سبەی
ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە كۆتایی ساڵی ڕابردوو وێستگەیەكی گرنگ بوو بۆ دەستبادانی توركیا لە ناوچەكە و سەپاندنی هەژموونی بەسەر كەركوكدا، توركیا بە گرنگییەوە دەیڕوانییە پڕۆسەكە، هەر ئەوەش بوو وایكرد، سەرۆك كۆماری توركیا، وەزیری دەرەوەی وڵاتەكەی و بەرپرسی دەزگای هەواڵگری ڕاسپێرێت چاودێری ڕەوشی كەركوك بكەن.
بۆ ئەو مەبەستە بەرپرسانی توركیا لە سەردانەكانیان بۆ عێراق، لەگەڵ بەرەی توركمانی لەسەر هێڵ بوون.
ڕۆژی 14ی ئازاری 2023، هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیا لە باڵیۆزخانەی توركیا لە بەغداد لەگەڵ حەسەن تۆران، سەرۆكی بەرەی توركمان و ئەرشەدساڵحی نوێنەر كۆبووەوە و داوای لێكردن، خۆیان بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاكان ئامادە بكەن.
هاوكات ڕۆژی 24ی ئابی 2023، هاكان فیدان لە سەردانیدا بۆ هەولێر، سەردانی بارەگای بەرەی توركمانی كرد و داوای لێكردن، خۆیان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك ئامادە بكەن و ناكۆكیان بەلاوە بنێن و بەشداربن.
حەسەن تۆران لە كۆبوونەوەكەدا داوای كردبوو، توركیا پشتیوانی زیاتریان بكات بۆ ئەوەی لە پرۆسەی سیاسی هەرێم و عێراق زیاتر بەشداریان پێ بكرێت.
ئەو كات پارتی دیموكراتی كوردستان نەگەڕابویەوە شارەكەـ دوای ئەوەی لە شازدەی ئۆكتۆبەری 2017ەوە شارەكەی بەجێهێشتبوو.
لە چوارچێوەی هەوڵەكانی محەمەد شیاع سودانی بۆ گەڕانەوەی پارتی، سودانی ڕۆژی 25ی ئابی 2023، بڕیاری دا بارەگاكانی پارتی ڕادەست بكرێنەوە.
ئەوەش بەرەی توركمانی و پێكهاتەی عەرەبی شارەكەی نیگەران كرد، بەرەی توركمانی و هەندێك لایەنی عەرەبی، بۆ ماوەی هەفتەیەك خۆپیشاندانیان كرد، ڕێگەی سەرەكی كەركوك – هەولێریان داخست، داوایان دەكرد، نابێت ڕێگە بدرێت پارتی بگەڕێتەوە شارەكە
لە بەرامبەریشدا بەشێك لە لایەنگرانی پارتی خۆپیشاندانیان كرد، مەترسی پێكداهەڵپژانی لایەنگرانی پارتی و بەرەی توركمانی هاتبووە ئاراوە.
توركیا هەرزوو كەوتەخۆ بۆ سەپاندنی هەژموونی، لە بەرامبەردا لە ڕایگشتیی هەرێم و كەركوكدا داوای یەك لیستی لایەنە كوردییەكان بۆ هەڵبژاردنی كەركوك دەكرا. هەوڵەكان بێ ئاكام بوون، پارتی و یەكێتی ناكۆكییەكانیان زیاتر دەبوون و گرەو لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن دەكرا.
پارتی پێی وابوو، بە هۆی ڕووداوەكانی شازدەی ئۆكتۆبەری 2017، خەڵكی كەركوك تۆڵە لە یەكێتی دەكەنەوە، پارتی براوەی یەكەم دەبێت. هەر ئەمەش بوو وایكردبوو، پارتی ئامادە نەبێت هێلكەی خۆی بكاتە سەبەتەی یەكێتییەوە.
هاوكات فشارەكانی توركیا بەو ئاراستەیە بوون، كە یەكێتی نەبێتە براوەی یەكەمی پڕۆسەكە، ئەوەش بە ڕونی لە گوتاری سیاسی توركیا ڕەنگیداوەتەوە، مەزندەش دەكرێت هەر ئەو گوتارەی توركیا، ڕێگری سەرەكی بووبێت لەبەردەم پێكهێنانی هاوپەیمانییەكی كوردی لە كەركوك، وەك ئەوەی ڕۆژی 1ی ئەیلولی 2023، شێرزاد سەمەد، بەرپرسی هەڵبژاردنی یەكێتی لە كەركوك ڕایگەیاند، بە هۆی هاوپەیمانێتی پارتی و توركیا ڕێگری كرا لەوەی لایەنە كوردییەكان بە یەك لیست بەشداری لە هەڵبژاردنی كەركوك بكەن.
لە نوێترین پێشهاتیشدا سەعدی ئەحمەد پیرە لە كۆنفرانسێكی میدیاییدا، كە ئەمڕۆ یەكشەممە 11ی ئابی 2024، لە هەولێر سازیكرد، ئەوەی ئاشكرا كرد، كە پارتی ئامادە نەبووە هاوپەیمانێتییەكی كوردی پێكبهێنێت، كە دەكرا كورد لە كەركوك بە یەك لیستی 9 كورسی بەدەستبهێنێت.
لەو چوارچێوەیەدا، ڕۆژی 4ی ئەیلولی 2023، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆكی توركیا لە فڕۆكەكەیدا كە لە سوچی ڕوسیاوە دەگەڕایەوە بۆ ئەنقەرە، قسەی بۆ ڕۆژنامەنوسان كرد و گەڕانەوەی بارەگاكانی پارتی بۆ كەركوك بە گۆڕینی دیموگرافیا وەسفكرد و ڕایگەیاند، لە پێناو پاراستنی سەقامگیری كەركوك و ناوچەكە پێویستە ڕێگە بە گۆڕینی دیموگرافیای كەركوك نەدرێت. ئەمەش وەك فشارێك بوو لەسەر پارتی بۆ ئەوەی نەچێتە ناو هاوپەیمانییەكەوە لەگەڵ یەكێتی و پێكهاتەی كوردی لە شارەكە بە یەك لیست بەشداری نەكەن
ئەردۆغان وتیشی: كەركوك نیشتمانی توركمانە، ناوچەیەكە سەدان ساڵە كولتوری جیای تێدایە و ئێمە ڕێگە بە كەس نادەین ئاسایش و یەكێتی خاكی كەركوك بخاتە مەترسییەوە.
ئەردۆغان، هەریەك لە ئیبراهیم كالن، سەرۆكی هەواڵگری و هاكان فیدانی ڕاسپارد بە وردی چاودێری دۆسیەی كەركوك بكەن.
ئەردۆغان ئاشكراشیكرد،بەرپرسانی تورك دیداریان هەبووە لەگەڵ "ماڵباتی بارزانی" لە هەرێمی باكووری عێراق، ڕەوشەكە بەرەو هێمنی دەڕوات.
هەماهەنگ لەگەڵ فشارەكانی ئەردۆغان بۆ سەر بارزانی، ڕۆژی 3ی ئەیلولی 2023، هاكان فیدان، وەزیری دەرەوەی توركیا، داوای لە حكومەتی عێراق كرد، سنورێك بۆ بوونی پارتی كرێكارانی كوردستان لە كەركوك دابنێت.
فیدان، لەگەڵ حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی پێشووی ئێران لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لە تاران وتی: ئێمە بە خەم و پەژارە و نیگەرانییەوە چاودێری ئەو ڕووداوانەی كەركوك دەكەین، كە شارێكە نیشتمانی دایكە بۆ توركمان و ئەوان ڕەگەزی سەرەكی و بنیاتنەری عێراقن.
لە بەرامبەر ئەو دەستوەردانانەی توركیا، نە سەرۆكایەتی هەرێم و نە سەرۆكایەتی حكومەت و نە لایەنە سیاسییەكانی هەرێم هەڵوێستیان دەرنەبڕی،تەنانەت بەغدادیش بێدەنگی هەڵبژارد،
تەنیا ڕۆژی 5ی ئەیلول، قەیس خەزعەلی، لە كەربەلاوە وەڵامی لێدوانەكانی فیدانی دایەوە و ڕایگەیاند، كەركوك عێراقییە، توركمان عێراقین، هیچ دەوڵەتێك بۆی نیە دەستوەردان لە كاروباری ناوخۆمان بكات، نوقتە سەری دێڕ.
ئەمەش دەكرێت وەك ئاماژەیەك بۆ هەڵوێستی ئێران بێت، لە هەمبەر دەستوەردانەكانی ئەنقەرە لە كاروباری كەركوك، بەو پێیەی خەزعەلی هاوپەیمانێكی نزیكی ئێرانە و گوماندەكرێت، پەیامەكەی ڕاستەوخۆ دەربڕی سیاسەتی ئێران بووبێت لە بارەی كەركوكەوە.
دوای دەستوەردانەكەی توركیا و سەرنەكەوتنی پڕۆژەی هاوپەیمانی كوردی لە كەركوك
بەرەی توركمانی لە سەر شەقام كشایەوە، پارتی گەڕایەوە بۆ كەركوك و بارەگا سەرەكییەكەی خۆی وەرنەگرتەوە، پڕۆسەی هەڵبژاردنی پارێزگاكان لە 18ی كانونی یەكەمی 2023 بەڕێوەچوو.
ئەنجامی هەڵبژاردنەكە بۆ پارتی مایەی تاسان بوو. چونكە ڕكابەرەكەی وێڕای تۆمەتباركردنی بە خیانەت، 5 كورسی بەدەستهێنابوو، كەچی پارتی كە خۆی بە قوربانی ڕوداوەكانی شازدەی ئۆكتۆبەر دەزانی تەنیا 2 كورسی بەدەستهێنابوو، ئەمەش شڵەژانێكی لە ناو پارتیدا دروستكرد، بە جۆرێك پارتەكە بە هەستیارییەكی زۆرەوە، دوای چەند مانگێك دواخستن ئامادەبوو بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیش بكات.
ڕاستەوخۆ دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق لە كۆتایی ساڵی ڕابردوودا، ڕۆژی 2ی كانوونی دووەمی 2024، حەسەن تۆران، سەرۆكی بەرەی توركمانی بۆ وەرگرتنی بۆچوونی توركیا لە بارەی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە ئەنقەرە لەگەڵ هاكان فیدان كۆبوەوە.
ڕۆژێك دواتر واتە لە 3ی كانونی دووەمی 2024، هاكان فیدان ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی لەگەڵ تۆران ئاشكرا كرد و ڕایگەیاند، هەڵبژاردنەكە بێ ساختەكاری نەبووە و توركیا پشتیوانی لە ڕای بەرەی توركمانی دەكات و پێویستە پۆستی پارێزگاری كەركوك بە خولی بێت و توركمانیش ببێتە پارێزگار و ڕێگە نادەین هاوبەندی یەكێتی و پارتی كرێكاران لە كەركوك هەژمونی خۆی بسەپێنێت.
هاكان فیدان ئاشكراشیكرد، لەگەڵ هەولێر هەماهەنگییەكی تەواویان هەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بە تایبەتی پەكەكە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ پەرە بەو هەماهەنگییە دەدەن. وەك ئاماژەیەك بۆ نزیكبوونەوەی پارتی و بەرەی توركمان لە كەركوك و ڕێگرتن لە سەپاندنی هەژموونی یەكێتی و پەكەكە لە شارەكە
ڕێكەوتنەكە ئەگەرچی بە نهێنی كرابوو، بەڵام ڕۆژی 26ی ئازاری 2024، حەسەن تۆران ئاشكرای كرد، كە بەرەی توركمانی و پارتی ڕێكەوتنیان كردووە و هەردوولا پابەندن بە ڕێكەوتنەكەوە، كە دەبێت پۆستی پارێزگار بە خولی بێت و هەر سێ پێكهاتە پارێزگاریان هەبێت.
هەروەها ڕۆژی 28ی ئازاری 2024، حەسەن تۆران، سەرۆكی بەرەی توركمانی، بە ئامادەبوونی محەمەد كەمال، بەرپرسی لقی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كەركوك ڕایگەیاند، پارتی ڕازی بووە پۆستی پارێزگار بە خولی بێت. واتە پشتیوانی داواكارییەكەی توركیا و بەرەی توركمانی كردووە.
سەرەڕای ئەو هەوڵانەی توركیا، ڕۆژی 24ی نیسانی 2024، ئەردۆغان بۆ دیداری سودانی گەیشتە بەغداد و لەو چوارچێوەیەدا لەگەڵ بەرەی توركمانی بۆ ماوەی نیو كاتژمێر لە كۆشكی سەرۆكایەتی وەزیرانی عێراق كۆبووەوە و ڕایگەیاند، توركیا پشتیوانی بەرەكە دەكات بۆ ئەوەی بتوانێت پۆستی پارێزگار بەدەست بهێنێت.
لە كاردانەوەی توركیادا، حكومەتی عێراق ژمارەیەك ڕێكاری دژی پارتی كرێكاران لە كەركوك گرتە بەر. لە نوێترینیان قەدەغەكردنی سێ پارتی سیاسیی كوردی بوو، كە تۆمەتباركرابوون بە مەیلداریان بۆ پارتی كرێكارانی كوردستان.
پێشتریش لە بەغدادەوە وەزارەتی ناوخۆی عێراق تۆمەتبارانی ئاگركەوتنەوەكەی كەركوكیان دەستگیركرد و ڕایانگەیاند، بە فەرمانی پەكەكە بازاڕەكەی كەركوك سوتێنراوە.
لە بەرامبەر هەوڵەكانی توركیا، هێزی بەدر كە لە كەركوك هەژمونی هەیە، ئەگەرچی كورسی نیە، بەشێكی زۆری هێزەكانی حەشد لە شارەكە سەر بە بەدرن، نەیاری دەستوەردانی توركیان، دوای ڕێكەوتنی لایەنەكانی شیعە بۆ دیاریكردنی حكومەتی خۆجێی دیالە نۆرەی كەركوك بوو، بۆ ئەو مەبەستە سودانی بە جیا و بە هاوبەشی لەگەڵ لایەنەكانی كەركوك كۆبوەوە.
دوای ڕێكەوتنی پارتی و بەرەی توركمانی، كە بڕیار بوو لەگەڵ عەرەبی سوننەی شارەكە ئیدارە پێكبهێنن، سودانی نوێنەرانی پارتی و بەرەی توركمانی بانگ كرد و پێی ڕاگەیاندن، بە بێ بەشداری سەرجەم پێكهاتە و لایەنەكان پڕۆسەی پێكهێنانی ئیدارەی كەركوك یاسایی نابێت، ئەمەش گورزێك بوو بەر ڕێكەوتنەكەی پارتی و بەرەی توركمانی كەوت، چونكە پێكهاتەی كریستیان هاوپەیمانی یەكێتییە، دواتر یەكێتی و كریستیان و پێكهاتەی عەرەبی كە خاوەنی 9 كورسین لە كۆی 16 كورسی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، لە هۆتێل ڕەشیدی بەغداد كۆبوونەوە.
دوای هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا، لەسەر بنەمای ڕێكەوتنی نێوان یەكێتی و پێكهاتەی عەرەبی، پۆستی پارێزگار بۆ دوو ساڵی یەكەم هەڵبژێردرا، لە كۆبوونەوەكەدا ڕەچاوی پشكی پارتی و بەرەی توركمانی كراوە، ئەو پشكانەی بۆیان دیاریكراوە، پڕ نەكراونەتەوە تا ئەو كاتەی ئەو دوو لایەنە كە هەر یەكەیان دوو كورسی هەیە، دەگەڕێنەوە بۆ كۆبوونەوەكان.