بنه‌ماڵه‌ی نیاز ده‌رگه‌ڵه‌یی: نیاز تیرۆر کرا و حزبەکەی کردەوە تیرۆریستییەکەی شاردەوە

#تیرۆر#شەڕی ناوخۆ#یەکێتی#پارتی#سۆران#ڕانیە#نیاز دەرگەڵەیی#کوشتنی بکەر نادیار
2 ساڵ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 2 ساڵ نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • لە یەکەم ساڵیادی کوژرانی نیاز دەرگەڵەیی، فەرماندەی پێشووی پێشمەرگە لە ڕیزەکانی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان، بنەماڵەکەی بە یاننامەیەکیان بڵاوکردەوە.
Primary Asset

سبەی

لە یەکەم ساڵیادی کوژرانی نیاز دەرگەڵەیی، فەرماندەی پێشووی پێشمەرگە لە ڕیزەکانی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان، بنەماڵەکەی بە یاننامەیەکیان بڵاوکردەوە.

لە بەیاننامەکەدا، بە بێ ناوهێنانی هیچ لایەک، کردەوەکە بە "تیرۆر" وەسفکراوە و حزبەکەی نیاز دەرگەڵەیی و دامودەزگا ئەمنییەکان بە "شاردنەوە"ی دۆسیەکەی و "دیزەبەدەرخۆنە"کردنی تۆمەتبار کراون.

لە سەرەتای بەیاننامەکەدا هاتووە: "لەیەكەم ساڵیادی شەهیدبوونیدا پێویستە زۆر شت بڵێین و زۆرێك لە كەس و كار و دۆست و هاوڕێیان و تەنانەت ڕای گشتی كوردستان ئاگاداربن لە ڕاست و دروستی و زانیاری پشتڕاستكراوه‌ی كردەوە تیرۆریستییەكەی دژ بە شەهید نیاز دەرگەڵەیی".

هەروەها هاتووە: "هەموومان توشی شۆكێكی گەورە بووین بەكردە تیرۆریستیەكەی دژ بە كاك نیاز، بەڵام هەر لە سەرەتای ڕووداوەكە و لە چەند ڕۆژی سەرەتا ئێمە زانیاریمان دەستكەوت، كە رووداوەكە تیرۆری سیاسییە، بۆیە دام و دەزگا ئەمنییەكان داوای مۆڵەتی زیاتر و دانبەخۆداگرتنی زیاتریان لە ئێمە دەكرد، تا رۆژی 23/9/2023 واتا دوای 36 رۆژ تێپەڕبوون بەسەر كردەوە تیرۆریستییەكە، دەزگا ئەمنییەكان كۆمەڵێك بەڵگە و داتایان نیشانداین، كە خودی كردەوەكە وەك هێلكە پاككرابوو، ئەگەرچی لەسەرەتای ڕووداوەكەوە هەموومان هەمان گومانمان هەبوو، بەڵام هیچ بەڵگەیەكی پێویست لەبەردەست نەبوو و دواتریش هیچ بەڵگەیەكیان نەدا بە ئێمە تەنها نیشانیانداین".

بۆچی هیچ زانیارییەك بۆ ڕای گشتی بڵاو نەكرایەوە؟

سەبارەت بە داپۆشینی تاوانەکە و ئاشکرانەکردنی بکەری کوشتنەکە بۆ ڕایگشتیی، بنەماڵەی نیاز دەرگەڵەیی، زانیاری تازەیان خستووەتەڕوو و ئاماژەیان بەوەداوە، کە سەرەتا بەڵێنی بەدواداچوونیان پێدراوە، بەڵام دواتر پاشگەز بوونەتەوە.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە: "بەداخەوە كە دەسەڵاتی ئەمنی و سیاسی ئەم ناوچەیە بە بیانووی جیا جیا كەیسەكەیان شاردەوە و بەهیچ شێوەیەك هیچ جۆرە زانیارییەكیان لێی بڵاو نەكردەوە، هەر بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ بەرپرسێكی باڵا كۆبووینەوە، تەنها داواكاریمان ئەوە بوو كە ئەو كەیسە دیزەبەدەرخۆنە نەكرێت و بڵاو بكرێتەوە، بەرپرسەكە ڕاشكاوانە وتی (ئێمە وەكوو لایەنی تر نین كە ئەوەی ڕووبدات بیخەینە سەر شاشەی تەلەفزیۆنەكان و سۆشیال میدیا، ئەو كەیسە سیاسییە و ئێوە بۆ ئێمەی جێبێڵن و دڵنیاتان دەكەینەوە كەیسەكە دەیگەیەنینە ئەو شوێنەی كە ئێوەش ئاسودە بكات، ئێمە كارێك ناكەین بەهۆی بڵاوكردنەوەی كەیسێكی لەوجۆرە شەڕی ناخۆ هەڵگیرسێنینەوە) بەڵام لەو ڕۆژەوە نە هیچ هەنگاوێك لەسەر ئەو كەیسە نراوە و نە هیچ بەرەوپێشچونێكیش هەبووە، بەڵكو بڕوای تەواومان وایە كە ئەم كەیسەش دیزەبەدەرخۆنە كراوە و ئیتر دامودەزگا ئەمنی و حزبییەكانیش هیچ جۆرە هەنگاوێكی لەبارەوە نانێن و فایلەكەی داخراوە، بەڵام نازانین لەبەرامبەر چی؟".

ئەوەشیان ئاشکرا کردووە، کە ئەوان "لەسەر داوای دەزگا ئەمنییەكان وردەكاری رووداوەكەمان بەكەس نەوتوە، ئەوەش تا سەر ئاوا نابێت و ناشكرێت چیتر كەیسەكە بەشاراوەیی بمێنێتەوە".

حزب و بەرپرسە باڵاكان

بنەماڵەی نیاز دەرگەڵەیی بە بێ ناوهێنانی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە بەیاننامەکەیاندا نووسیویانە: "هێشتا چلەی تیرۆركرانی كاك نیاز تێنەپەڕیبوو، كە هەموومان دركمان بەوەكرد ساردەخەمی و بێباكییەك هەیە لەلایەن حزب و بەرپرسە باڵاكان، تەنانەت وایلێهاتبوو جگە لە كاك (ئارامی قادر خەبات) كە دۆست و خزمێكی بەوەفا و بەهەڵوێستە و تا ئەمڕۆش شەونخونی بۆ ئەو كەیسە دەكات، هیچ بەرپرسێكی تر وه‌ڵامی پرسیارێكی ئێمەی نەدایەوە، هەرچەندە هەریەكە لە بەرپرسی مەڵبەندەكانی راپەڕین و سۆران و سەرۆكی ئیدارەی راپەڕین زۆر هاوكارمان بوون، بەڵام ئەوانیش چاوەڕوانی سەرووی خۆیان بوون و بڕیار لای ئەوان نەبوو". 

ئاماژەیان بەوەداوە، ئەوان چاوەڕوانییان لە حزب شتێکی دیکە بووە و پێیان وابووە، کە "حزب زۆر لەوە بە هەڵوێستر و گەرم و گوڕتر دەبێت لە بەدواداچوون بۆ كەیسەكە و چارەسەركردنی دەرهاویشتە نەرێنیەكانی، پێمان وابوو حزب بۆ رێزگرتن لە خوێنی شەهید نیاز دەرگەڵەیی، كە پەنجا ساڵ تەمەنی خۆی پێشكەش بەو حزبە كرد و بۆ رێزگرتن لە بنەماڵەكەی كە بۆ رۆژێك لەبەرەی خیانەت و خۆفرۆشاندا نەبوون و نزیك بە سەدەیەكە خزمەت بە نەتەوە و نیشتمانەكەیان دەكەن و لەو رێگەیەشەوە قوربانی و ماڵوێرانی زۆریان بینیوە، بەڵام پێچەوانەكەی دروست بوو، لەماوەی ئەم ساڵەدا بۆمان دەركەوت، كە ئەگەر تەواوی بنەماڵەكەشمان تیرۆركرابووایە هەڵوێستی ئەم حزبە هەمان ئەم هەڵوێستە دەبوو كە لەساڵی رابردوو بینیمان". 

دیزەبەدەرخۆنەكردنی دۆسیەکە

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا، بنەماڵەی نیاز دەرگەڵەیی کە لە سەردەمی شەڕی ناوخۆدا فەرماندەی لیوا بووە لە ڕیزەکانی یەکێتیی و توانیبووی سنوورێکی فراوانی باڵەکایەتی کۆنترۆڵ بکات بۆ یەکێتی، باسیان لەوە کردووە: "دیزەبەدەرخۆنەكردنی كەیسی شەهید نیاز دەرگەڵەیی و شاردنەوە و بێدەنگ بوون لێی هێندەی كردەوە تیرۆریستییەكە بەئازار و پڕ كەسەرە، لەكاتێكدا تێكۆشەرێكی ئەم حزبە لەسەر هەڵوێست و بەرگریكردن لە یەكێتی توشی كێشەیەك دەبێت و دواتر تیرۆر دەكرێت، چۆن دەبێ‌ حزب ئاوا لێی بڕوانێ‌ و كەیسەكەی ئاوا دیزەبەدەرخۆنە بكات؟ بەڵێ‌ كاك نیاز لە شەڕی ناوخۆدا وەك هەزاران كەسی تر فەرماندەی سەربازی بووە، ئەگەر توشی دوژمنداریەك بووبێت لەگەڵ لایەنی بەرامبەر بێگومان و بێ‌ دوودڵی بەهۆی جێبەجێكردنی فەرمانی حزب بووە، حزبیش بەرپرسیارە لە پاراستنی گیانیان نەك هەڕاجكردنی خوێنیان و نیشاندانی بێباكی بەرامبەر بنەماڵەكەیان".

پارتی دیموکراتی کوردستان و لە سەروویەوە مەسعود بارزانی، سەرۆکی ئەو حزبە، لە توێی بیرەوەرەییەکانیدا، کە بە کتێب چاپی کردووە، ئاماژەی بە هەڵگەڕانەوەی نیاز دەرگەڵەیی کردووە و چوونی نیازی بۆ ڕیزی یەکێتیی بە "خیانەت" ناوبردووە، کوژرانی نیاز دەرگەڵەییش دوای بڵاوبوونەوەی ئەو بیرەوەریانەی بارزانی، مشتومڕی لە ناو میدیای کوردیدا دروست کرد.

لەو چوارچێوەیەدا، بنەماڵەی نیاز دەرگەڵەیی لە بەیاننامەکەیاندا پرسیویانە: "ئایا تەنها نیاز دەرگەڵەیی بەشداری شەڕی ناخۆی كردبوو؟ تەنها ئەو بەتەنیا شەڕی ناوخۆی هەڵگیرساندبوو؟ لە راستیدا پێویستە ئەوانە باجی هەڵگیرساندنی شەڕی ناوخۆیان بخرێتە ئەستۆ كە هۆكاری ئەم شەڕە ماڵوێرانكەرە بوون، نەك ئەوانەی بوونە قوربانی. ئەگەر بڕیاربێ‌ تۆڵە لەوانە بكرێتەوە كە بەشداریی شەڕی ناوخۆیان كردووە، ئەی كێ تۆڵە لەوانە بكاتەوە كە دەستی دوژمنانی كوردیان ماچ كرد لەپێناو بەدەستهێنانی چەند فیشەكێك بۆ كوشتنی براكانیان؟ ". 

هەروەها نووسیویانە: " بكوژانی شەهید نیاز و هاوكارانیان وەك هەموو دیكتاتۆر و تیرۆریستانی دونیا مەستی هەبوونی هێز و دەسەڵاتن ئێستا، بێئەوەی بیر لەوە بكەنەوە سەدام حوسێنیش لەسەردەمێك هەزاران هێندەی ئەوان هێز و دەسەڵاتی هەبوو، بەڵام دواجار لە كونە مشكێك دەریانهێنا و سزای عادیلانەی خۆی وەرگرت. ڕەنگە پێتانوابێ هێز و پارەی ئێستاتان فریادڕەسی ئەبەدیتانە، بەڵام خوێنڕشتن و تیرۆر، هەرگیز بێباج تێناپەڕێ و ڕۆژێك دێت لەكونە مشك دەرتان بێنین و تۆڵەی هەزاران نیازتان لێبكرێتەوە و وەك سەدام بخرێنە پیسترین زبڵدانی مێژوو".

"کارێک دەکەین"

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا، کە ئەمڕۆ هەژدەی ئاب لە یادی یەکەم ساڵەی کوژرانی نیاز دەرگەڵەیی بڵاویانکردووەتەوە، بنەماڵەکەی دەڵێن: "له‌ كۆتاییدا ڕووی ده‌ممان ده‌كه‌ینه‌ هاوڕێ و هاوسه‌نگه‌رانی شه‌هید نیاز و پێیانده‌ڵێین: كاك نیاز تیرۆر كرا و باجی ئه‌وه‌یدا كه‌ به‌ ڕۆح و گیان به‌رگری له‌ حزبه‌كه‌ی كرد، ئه‌و تا رۆژی شه‌هید بوونیشی له‌ خزمه‌ت ئه‌و حزبه‌دا بوو و بۆ ساتێكیش پشتی تێنه‌كرد، به‌ڵام له‌ رۆژی شه‌هیدبوونییه‌وه‌ حزبه‌كه‌ی بێباكانه‌ خودی كرده‌وه‌ تیرۆریستییه‌كه‌شی شارده‌وه‌ و پشتی كرده‌ خه‌بات و قوربانیدانی نزیك به‌ یه‌ك سه‌ده‌ی بنه‌ماڵه‌ی شه‌هید نیاز ده‌رگه‌ڵه‌یی و وه‌ك بیستوشمانه‌ له‌ دانیشتنێكی به‌رپرسێكی باڵای ئه‌و حزبه‌ وتراوه‌( كه‌یسه‌كه‌ كۆن بوو و پێویست ناكات باس بكرێته‌وه‌) له‌ وه‌ڵامدا ئێمه‌ش ده‌ڵێین لای ئێمه‌ هه‌موو رۆژێك هه‌ژده‌ی هه‌شته‌ و بۆ ساتێكیش گوزه‌ر ناكه‌ین و هه‌ر له‌و ڕۆژه‌شدا ده‌مێنینه‌وه‌ تا كارێك ده‌كه‌ین كه‌ رۆحی شه‌هید نیاز ئاسوده‌ ده‌بێت".

پرۆفایلی نیاز دەرگەڵەیی

نیاز جەلال بەگ محەمەدەمین یەحیا ناسراو‌ بە (نیاز دەرگەڵەیی)، 1/7/1956 لە قەزای ر‌واندزی سەر بە پارێزگای هەولێر لەدایكبووە. ئامادەیی كشتوكاڵی تەواوكردووە. ساڵی 1977 پەیوەندی بە یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانەوە کردووە و ساڵی 1981 پەیوەندی بە هێزی پێشمەرگەوە كردووە لە هەرێمی حەوتی باڵەك، دواتر لە تیپی 78ی كارۆخ درێژەی بە پێشمەرگایەتی داوە.

نیاز دەرگەڵەیی، ئەو ساڵانەی پێشمەرگە بووە بەشداری لە چەندین شەڕ كردووە لە سنووری مەڵبەندی سێی هەولێر. لە ژیانی پێشمەرگایەتیدا پێنج جار برینداربووە، كە سێ جار بە فیشەك و دووجاریش بە چەكی كیمیایی.

دواپلەی پێشمەرگایەتی لەپێش راپەڕین فەرماندەی كەرت بووە، لە ر‌اپەڕیندا بەشداری كردووە و ر‌ۆڵی بینیوە لە رزگاركردنی شار و شارۆچكەكاندا، لە تەشكیلاتی دوای ر‌اپەڕینیش لە چەندین ئۆرگان درێژەی بە پێشمەرگایەتی داوە، فەرماندەی فەوج بووە لە سوپای یەكگرتوو، فەرماندەی بەتالیۆن، جێگری هێز و لێپرسراوی میحوەری وەرتێ بووە، لە ‌حكومەتی هەرێمی كوردستانیشدا كراوەتە قائیمقامی هەردوو قەزای چۆمان و دوكان.

نیاز دەرگەڵەیی ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی ناوەندیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، شەوی 18/8/2023 لە رانیە، لە باخەکەی لە ڕانیە بە چەک کوژرا.

بگەرێ لە سبەی
    2026 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی