سبه‌ی
ئامێره ئه‌لیكترۆنییه‌كان له‌سه‌ر ئاستی جیهان كێشه‌یان تێكه‌وتووه و گه‌شتی ئاسمانیی چه‌ندین گه‌وره كۆمپانیای بواری فڕۆكه‌وانی، هێڵی شه‌مه‌نده‌فه‌ر، سیستمی بانكی و كه‌ناڵی ته‌له‌ڤیزیۆنی له‌سه‌ر ئاستی جیهان ڕاگیراون یاخود ڕووبه‌ڕووی گرفت بوونه‌ته‌وه.
ئه‌مڕۆ هه‌ینی 19ـی ته‌موزی 2024، كۆمپانیای مایکرۆسۆفت ڕایگه‌یاند، كێشه له سیستمی جیهانیی كۆمپانیاكه‌دا دروستبووه و تیمه‌كانیان سه‌رگه‌رمی لێكۆڵینه‌وه و دۆزینه‌وه‌ی هۆكاره‌كه‌ین و له هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردنیدان.
گرفته ته‌كنیكییه‌كه، له چه‌ندین وڵاتی جیهان له‌وانه ئه‌مه‌ریكا، به‌ریتانیا، ئه‌ڵمانیا، ئیسپانیا، توركیا، ئیمارات، هۆنگ كۆنگ تا ده‌گاته ئوسترالیا، كێشه‌ی بۆ چه‌ندین بوار دروستكردووه، وه‌ك گه‌شتی ئاسمانی، هێڵی شه‌مه‌نده‌فه‌ر، سیستمی بانكی و دارایی و په‌خشی كه‌ناڵی ته‌له‌ڤیزیۆنی.
له ئه‌مه‌ریكا و ئیسپانیا و توركیا، گرفت بۆ گه‌شتی ئاسمانی دروستبووه و گه‌شتیاران له گه‌شته‌كانیان دواكه‌وتوون. له به‌ریتانیا و ئه‌ڵمانیا هێڵی شه‌مه‌نده‌فه‌ر كێشه‌ی تێكه‌وتووه و چه‌ندین تكت ڕه‌تكراونه‌ته‌وه.
به‌پێی ئاژانسه‌كان، بۆرسه‌ی له‌نده‌ن و چه‌ندین بانكی جیهانی دووچاری گرفت بوونه‌ته‌وه، له كاتێكدا سیستمی بانكیی ئوسترالیا و كه‌ناڵه‌كانی ته‌له‌ڤیزیۆن له‌و وڵاته به‌هۆی گرفته ته‌كنیكییه‌وه كاره‌كانیان ڕاگیراون.
هاوكات ده‌یڤد ڕۆدس سه‌رۆكی جێبه‌جێكاری كه‌ناڵی سكای نیوزی به‌ریتانی ڕایگه‌یاند، "ئه‌م به‌یانییه نه‌مانتوانی په‌خش بكه‌ین، داوای لێبوردن له بینه‌رانمان ده‌كه‌ین".
تا ئێستا دڵنیایی نه‌دراوه له‌وه‌ی گرفته ته‌كنییه‌كه به‌هۆی هاككردن یاخود هۆكاری دیكه‌وه سه‌ریهه‌ڵدابێت، به‌ڵام تیمی ئاسایشی ئه‌لیكترۆنیی مایکرۆسۆفت جه‌ختده‌كاته‌وه له‌وه‌ی به‌دوای هۆكاره‌كه‌یدا ده‌گه‌ڕێن.