له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌مێننه‌وه‌.. به‌غداد و واشنتن له‌سه‌ر كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق ڕێككه‌وتوون

#هه‌رێمی كوردستان#عێراق#هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا#هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی
یەک مانگ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش یەک مانگ نوێ کراوەتەوە
زانا داود
Primary Asset

سبه‌ی

به‌پێی چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ك كه‌ قسه‌یان بۆ ئاژانسی هه‌واڵی "ڕۆیته‌رز" كردووه‌، به‌غداد و واشنتن له‌سه‌ر كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق گه‌یشتوون به‌ ڕێككه‌وتن و واده‌كه‌ی ساڵێكی دیكه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌و هێزانه‌ی ئه‌مه‌ریكا كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستانن، تا دوو ساڵی دیكه‌ ده‌مێننه‌وه‌ و نازانرێت دواتر واده‌كه‌ درێژده‌كرێته‌وه‌، یاخود ئه‌وانیش به‌ یه‌كجاریی ده‌كشێنه‌وه‌.

بڕیاره‌ له‌ مانگی ئه‌یلولی ساڵی 2025ـدا سه‌دان سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق بكشێنه‌وه‌ و تا كۆتایی ساڵی 2026 ته‌واوی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ ناوچه‌كانی عێراق ده‌كشێنه‌وه‌ وه‌ك ڕۆیته‌رز ئاشكرایكردووه‌ و ده‌ڵێت، "پلانه‌كه‌ ئاماده‌یه‌ و له‌ چاوه‌ڕوانیی سازان و په‌سه‌ندكردنی كۆتاییدایه بۆ ئه‌وه‌ی ڕابگه‌یه‌ندرێت‌".

به‌رپرسێكی ئه‌مه‌ریكی كه‌ قسه‌ی بۆ ئاژانسه‌كه‌ كردووه‌ ڕایگه‌یاندووه‌، "گه‌یشتووین به‌ ڕێككه‌وتن، ئێستاش چاوه‌ڕوانی دیاریكردنی واده‌ی ڕاگه‌یاندنی ڕێككه‌وتنه‌كه‌ین".

سه‌رچاوه‌كانی ڕۆیته‌رز ده‌ڵێن، "بڕیاربوو پێش چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك ڕێككه‌وتنه‌كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی فه‌رمی ڕابگه‌یه‌ندرێت، به‌ڵام ئاڵۆزبوونی دۆخی ناوچه‌كه‌ به‌هۆی جه‌نگی غه‌زه‌وه‌، ڕاگه‌یاندنی ڕێككه‌وتنه‌كه‌ی نێوان به‌غداد و واشنتنی دواخست" و ئاماژه‌یان بۆ ئه‌وه‌ش كردووه‌ كه‌ عێراق و ئه‌مه‌ریكا، ده‌یانه‌وێت په‌یوه‌ندیی ڕاوێژكاریی نوێیان هه‌بێت كه‌ ڕێگه‌بدات هه‌ندێك له‌ هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا دوای كشانه‌وه‌ له‌ عێراقدا بمێننه‌وه‌.

سه‌رچاوه‌كان بریتی بوون له‌ پێنج كه‌س و نه‌یانویستووه‌ ناوه‌كانیان ئاشكرابكرێت و ڕایانگه‌یاندووه‌، "هه‌موو ئاماده‌كارییه‌ك كراوه‌ و پێده‌چێت له‌م مانگه‌دا ڕێككه‌وتنه‌كه‌ ڕابگه‌یه‌ندرێت".

له‌باره‌ی هه‌مان دۆسیه‌وه‌، فەرهاد عەلائەدین ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ پەیوەندییەکانی دەرەوە به‌ ڕۆیته‌رزی ڕاگەیاندووه‌، گفتوگۆی تەکنیکی لەگەڵ واشنتۆن له‌باره‌ی کشانەوەکەوه‌ کۆتاییهاتووە و ده‌ڵێت، "سه‌رگه‌رمی گواستنەوەی پەیوەندیی نێوان عێراق و وڵاتانی ئەندامی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیین بۆ ئاستێکی نوێ، کە زیاتر كارده‌كات له‌سه‌ر پەیوەندییە هاوبه‌شه‌كان لە بوارەکانی سەربازی و ئاسایش و ئابوری و كه‌لتورییدا".

ئەمەریکا نزیکەی 2500 سەربازی لە عێراقدا هەیە و به‌سه‌ر بنكه‌كانی هه‌ریر، عه‌ین ئه‌سه‌د‌ له‌ ئه‌نبار، تاجی له‌ به‌غداد، به‌له‌د له‌ سه‌ڵاحه‌دیندا دابه‌شبوون و دوو بنكه‌شی له‌ هه‌ردوو فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی هه‌ولێر و به‌غداد هه‌ن، به‌ڵام زۆرینه‌ی هێزه‌كانی له‌ بنكه‌ی عەین ئەسەدن. بەپێی ئەو پلانەی كه‌ بۆ كشاندنه‌وه‌یان داڕێژراوه‌، سەرجەم هێزەکانی ئه‌مه‌ریكا بنکەی عەین ئەسەد بەجێدەهێڵن و تا مانگی ئەیلولی 2025 هێزێكی كه‌می ئه‌مه‌ریكا له‌ به‌غداد ده‌هێڵدرێته‌وه‌.

ڕۆیته‌رز ده‌ڵێت، "پێشبینیی دەکرێت هێزەکانی ئەمه‌ریکا و هاوپەیمانان لە هەولێری پایته‌ختی هه‌رێمی کوردستان بۆ نزیکەی ساڵێکی دیکەی دوای ئه‌و واده‌یه‌ بمێننەوە، واته‌ تا نزیکەی کۆتایی ساڵی 2026 بە مەبەستی ڕێکخستنی ئۆپەراسیۆنە بەردەوامەکانی دژ به‌ داعش لە سوریا".

بگەرێ لە سبەی
    2024 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی