سبەی
حزبی سیادە ڕایگەیاند، بە هۆی "خیانەت لە خواستی جەماوەر"، بڕیاریان داوە محەمەد ئیبراهیم حافز، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە حزبەكە دوور بخەنەوە.
لقی كەركوكی حزبی سیادە، بەیاننامەیەكی دەركردووە و تێیدا باسی لەوە كردووە، كە ئەوان لە پێكهاتەی عەرەبی، خاوەنی چوار كورسین لە كۆی شەش كورسی پێكهاتەكە، دەبوایە پارێزگار لە پشكی ئەوان بوایە، بەڵام لە دەرەوەی پابەندی حزبی، حافز بەشداری كۆبوونەوەی دوێنێی هەڵبژاردنی پارێزگاری كەركوكی كردووە.
حزبەكە ئاشكرای كردووە، ئەوان بڕیاریان وابووە، بەشداری لە كۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجومەنەكە نەكەن، بەڵام حافز بەشداری كردووە.
لە بەشێكی دیكەی بەیاننامەكەدا باس لەوە كراوە، كە كۆبوونەوەی دوێنێ ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك شەرعیەتی یاسایی نەبووە، چونكە چەند پێشێلكارییەكی یاسایی تێدا كراوە و بە نوسراو داوا لە سەرۆكی بە تەمەنی ئەنجومەنەكە نەكراوە، بەشداری بكات و كۆبوونەوە لە دەرەوەی پارێزگا كراوە، بێ ئەوەی ڕێگرێكی ئەمنی هەبووبێت.
لە كۆتایی بەیاننامەكەدا هاتووە: بە هۆی پابەندنەبوون بە ڕێنماییەكانی حزبی سیادە و پێچەوانەبوونی بنەماكانی و خیانەتكردن لە خواستەكانی جەماوەرەكەی، سەركردایەتی حزب لە كەركوك بڕیاری دا، محەمەد ئیبراهیم خافز لە ڕیزەكانی دەربكات و ڕێكاری دیكەشی لە دژ دەگیرێتە بەر چونكە مافی جەماوەری لەبار بردووە و پشتیكردووەتە ڕێنماییە ناوخۆییەكان و ڕێكەوتنە سیاسییەكان.
سیادە خەمیس خەنجەر سەرۆكایەتی دەكات و پەیوەندییەكی تۆكمەی لەگەڵ توركیا هەیە.