تورکیا پارەیەکی "خەیاڵی" لە زنجیرە دراماکانی دەست دەکەوێت

#دراما#تورکیا
یەک ساڵ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش یەک ساڵ نوێ کراوەتەوە
ڕاماڵ خونچە
پوختە :
  • داهاتی هەر ئەڵقەیەک لە زنجیرە دراما تورکییەکان لە نێوان 200 هەزار تاکوو 650 هەزار دۆلاردایە و لە سەدا 50ی ئەو داهاتەیش بۆ ئەو کەناڵە تەلەڤزیۆنانە دەمێنێتەوە کە زنجیرە دراماکان بەرهەم دەهێنن.
Primary Asset

سبەی

خاوەنی کۆمپانیای O3 Medya، دەرهێنەر سانەر ئایار بە میدیاکانی ڕاگەیاند وێڕای ئەو قەیرانە ئابورییە بەهێزەی تورکیای گرتووەتەوە، تورکیا داهاتێکی خەیاڵی لە فرۆشتنی زنجیرە دراماکانی دەست دەکەوێت بە وڵاتان.

ناوبراو ئاماژەی بەوە دا داهاتی هەر ئەڵقەیەک لە زنجیرە دراما تورکییەکان لە نێوان 200 هەزار تاکوو 650 هەزار دۆلاردایە و لە سەدا 50ی ئەو داهاتەیش بۆ ئەو کەناڵە تەلەڤزیۆنانە دەمێنێتەوە کە زنجیرە دراماکان بەرهەم دەهێنن.

ئەمەیش هانی کەناڵە تەلەڤزیۆنییەکان دەدات بەردەوام بن لە بەرهەمهێنانی زنجیرە دراماکان. 

ناوبراو پێی وانییە ئەو دۆخە ئابورییە سەختەی تورکیا پێیدا تێدەپەڕێت، هاوشێوەی تەواوی کەرتەکانی دیکە زنجیرە دراماکان بگرێتەوە، چونکە هەر خۆی زنجیرە دراماکان پارەیەکی باشیان پێ دەدرێت. 

ئەوا لە کاتێکدایە چوار مانگ لەمەوبەر ژمارەیەک لە میدیاکانی تورکیا بڵاویان کردەوە پێدەچێت هاوینی ئەمساڵ بە هۆی ئەو قەیرانە ئابورییەی تورکیای گرتووەتەوە، هیچ زنجیرە درامایەک لە تورکیا بەرهەم نەهێندرێت.

بەپێی ئەو هەواڵانەی لە میدیاکانی تورکیا بڵاو کرابوونەوە، لە کاتێکدا هەر ئەڵقەی زنجیرە درامایەک سێ ساڵ لەمەوبەر یەک ملیۆن بۆ 1 ملیۆن و 500 هەزار لیرەی تێدەچوو، ئێستا هەر ئەڵقەیەک زیاتر لە 10 ملیۆن لیرە (نزیکەی 310 هەزار و 317 دۆلار) تێ دەچێت. 

بە هۆی دابەزینی بەردەوامی بەهای لیرەی تورکی بەرامبەر دۆلاری ئەمەریکی، خەمڵاندنی بەهای لیرەی تورکی بە دۆلار بۆ سێ ساڵ لەمەوبەر دروست دەرناچێت.

ئاماژە بەوە دراوە هاوشێوەی تەواوی بوارەکانی دیکە خەرجی زنجیرە دراماکان بە خەرجی تەکنیکی، دەرهێنان، نوسینی سیناریۆ و پاداشتی ئەکتەرەکان 10 هێندە زیادی کردوە. بە هەمان ڕێژەیش کرێی پەخشکردنی ڕێکلامەکان زیادی کردوە.

کەمبوونەوەی ڕێکلامی کۆمپانیاکان کە لە ناوبڕەکانی ئەڵقەی زنجیرە دراماکان پەخش دەکران، وای کردوە نەتواندرێت تێچووی دراماکان دەربهێندرێتەوە و بە زەرەر بشکێتەوە بەسەر کەناڵەکاندا. هەروەها دڵنیا نەبوون لە فرۆشتنی زنجیرە دراماکان بە دەرەوە، کەناڵەکانی ناچار کردووە خێراتر کۆتایی بە زنجیرە دراماکان بهێنن.

داهاتی فرۆشتنی زنجیرە دراماکانی پار 680 ملیۆن دۆلار بووە

بەپێی ئەو زانیارییانەی ئاژانسی هەواڵی شینهوا دەستی کەوتوون زنجیرە دراماکانی تورکیا بە نزیکەی 170 وڵات فرۆشراون.

بەڕێوەبەری باڵای جێبەجێکاری Global Agency، عیزەت پینتۆ ئاماژەی بەوە داوە داهاتی فرۆشتنی زنجیرە دراماکان بە دەرەوە لە 2023 گەیشتوەتە 680 ملیۆن دۆلار.

ساڵانە 60-70 زنجیرە دراما بەرهەم دەهێندرێت

شەش مانگ لەمەوبەر سەرۆکی لیژنەی خزمەتگوزاریی کلتوری لە یەکێتیی خزمەتگوازریی هەناردەکردن لە تورکیا، فاتیح ئاکسۆی ڕایگەیاند ساڵانە لە تورکیا نزیکەی 60-70 زنجیرە دراما بەرهەم دەهێندرێت.

دەرهێنەر و سیناریۆنوس، مەحمەد بۆزداغ بە میدیاکانی ڕاگەیاندوە ئەو هاوڵاتییە بیانییانەی سەیری زنجیرە دراما تورکییەکان دەکەن، زوو زوو سەردانی تورکیا دەکەن و دەیانەوێت ئەو شوێنانە ببینن کە لە زنجیرە دراماکاندا بینیویانن.

دوای ئەوەی حوزەیرانی 2023 گۆڕەپانی بۆزداغ لە ئیستانبوڵ کە ژمارەیەکی بەرچاو لە زنجیرە دراما بەناوبانگەکانی تورکیا لەوێ بەرهەم هێندراون، بە ڕوی خەڵکدا کرایەوە، زیاتر لە 50 هەزار گەشتیار ڕویان تێ کرد.

NTV  بە پشتبەستن بە داتاکانی Parrot Analytics  ئاماژەی بەوە داوە خواست لەسەر زنجیرە دراما تورکییەکان لە 2020-2023 لە سەدا 184 زیادی کردووە.  

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی