دادگای فیدراڵی له‌باره‌ی "ڕێگه‌دان به‌ فره‌ژنی" له‌ هه‌رێمی كوردستان بڕیار ده‌دات

#دادگای فیدراڵی#هه‌رێمی كوردستان#وه‌هاب هه‌ڵه‌بجه‌یی#ڕێواز فایه‌ق#فره‌ژنی#په‌رله‌مانی كوردستان
یەک مانگ لەمەوپێش
زانا داود
Primary Asset

باڵه‌خانه‌ی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریی فیدراڵی

سبه‌ی

بڕیاره‌ سبه‌ینێ دووشه‌ممه‌، دادگای باڵای فیدراڵی بۆ بڕیاردان له‌باره‌ی دوو داوای یاساییه‌وه‌ كۆببێته‌وه‌، یه‌كه‌میان په‌یوه‌سته‌ به‌ فره‌ژنی و دووه‌میشیان سكاڵای وه‌هاب هه‌ڵه‌بجه‌یی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی دژه‌تیرۆره‌، كه‌ له‌ دژی ڕێواز فایه‌ق سه‌رۆكی خولی پێشووی په‌رله‌مانی كوردستان تۆماركراوه‌.

له‌ داوای یه‌كه‌مدا كه‌ هه‌ریه‌ك له‌ موحسن فه‌ره‌ج محه‌مه‌د و ئاسۆ هاشم ڕۆسته‌م و سه‌ردار ئه‌حمه‌د مه‌عروف له‌ دژی ڕێواز فایه‌ق سه‌رۆكی خولی پێشووی په‌رله‌مانی كوردستان تۆماریانكردوون، داوا له‌ دادگای باڵای فیدراڵی كراوه‌ بڕیاربدات به‌ ناده‌ستوریبوونی ماده‌ی یه‌كه‌م له‌ یاسای ژماره‌ 15ـی ساڵی 2008ـی په‌رله‌مانی كوردستان، كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ هه‌مواركردنه‌وه‌ی جێبه‌جێكردنی یاسای باری كه‌سیی عێراق ژماره‌ 188ـی ساڵی 1959 كه‌ به‌پێی هه‌مواره‌كه‌، فره‌ژنی مه‌رجدار په‌یڕه‌وده‌كرێت و ته‌نها به‌ مه‌رج و به‌ ڕێگه‌پێدانی دادوه‌ر، پیاو ده‌توانێت فره‌ژنی بكات.

داوای دووه‌م كه‌ بڕیاره‌ سبه‌ینێ دادگای باڵای فیدراڵی له‌باره‌یه‌وه‌ كۆببێته‌وه‌، سكاڵای وه‌هاب هه‌ڵه‌بجه‌یی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی دژه‌تیرۆره‌ له‌ دژی ڕێواز فایه‌ق سه‌رۆكی خولی پێشووی په‌رله‌مانی كوردستان.

له‌ سكاڵاكه‌یه‌دا وه‌هاب هه‌ڵه‌بجه‌یی داوای له‌ دادگای باڵای فیدراڵی كردووه‌، جێبه‌جێكردنی یاسای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆری ژماره‌ سێی ساڵی 2006ـی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ ناده‌ستوری بناسێنێت، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و بڕیارانه‌ی دادگا كه‌ له‌ هه‌ولێره‌وه‌ دژ به‌ ناوبراو ده‌رچوێندراون، كاریان پێنه‌كرێت.

بگەرێ لە سبەی
    2024 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی