ئێران چۆن هەرێمی کوردستانی ناچار کرد هێزەکانی ڕۆژهەڵات لە قاڵب بدات؟

#دیموکرات#کۆمەڵە#پارتی#یەکێتی#هەولێر#زڕگوێز#کۆیە#تاران#بەغداد
یەک مانگ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش یەک مانگ نوێ کراوەتەوە
ئەرسەلان ڕەحمان
پوختە :
  • بێهزاد خوسرەوی، چالاکی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە سلێمانی دوای دەستبەسەرکرانی، ڕادەستی کۆماری ئیسلامی ئێران کرایەوە، دەزگای ئاسایشی هەرێم لە ڕاگەیەندراوێکدا، وتی: بێهزاد بە نایاسایی هاتووەتە هەرێم و بەڵگەنامەی پێویستی پێ نەبووە و لەسەر داواکاری خۆی ڕادەستی ئێران کراوەتەوە. ئەمە لە کاتێکدایە سبەینێ 8ی ئەیلوول حەوت ساڵ بەسەر موشەکبارانی بارەگاکانی حزبەکانی دیموکرات لە کۆیە و گیانلەدەستدانی ژمارەیەک سەرکردە و پێشمەرگەیان تێدەپەڕێت.
Primary Asset

سبەی

بێهزاد خوسرەوی، چالاکی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە سلێمانی دوای دەستبەسەرکرانی، ڕادەستی کۆماری ئیسلامی ئێران کرایەوە، دەزگای ئاسایشی هەرێم لە ڕاگەیەندراوێکدا، وتی: بێهزاد بە نایاسایی هاتووەتە هەرێم و بەڵگەنامەی پێویستی پێ نەبووە و لەسەر داواکاری خۆی ڕادەستی ئێران کراوەتەوە. ئەمە لە کاتێکدایە سبەینێ 8ی ئەیلوول حەوت ساڵ بەسەر موشەکبارانی بارەگاکانی حزبەکانی دیموکرات لە کۆیە و گیانلەدەستدانی ژمارەیەک سەرکردە و پێشمەرگەیان تێدەپەڕێت.

بێهزاد خوسرەوی 

بێهزاد خوسرەوی، چالاکێکی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئەندامی حزبی دیموکرات بوو، ئەو 10 ساڵ لە هەرێم دەژی و دایک و خوشکێکی لەگەڵیدا بوون.

چیرۆکی بێهزاد، یەکەم چیرۆکی لەو جۆرە نیە و پێشتریش لە دەروازەی سنوور، مستەفا سەلیمی، پەنابەری ڕۆژهەڵاتی ڕادەستی ئێران کرایەوە و دواتر لەو وڵاتە لەسێدارە درا. هەروەها چەندین چالاکی سیاسی دیکە، ناچارکراون هەرێمی کوردستان بەجێبهێڵن، دواترینیان “تروسکە سادقی” ژنە ڕۆژنامەوان و پەیامنێری دیاری کەناڵی ئێران ئینتەرناشناڵ بوو لە عێراق و هەرێمی کوردستان، کە بە فشاری ئێرانییەکان بەرەو فەرەنسا هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانی بەجێهێشت.

بێهزاد خوسرەوی، ئەندامی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بوو، لە ئەکاونتەکەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، وێنەیەکی خۆی بڵاوکردبوویەوە، کە وێنەی هەر سێ سەرکردەی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، قازی محەمەد و د. سادقی شەرەفکەندی و د. عەبدولڕەحمان قاسملۆی لە پشت سەرییەوە هەڵواسیبوو.

تا ئێستا هیچ زانیارییەک لە بارەی چارەنووسی ئەو چالاکە سیاسییەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەردەست نیە، دوای ئەوەی ڕادەستی ئێران کراوەتەوە و مەترسی ئەوە هەیە بە هۆی پەیوەندی بە چالاکی سیاسییەوە ڕووبەڕووی سزای لەسێدارەدان ببێتەوە.

لە وەڵامی دەزگای ئاسایشی هەرێمدا، ناوەندی تەشکیلاتی حیزبی دیموکرات، بەیاننامەیەکی دەرکرد و تێیدا ڕایگەیاند، لە ماوەی دوو هەفتەى رابردوودا بێهزاد خوسرەوی، خەڵکی سەقز، ئەندامی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، نیشتەجێ لە شاری سلێمانی لەلایەن دەزگای ئاسایشی حکومەتی هەرێم لە سلێمانى دوو جار بانگکراوە و جاری دووهەم دوای چەند رۆژ بەندکردن و راگرتن، رادەستی ئیدارەی ئیتڵاعاتی شاری سنە کراوە.

هەروەها هاتووە: "بێهزاد خوسرەوی ماوەی زیاتر لە 10 ساڵە لەگەڵ دایک و خوشکی لە هەرێمی کوردستان لە شاری سلێمانی دەژین و بەپێ هەموو بەڵگە بەردەستەکان، لە نشینگەی شاری سلێمانی مۆڵەتى مانەوە و نیشتەجێبوونیان وەرگرتووە و مانەوەیان لەو شارە یاسایی و بەپێی رێوشوێنەکانی حکوومەتی هەرێم بووە".

چۆڵکردنی بارەگا و کەمپەکان

هاودەمی ئەم پێشهاتە، لە کۆتایی هەفتەی ڕابردوودا، هێزە ئەمنییەکان چوونە سەر بارەگاکانی کۆمەڵەکان لە زڕگوێزی نزیک سلێمانی و ئاگاداریان کردنەوە، کە دەبێت لە ماوەی مانگی ئەیلولدا، واتە تا کۆتایی ئەم مانگە کەمپی زڕگوێز بەجێبهێڵن و بچنە کەمپێکی تازە، کە بڕیارە هەرێم بە هەماهەنگی عێراق لە سورداش بۆیان دروست بکات.

بەگوێرەی ئەو وێنانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە، پێشمەرگەکانی کۆمەڵە لە زڕگوێز لە ژێر چاودێری هێزەکانی ئاسایش بنکە و بارەگاکانیان دەپێچنەوە.

فشارخستنە سەر حزب و ڕێکخراوە سیاسیی و چەکدارییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لێکەوتەی هەوڵێکی چڕ و پڕی ئێرانە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەولێر و بەغداد، بۆ ئەوەی کۆتایی بە مانەوەی چەکدارییان لە کەمپەکان بهێنرێت.

پێشتر لە 2018 و 2022، کۆماری ئیسلامی ئێران، بە موشەکی بالیستی و درۆن، بۆردومانی بارەگاکانی ئەو لایەنە ڕۆژهەڵاتیانەی لە زڕگوێز و کۆیە کردبوو، بەڵام نەیتوانی ناچاریان بکات، بارەگاکانیان بپێچنەوە.

شۆڕش، یان نمایشی چەکداری؟

فشارەکانی ئێران دوای ئەوە پەرەیان سەند، کە بە پشتیوانی لایەنێکی سیاسیی، بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنیی لە ناوچە سنوورییەکان و ڕێگرتن لە جووڵەی پارتی کرێکارانی کوردستان لە سنووری حاجی ئۆمەران، ئاسانکاری بۆ دامەزراندنی بنکەی سەربازی دیموکرات لە ناوچەکانی خنێرە و کێلەشین کرا، هێزێکی پێشمەرگەی دیموکرات بە بانگەوازی بەرپاکردنی خەباتی چەکداری ڕوویان لە حاجی ئۆمەران کرد و لە نزیک بنکە و بارەگاکانی پارتی کرێکاران بارەگایان کردەوە.

پارتی کرێکارانی کوردستان، ئەو کات لە ڕاگەیەندراوێکدا هۆشداری دا لە جووڵەی دیموکرات و پێی وابوو، پارتی دیموکراتی کوردستان لە پشت هەوڵەکەوەیە.

ڕۆژی 24ی ئایاری 2015، گرژی و پێکدادان لەنێوان گەریلاکانی پارتی کرێکاران و حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە ناوچەی کێلەشین ڕوویدا و بەهۆیەوە پێشمەرگەیەكی دیموكراتی گیانی لەدەستدا‌ و سێ پێشمەرگەی دیكەش برینداربوون، دواتر لە کۆیە کێشەکە چارەسەر کرا.

دوای سەرنەکەوتنی ئەو ڕێگەیە و فشارەکانی ئێران لەسەر هەولێر، بە بڕیارێکی سیاسیی، لە ناوخۆی هەرێمەوە، سەرجەم پێشمەرگەکانی دیموکرات گەڕانەوە بارەگاکانی پێشوویان و کەمپەکانیان و لە ڕووی میدیاییەوە پرسی چوونە شاخی پێشمەرگەکانی دیموکرات پەردەپۆش کرا. کە پێشتر لە میدیاکانی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە ڕووماڵی چالاکییەکانیان دەکرا.

تۆمەتبارکردن

لە دوای زنجیرەیەک کردەوەی تیرۆر و ڕووداوی تەقەکردن لە ئێران، تاران پەنجەی تۆمەتی بۆ لایەنە ڕۆژهەڵاتییەکان درێژکرد و پێی وابوو، ئەوان کارئاسانی بۆ دەزگا سیخوڕییەکانی ئیسرائیل دەکەن، تا بگەنە خاکی ئێران، لەو چوارچێوەیەدا ڕۆژی 8ی ئەیلوولی 2018، تاران ژمارەیەک موشەکی بالیستی ئاراستەی بارەگاکانی دیموکرات لە کۆیە کرد و بۆردومانە موشەکییەکە زیانی گیانی و ماڵی زۆری بەر بارەگاکان گەیاند و ژمارەیەک سەرکردە و پێشمەرگەی حزبەکە گیانیان لەدەستدا.

لە دوای هێرشەکە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەیاننامەیەکی دەرکرد و تێیدا، ڕایگەیاند، یەکێتی ئاگاداری هێرشەکە نەبووە و پێشتریش ئاگاداری ئەو لایەنانە کراوەتەوە، کە کردەی سەربازی دژی ئێران نەکەن.

لە بەیاننامەی یەکێتییدا هاتبوو: "هه‌موو چه‌شنه‌ چالاكیه‌كی عه‌سكه‌ری، كه‌ له‌باشوری كوردستانه‌وه ‌و له‌په‌نای سه‌روه‌ری یاسا و ئاسایشی هه‌رێمه‌وه‌، پێشێلكردنی هه‌موو ئه‌و په‌یامانه‌یه‌، كه‌ به‌ ڕاشكاویی، به‌لایه‌نه‌ كوردستانیه‌كانمان گه‌یاندووه"‌.

وەک هەوڵێک بۆ هەڵسانەوە و بێ بەهاکردنی هێرشەکانی ئێران، ژمارەیەک پێشمەرگەی دیموکرات، لە سنوری هەرێمەوە پەڕینەوە بۆ ئێران و لە ئازاری 2021، چەند گرتە ڤیدیۆیەک بڵاوکرانەوە، کە ژمارەیەک پێشمەرگەی دیموکرات تێیاندا دەردەکەوتن و قسەیان لەگەڵ خەڵکی گوند و شارۆچکە کوردییەکان دەکرد. ئەوەش ئێرانییەکانی زیاتر هەراسانکرد و بیریان لە ڕێگەیەکی دیکە بۆ سنوردارکردنی جموجووڵی ئەو حزبانە کردەوە.

هەلومەرجی تازە

لە ڕاپۆرتێکی شیکاریدا، کە سایتی ئەمواج بڵاویکردووەتەوە، باس لەوە کراوە، ئێران هەوڵەکانی چڕ کردووەتەوە بۆ ئەوەی بەرامبەر بە بەرهەڵستکارەکانی، لە هەڵوێستی بەرگریدا نەمێنێتەوە و ئێستا لەسەر ستراتیژی هێرشی بەردەوام کار دەکات. بۆ ئەو مەبەستەش هەموو ئەو بەرهەڵستکارانەی کردووەتە ئامانج، کە لە وڵاتانی دەوروبەریدا هەن، بە تایبەتی لە عێراقدا، ئەمەش لە کاتێکدایە، کە تاران کار بۆ ئەوە دەکات، خۆی لە لێکەوتە و پزیسکی شەڕی غەززە بپارێزێت.

بۆ ئێران، ئەگەر دوێنێ ڕێکخراوی موجاهیدینی خەلق، لە عێراقدا سەرچاوەی سەرەکی جاڕسییەکانی بووبێت، بەڵام سەرکەوتوو بوو لەوەی ئەو ڕێکخراوە پەڕاگەندەی ئەوروپا بە تایبەتیش فەرەنسا بکات، ئێستا چاوی لەوەیە هەمان سیناریۆی موجاهیدینی خەلق لە کەمپی ئەشرەف، کە سوپای عێراق گەمارۆی دان، لەسەر هێزە کوردییە ڕۆژهەڵاتییەکان دووبارە بکاتەوە.

بەرپرسانی باڵای سوپای پاسداران و بەرپرسانی سیاسی وڵاتەکە بەردەوام هەر هەڕەشەیەک ڕوو لە وڵاتەکەیان بکات، پەنجەی تۆمەت بۆ هەرێم درێژ دەکەن، چونکە پێیان وایە هەرێم بووەتە مێرگێکی ئارام بۆ دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران.

هەر بۆیە ئەگەرچی سەرقاڵن بە ڕووداوەکانی غەززە و دەریای سوور، سوریا و لوبنانەوە، بەڵام چاوێکیان لەسەر هەرێمی کوردستانە و کار بۆ ئەوە دەکەن، بە کردەوە هەرێم دڵنیاییان بداتێ، چونکە ئەو قسانەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە سەردانەکەی بۆ تاران کردی و ئەو بەڵێنانەی داویەتی بۆ ڕێگرتن لە هەر هەڕەشەیەک بۆ سەر ئێران، بەلای ئێرانییەکانەوە بەس نین.

گۆڕینی ئاراستە

ئێران لە کاتێکدا لە ڕێی موشەکبارانکردنی ماڵی دوو لە بازرگانە ناسراوەکانی هەولێر، کە نزیکی پارتی دیموکراتی کوردستانن، پەیامێکی توندی گەیاندە سەرکردایەتی پارتەکە، بەڵام لە ناوخۆشدا، لە ڕێی ناردنی درۆن بۆ سەر بارەگایەکی ئەمنیی هەستیار لە پیرمام و ناردنی درۆن بۆ سەر شاڕێگەی سەرەکی هەولێر پیرمام ئەو پەیامەی بە پارتی گەیاند، کە نابێت یاری بە ئاگر بکات. 

کاتێکیش پارتی ئاستیی کاردانەوە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی لە هەمبەر بۆردومانکردنی بارەگایەکی ئەمنیی لە پیرمام، فشارەکانی دادگای باڵای فیدراڵی، تەنگپێهەڵچنینی گروپەکانی حەشد و گەمارۆی دارایی سەر هەرێمی بینی، ئەو بڕوایەی لا پتەوتر بوو، کە کلیلی هەموو کێشەکان لە تارانە، ئەمەش ئەگەرچی بۆ پارتی درەنگ بوو، بەڵام زەرە لە نیوەی بگەڕێتەوە قازانجە، دروشمی گۆڕینی سیاسەتی پارتی بوو بەرامبەر بە ئێران.

لە سەرەتای 2024، لە یادی کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران، فازڵ میرانی، کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی پارتی لە کونسوڵخانەی ئێران ئامادەبوو، لە وتەیەکیدا، دەستپێشخەری پارتی بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان خستەڕوو و داوای کرد، تاران وەک چۆن لەگەڵ سلێمانی تەبایە، گرنگە لەگەڵ هەولێریش تەبا بێت و ئاماژەی بە قاسم سولەیمانی کرد و وتیشی: ئەگەر ئەو لە ژیاندا بوایە نەیدەهێشت پەیوەندی هەولێر و تاران بگەنە ئەو ئاستە.

ئەو ئامادەکارییەی پارتی بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تاران، هاوکات بوو لەگەڵ جووڵەکانی تاران بۆ گەمارۆدانی ڕۆژهەڵاتییەکان لە ڕێگەی سیاسییەوە. ئەمەش دوای ئەوە هات، کە لە 2023دا ڕێکەوتنی ئەمنی لەگەڵ عێراق واژوو کردبوو.

ڕێکەوتنی ئەمنی

بە ئامادەبوونی محەمەد شیاع سودانی، ڕۆژی 19ی ئازاری 2023، قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق و عەلی شەمخانی، ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی باڵای ئەمنیی کۆماری ئیسلامی ئێران لە بەغداد دەقی ڕێکەوتنێکیان واژوو کرد.

ڕێکەوتنەکە تایبەت بوو بە ئاسایشی سنووری نێوان هەردوو وڵات و بەرزکردنەوەی ئاستیی پەیوەندییە ئەمنییەکانی نێوانیان، بەڵام لە هەرێمی کوردستانەوە هیچ دەنگێکی ناڕازی دژی ڕێکەوتنەکە بەرزنەکرایەوە، لە کاتێکدا جێبەجێکردنی ڕێکەوتنەکە خرابووە ئەستۆی هەرێم، بێ ئەوەی هەرێم هیچ نەخشێکی لە داڕشتنیدا هەبووبێت.

لەو میانەیەدا، سودانی ڕایگەیاند، عێراق ڕێگە نادات بە هیچ شێوەیەک خاکەکەی ببێتە گۆڕەپانی گروپە چەکدارەکان و لێیەوە هەڕەشە لە ئاسایشی دراوسێکان بکەن.

لە ڕێکەوتنەکەدا، عێراق پەیمانی داوە ڕێگە نەدات ڕێکخراوە چەکدارییەکانی نەیاری ئێران خاکی عێراق لە هەرێمی کوردستان بەکاربهێنن بۆ هێرشکردنە سەر ئێرانی دراوسێ.

ئەو کات، حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئەو کاتەی ئێران، ئاشکرای کرد، سەردانەکەی شەمخانی بۆ بەغداد دوای چوار مانگ لە ئامادەکاری کراوە. کرۆکی سەردانەکە پەیوەندی بە گروپە چەکدارەکانی "باکووری عێراق"ەوە هەبووە. وتیشی: تاران هیچ جۆرە هەڕەشەیەک لە خاکی عێراقەوە قبوڵناکات.

بەڵگەنامەی بێهزاد خوسرەوی، کە لەلایەن نەتەوەیەکگرتووەکانەوە تۆمار کراوە

هەولێر و بەغداد بەیەکەوە کار دەکەن

لە ماوەی ڕابردوودا، بەغداد بە هاوکاری وەزارەتی ناوخۆی هەرێم، ڕێکارەکانی گرتووەتەبەر بۆ جێبەجێکردنی ئەو ڕێکەوتنە ئەمنییەی لەگەڵ تاران واژووی کردووە، بۆ ئەو مەبەستە چەند جارێک لە وادەی دیاریکراودا قاسم ئەعرەجی بۆ ئاگاداربوون لە جێبەجێکردنی ڕێکارەکان سەردانی هەولێر و سلێمانی کرد.

حکومەتی عێراق بە هەماهەنگی هەولێر و سلێمانی بڕیاری دا، کەمپی هێزە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات هەڵوەشێنێتەوە و چاو بە ڕەوشی مانەوەیان لە عێراق بخشێنێتەوە، بۆ ئەو مەبەستە بڕیار درا، ئەو هێزانە لە کەمپی تازە جێگیر بکرێن و بخرێنە ژێر چاودێری نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ ئەوەی وەک پەنابەری سیاسیی بمێننەوە، نەک هێزی چەکدار.

هەریەک لە هەولێر و سلێمانی و بەغداد، لایەنەکانی ڕۆژهەڵاتیان ئاگادار کردووەتەوە، کە نابێت هیچ جۆرە جوڵەیەکی چەکداری لە سنوورەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بەرامبەر بە ئێران بکەن.

لە بەرامبەر ئەو فشارانەدا، پارتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕەزامەندیان دەربڕیوە لەسەر داواکارییەکان و جەختیانکردووەتەوە، کە ئەوان ڕێز لە ڕەوشی هەرێمی کوردستان دەگرن و پارێزگاری لە سروشتی خانەخوێیەکەیان دەکەن، بەڵام نەیاری ئەو ڕێکەوتنە ئەمنییەن، کە ئێران و عێراق لە دژی ئەوان واژوویان کردووە.

زیاتر لە 30 ساڵە، سوپای پاسداران، ئەگەرچی ئۆپراسیۆنی لەشکری گەورەشی کردووەتە سەر کەمپی لایەنە ڕۆژهەڵاتییەکان و ڕێگەی کوشتن و ڕفاندنی چالاکانی کوردی لە هەرێم بەکارهێناوە، بەڵا‌م نەیتوانیبوو، هاوشێوەی موجاهیدینی خەلق هێزە کوردییەکان پەرش و بڵاو بکات. 

ئەم ڕێکارە تازانەی هەولێر، بەغداد، سلێمانی دژی پەنابەرە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هێزە سیاسییەکانیان گرتوویانەتەبەر مەترسی گەورەی لەسەر داهاتووی ئەو هێزانە دروست کردووە، بە جۆرێک دەبێت لە پێناو مانەوەدا ئەو هێزانە دەستبەرداری خەباتی چەکداری ببن و وەک پەنابەری سیاسیی لە کەمپی دیاریکراودا لە ژێر چاودێری نەتەوەیەکگرتووەکان کاربکەن.

هاوکات هەبوونی هەر جۆرە نوسینگە و بنکەیەک، یان جموجوڵی سیاسیی و فەرهەنگییان لە شارەکان قەدەغە دەکرێت و ڕێگە نادرێت لە دەرەوەی کەمپەکان هیچ جووڵەیەکیان بمێنێت.

 

بگەرێ لە سبەی
    2024 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی