كە خاوەندارێتییەكەی بۆ سەلیم ئەحمەد سەعید دەگەرێتەوە. جگە لەو كۆمپانیانە ژمارەیەكی دیكە كەشتی كە بە نهێنی نەوتی ئێرانیان گواستووەتەوە خراونەتە لیستی سزاكانی ئەمەریكاوە.
وەك لە راگەیەندراوەكەی وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریكادا هاتووە، سەلیم سەعید هاوڵاتیینامەی بەریتانیا و عێراقی هەیە و زنجیرەیەك كۆمپانیا بەڕێوەدەبات كە لە 2020ـەوە نەوتی ئێران دەفرۆشێت بەناوی نەوتی عێراقەوە.
كۆمپانیاكان بە رێگەی جیاواز فرۆشتنی نەوتی ئێران دەشارنەوە. كۆمپانیاكانی سەلیم سەعید نەوتی ئێران تێكەڵ بە نەوتی عێراق دەكەن، پاشان بەڵگەنامەكان ساختە دەكەن و لە بازاڕەكاندا بە ناوی نەوتی عێراقەوە بە رۆژئاواییەكانی دەفرۆشن. بەو رێگەیەش ئێران خۆی لە ئابڵوقەكان دەپارێزێت و بەردەوامە لە هەناردەكردنی نەوتەكەی.
بەپێی راگەیەندراوەكەی وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریكا، سەلیم سەعید لە رێگەی پێدانی ملیۆنان دۆلاری بەرتیلەوە بە كەسانی پلە باڵای حكومەتی عێراق، بەڵگەنامەی نەوتی ئێران ساختە دەكات و بەناوی نەوتی عێراقەوە لە بازاڕە جیهانییەكاندا دەیفرۆشێت.