لاهور شێخ جەنگی دەیەوێت زۆرترین دەنگ کۆبکاتەوە و حکومەتی داهاتوو پێکبهێنێت

#لاهور شێخ جەنگی#هەڵبژاردن#پەرلەمانی کورستان
یەک ساڵ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش یەک ساڵ نوێ کراوەتەوە
زانیار بەهادین
پوختە :
  • بەرەی گەل دەیەوێت زۆرترین دەنگ کۆبکاتەوە و حکومەتی داهاتوو پێبهێنت.
  • لاهور شێخ جەنگی دەڵێت،"خەونی ئەوەم هەیە بە پێکهێنانی حکومەت خزمەتی هاوڵاتییان بکەن".
Primary Asset

سبەی

بەرەی گەل دەیەوێت زۆرترین دەنگ کۆبکاتەوە و حکومەتی داهاتوو پێکبهێنێت، لاهور شێخ جەنگی دەڵێت،"خەونی ئەوەم هەیە بە پێکهێنانی حکومەت خزمەتی هاوڵاتییان بکەن".

لاهور شێخ جەنگی سەرۆکی لیستی بەرەی گەل لە بازنەی سلێمانی بە "سبەی" ڕاگەیاند، دەیانەوێت لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان ئەوەندە کورسی بە دەستبهێنن کە حکومەت پێکبهێنن. 

لەبارەی ئامانجیان لە پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو لاهور شێخ جەنگی وتی،" خەونی ئەوەم هەیە بە پێکهێنانی حکومەت خزمەتی هاوڵاتییان بکەن".

باسی لەوەشکرد، هەڵبژاردنی داهاتوو جیاوازتر دەبێت، بەو پێیەی گۆڕانکاری لە سیستمی هەڵبژاردن کراوە و تۆماری دەنگدەرانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراقیش بەکاردەهێنرێت. 

11 کورسی کۆتاکان لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بۆ 5 کورسی کەمکراونەتەوە و دابەشی بازنەکانی هەڵبژاردن کراون. لاهور شێخ جەنگی ئەو کورسییانەی بە گۆڵ بۆ پارتی ناوبرد و وتی،" پارتی ئەو 11 گۆڵەی نەماوە.

ڕۆژی 6ـی ئابی 2024، لاهور شێخ جەنگی لەگەڵ بەشیک لە کاندیدانی لیستی بەرەی گەل سەردانی دهۆکی کرد، لەبارەی دهۆکەوە لاهور جەنگی وتی،" دهۆک شوێنکی گرنگە، ئێمە هاتووین ئەو بەربەستانە بشکێنین کە بە دەستکرد لە نێوان ڕۆڵەکانی گەرمیان و بادینان دروستکراون".

ڕۆژی 21ـی کانونی یەکەمی 2019، یەکێتی لە سلێمانی چوارەمین کۆنگرەی خۆی و یەکەمین کۆنگرەی دوای کۆچی دوایی جەلال تاڵەبانی سکرتێری گشتی حزبەکە بەست. لەو کۆنگرەیەدا پۆستی سکرتێری گشتی هەڵوەشێندرایەوە و سیستمی هاوسەرۆکایەتی پەسەند کرا.

بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی بە هاسەرۆکی حزبەکە هەڵبژێردران بەڵام دوای کەمتر لە دوو ساڵ گرژییەکانی نێوان هاوسەرۆکان دەستیپێکرد و جوڵەی دژ بەیەکیان گرتەبەر.

ڕۆژی 8ـی تەمووزی 2021، ئاڵۆزییەکانی نێو یەکێتی گەیشتنە لوتکە، ئەوەیش دوای ئەوەی بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی ئەوکاتی یەکێتی بەرپرسانی دەزگای زانیاری و دژەتیرۆری گۆڕی، ئەوەش نیگەرانیی لاهور شێخ جەنگی لێکەوتەوە تا گەیشتە ئەوەی رۆژی 15ـی تەممووز مەکتەبی سیاسیی یەکێتی دەسەڵاتەکانی لە لاهور شێخ جەنگی وەکو هاوسەرۆک وەرگرتەوە. 

دواتر لاهور شێخ جەنگی بە تۆمەتی پێشێلکردنی پەیڕەوی یەکێتی و بڕیاری نایاسایی، لە بەغدا و سلێمانی، سکاڵای یاسایی لەدژی بافڵ تاڵەبانی تۆمارکرد.

 ڕۆژی 28ـی تەموزی 2022 لە ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی پەیڕەوێکی نوێی پەسندکرد و سیستمی هاوسەرۆکایەتیی هەڵوەشاندەوە. بافڵ تاڵەبانییش بە دەنگی 89 ئەندامی ئەنجومەنەکە بە سەرۆکی یەکێتی دەستنیشانکرا. 

ڕۆژی 22-ـی شوبات 2023 لاهوور شێخ جەنگی، خۆی بە "هاوسەرۆکی یەکێتی" ناساند و لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند "دوای ساڵ و نیوێک لە پشوودرێژی، سەرەنجام بە بڕیاری دادگا هەموو مافە سیاسییەکانمان بۆ گەڕایەوە کە بە شەرعییەتی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بە دەنگی ئەندامان و کادری دڵسۆزی یەکێتی بەدەستمان هێنابوو، هەر بۆیە لە ئەمڕۆوە وەک هاوسەرۆکی یەکێتی دەست دەکەینەوە بە چالاکییە سیاسییەکانمان".

ڕۆژی 27ـی ئەیلولی 2023 یەکێتی کۆنگرەی پێنجەمی لە سلێمانی بەست، ڕۆژێک پێش کۆنگرەی یەکێتی وەک ئاماژەیەک بۆ نەمانی پەیوەندی بە حیزبەکەوە ڕایگەیاند،"بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکات". 

ڕۆژی 17ـی نیسانی 2024، لاهور شێخ جەنگی لەبارەی گەڕانەوەی بۆ ناو یەکێتی لە لێدوانێکی تایبەتدا بە "سبەی" ڕاگەیاند، یەکێتی بووە بە مێژوو و دەیەوێت لە ڕێگەی لیستە نوێیەکەیەوە گۆڕانکاری بکات. 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی