سبەی
نرخی نەوت بۆ نزمترین ئاستی لە ماوەی یەک ساڵدا دابەزی و شارەزایەکی ئابوری دەڵێت، کێشە بۆ مووچەی مانگەکانی داهاتوو لە عێراق دروست دەبێت.
ئەمڕۆ شەممە، نەبیل مەرسومی، شارەزای ئابوری، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک ڕایگەیاند، دابەزینی نرخی نەوت بۆ 70 دۆلار کاریگەری خراپی دەبێت لەسەر ئابووری عێراق.
مەرسومی دەڵێت، بە دابەزینی نرخی نەوت و دابەزینی هەناردەی نەوت بۆ 3.3 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، داهاتی مانگانەی نەوت بۆ 9 ترلیۆن دینار دادەبەزێت.
لەو بڕە ترلیۆنێک تێچووی کۆمپانیاکانی مۆڵەتپێدانی نەوت دەبێت، تەنها 8 ترلیۆن دینار دەمێنێتەوە بۆ مووچە جۆراوجۆر کە کۆی گشتی مانگانە 7.5 تریلیۆن دینارە ".
مەرسومی ئاماژەشی بەوەکرد، "نیو ترلیۆن دینار بۆ دابینکردنی بودجەی فۆڕمی بەشەخۆراک تەرخان دەکرێت، خەرجییەکانی کارکردن و وەبەرهێنان بە داهاتی دیکە جگە لە نەوت پڕدەکرێنەوە، ئەمە سەرباری قەرزی ناوخۆیی و دەرەکی". بەمەش کێشە بۆ موچەی مانگەکانی داهاتوو دروست دەبێت.
هەروەها نرخی جیهانی نەوت بەردەوامە لە دابەزین دوای بڕیارەکانی ئۆپێک. نەوتی تێکساس بە ڕێژەی 7.9% و نەوتی برێنت بە ڕێژەی 7.6% دابەزینی بە خۆیەوە بینی. نرخی ئێستای نەوتی برێنت 71.06 دۆلارە بۆ یەک بەرمیل. ئەمەش نزمترین ئاستی خۆیەتی لە ساڵی 2023وە تا ئێستا.
ئاشکرایە ئەم دابەزینانە کاریگەری ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر ئابوری عێراق لەبەر ئەوەی ئابوری عێراق بەشێوەیەکی سەرەکی پشتی بە نەوت بەستووە.
ئابوریناسان و لیژنەی دارایی پەرلەمان هۆشدارییاندا لەوەی نزمیی نرخی نەوت دەبێتە هۆی کورتهێنانی زیاتری بودجە و کاریگەری لەسەر بودجەی وەبەرهێنان و کارگێڕی دەبێت.
سەرەڕای ئەوەش، پسپۆڕان تیشکیان خستە سەر پێویستی هەمەچەشنکردنی ئابوری و سەرچاوەی داهاتی جێگرەوە بۆ چارەسەرکردنی کاریگەرییەکانی ناجێگیری نرخی نەوت. ڕۆڵی ئۆپێک پڵەس لە سەقامگیرکردنی نرخی نەوت بە گرنگ دادەنرێت بۆ پاراستنی سەقامگیری داهات و بودجەی عێراق.