سبەی
دوای 13 ساڵ ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانیش نەیتوانی دەزگا ئەمنی و هەواڵگیرییەکانی پارتی و یەکێتی یەکبخات بەڵکو ئەنجومەنەکە بووە سەکۆی شەڕێکی دیکەی ئەمنی نێوان دوو حزبەکە و ناکۆکییە ئەمنی و هەواڵگیریەکانی قوڵتر کردەوە.
دۆسییە ئەمنییەکان شەڕێکی نوێ دەخەنە نێوان پارتی و یەکێتییەوە، ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان کە لە کۆی پێنج ئەندامی سیانیان لە یەکێتی نیشتیمانی کوردستانن، لە دواین ڕاگەیەندراویدا “بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی بە ڕادەستکردنەوەی بێهزاد خوسرەوی، ئەندامی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران تۆمەتبار کردووە. ”
ئەنجومەنەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا باسی لەوەکردوە، بێهزاد خوسرەوی بە ناوی ئاسایشی سلێمانی و بە فەرمانی سەرۆکی یەکێتی ڕادەستی ئێران کراوە و ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئاگاداری ئەم کارە نییە.
ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان یەکێتی بە دەستوەردان لە دامودەزگا حکومییەکانی سلێمانی تۆمەتبار کردووە و ڕاگەیاندووە، دەزگا فەرمییەکان بەرپرسیار نین لە هەڵسوکەت و ڕەفتارە نایاساییەکانی سەرۆکی یەکێتی و دامودەزگاکانیان.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە بە فەرمی وەڵامی ڕاگەیەندراوەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان نەداوەتەوە، تەنها دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاندوە، “ئەو ئەندامەی حزبی دیموکرات لەسەر داوای خۆی گەڕاوتەوە ئێران.”
ئەگەرچی ئامانجی پێکهێنانی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان یەکگرتنەوەی دەزگا ئەمنی و هەواڵگیرییەکانی پارتی و یەکێتییە بەڵام چەندینجار ئەنجومەنەکە خۆی بووەتە سەکۆی هەڵگیرساندنی ناکۆکی نێوان دوو حزبەکە و شەڕی ئەمنی نێوانیانی گەرمتر کردووە.
چاوەڕوانیش دەکرێت، ئەم ڕاگەیەندراوە نوێیە و بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەمجارە شەڕێکی توند لەسەر دۆسیە ئەمنییەکان لە نێوان یەکێتی و پارتی ڕوبدات و دۆسیەی جیاوازی ئەمنی دژ بە یەکتر بجوڵێنن.
پارتی و یەکێتی ئەزمونێکی تاڵی دژ بە یەکیان لە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان هەیە، پێشتریش لەگەڵ تۆمەتبارکردنی یەکتر خۆیان لە کار و ڕاگەیەندراوی یەکتر بێبەری کردووە.
ڕۆژی 26ـی تشرینی یەکەمی 2020، دوای ئەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەستگیرکردنی سێ گروپی جیاوازی ڕاگەیاند و تۆمەتباریکردن بە هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی کاری "تیرۆریستی" لە هەرێمی کوردستان و یەکێک لە گروپەکانیشی وەک بەشێک لە پارتی کرێکارانی کوردستان ناساند، یەکێتی بێبەریبوونی خۆی لە ئەنجامدانی ئەو ئۆپراسیۆنە ڕاگەیاند.
تیمی یەکێتی بە ناوی وتەبێژێک لە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ڕایانگەیاند،"تیمی یەکێتی ئاگاداری ئەو ڕوداوانە نین و بێ پرسکردن بە سێ ئەندامە سەرەکییەکی یەکێتی ڕاگەیەندراوەکە بڵاوکراوەتەوە". دواتر ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان بۆ دوپاتکردنەوەی ڕاگەیەندراوەکەی پێشوتری ڕایگەیاند،"تەنها ئەو بڵاوکراوانە فەرمین کە لە پێگەی سەرەکی ئەنجومەنەکەوە بڵاودەکرێنەوە".
ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان
ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان (KRSC) لە 2ـی ئایاری 2011 بەپێی یاسای ژمارە 4ـی ساڵی 2011ـی پەرلەمانی کوردستان دامەزرا، ئامانجی دامەزراندنی ئەنجومەنەکە یەکگرتنەوەی هەردوو دەزگای زانیاری و ئاژانسی پاراستن بوو کە یەکەمیان سەر بە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و دووەمیان سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستانە.
ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان خۆی وەک ئەنجومەنێکی باڵای ئاسایشی نەتەوەیییە لە کوردستانی عێراق پێناسە کردووە، کە کاردەکات بۆ گەیاندنی زانیاری بەشێوەیەکی یەکگرتوو و پارێزراو بە هێزی ئاسایشی وڵات و هەواڵگری سەربازی و خۆی دەسەڵاتی دەستگیرکردنی نییە.
کاری ئەنجومەنەکە پێدانی زانیاری و کۆکردنەوە و گەیاندییەتی بە دەزگاکانی ئاسایشی هەرێم، لەدوای هێرشی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش)بۆ سەر هەرێمی کوردستان لە مانگی ئابی 2014، ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، هێرشی ئاسمانی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی بۆ سەر پێگەی داعش ڕێکدەخست.
ئەم ئەنجومەنە لە ساڵی 2012 بە شێوەیەکی تەواو دەستبەکاربوو و تەواوی دامەزراوە و دەزگا و بەشە ئاسایشی و هەواڵگرییەكانی هەردوو ئیدارەكەی پێشووی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەیدا كۆكرانەوە، بەپێ یاساكە پەیكەر و پێكهاتەی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان بە شێوەیەک ڕێكخرا و بەپێی یاساكەش سەرۆكی هەرێم دەتوانێت دەزگای تر بۆ ئەنجومەنەكە زیاد بكات.
ڕاوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان
لە ماددەی چوارەم و بڕگەی (یەكەم)ـی یاساكەدا هاتووە: ئەنجومەن ڕاوێژكارێكی دەبێت، ڕاوێژکارەکەی لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوە بە پلەی وەزیر دادەمەزرێت، كە دەزگاكانی سەر بە ئەنجومەن بەڕێوەدەبات و سەرپەرشتیان دەكات و هەماهەنگیان لە نێواندا دەكات، ڕاوێژکاریش جێگرێكی دەبێت و بە گوێرەی ئەو دەسەڵاتانەی پێی دەدرێت لە بەجێگەیاندنی ئەركەكانیدا یاریدەی دەدات.
ڕاوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان دەسەڵاتی دەركردنی هەموو جۆرە بڕیارێكی هەیە كە لە یاسای ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان بۆی دیاریكراوە. بەپێ یاساكە دەسەڵاتەكانی هەریەكە لە ڕاوێژكار و جێگرەكەی بە یاسا دیاریكراون، هەردووكیان پلەیان وەزیرە.
لە مانگی تەموزی 2012 مەسرور بارزانی سەرۆکی پێشووی ئاژانسی پاراستن و ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان لەلایەن مەسعود بارانی سەرۆکی ئەوکاتی هەرێمی کوردستان وەک ڕاوێژکار (سەرۆک)ـی ئەنجومەنی ئاسایش دەستنیشان کرا.
پێکهاتەی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان
دواتریش دەزگای دژەتیرۆری هەولێر و سلێمانی خرانە چوارچێوەی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان هەروەها فەرمانگەی تەكنۆلۆژیاش دامەزرا.
ئەندامەکانی ئەنجومەن
لەم پێنچ ئەندامەدا دوویان لە پارتی دیموكراتی كوردستانن کە هەریەكە لە (ڕاوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم و سەرۆكی دەزگای پاراستن)ن، سێ ئەندامەكەی تریش (سەرۆكی دەزگای ئاسایشی هەرێم، سەرۆكی دەزگای زانیاری، سەرۆكی هەواڵگری پێشمەرگە) لە یەكێتی نیشتیمانی كوردستانن.
ڕۆژی 17ـی نیسانی 2024، لاهور شێخ جەنگی سەرۆکی لیستی بەرەی گەل لە سلێمانی بە "سبەی" وت، "تا ئێستا وەک سەرۆکی دەزگای زانیاری ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانم".
ئامانجەکانی ئەنجومەن کە لە یاسای ژمارە چواردا هەن: