سبەی
ئیدارەی ئەمەریکا، هاوپەیمانەکانی ئاگادار کردووەتەوە و پێی ڕاگەیاندوون، ئێران ژمارەیەک موشەکی بالیستی کورتمەودای داوەتە ڕوسیا، بۆ ئەوەی لە شەڕی دژ بە ئۆکراینا بەکاریان بهێنێت.
هەریەک لە واشنتن و هاوپەیمانەکانی لە ناتۆ، هۆشداریان داوەتە تاران لە پێدانی موشەکی بالیستی بە ڕوسیا.
ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ی ئەمەریکایی بڵاویکردووەتەوە، ناردنی ئەو موشەکانە بۆ ڕوسیا لە کاتێکدایە، سوپای ڕوسیا هێرشەکانی بۆ سەر کیێڤ چڕ کردووەتەوە.
بەرپرسێکی ئەمەریکایی بە ڕۆژنامەکەی وتووە، "لە چەند ڕۆژی ڕابردوو، ئەو موشەکانە ڕەوانەی ڕوسیا کراون".
پێشتر ئەمەریکاییەکان ڕایانگەیاندبوو، تاران درۆنی داوەتە ڕوسیا و هەروەها کۆریای باکووریان بەوە تۆمەتبار کردووە، کە چەک و تەقەمەنی و بۆمبی ڕەوانەی ڕوسیا کردووە.
تۆمەتبارکردنی ئێران و کۆریای باکوور بە هاوکاریکردنی ڕوسیا لە کاتێکدایە، ئەمەریکا و زۆرینەی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا، لە ماوەی زیاتر لە دوو ساڵی ڕابردوودا، بە شێوەیەکی نیمچە ڕۆژانە کۆمەکی سەربازی و لۆجستی و هەواڵگری ئۆکراینا دەکەن بۆ شەڕکردن لە دژی ڕوسیا.