ڕەفتاری نائاسایی هەڵۆ.. پەلاماری مرۆڤ دەدات

2 ساڵ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 2 ساڵ نوێ کراوەتەوە
ڕاماڵ خونچە
Primary Asset

وێنە: میدیاکان

سبەی

لایەنە پەیوەندیدارەکانی نەرویج ڕایانگەیاند ئەو هەڵۆیە کوژراوە کە پەلاماری منداڵێکی ساوای داوە و بە هۆی شێوازی بەخێوکردنیەوە، ڕەفتاری هەڵۆکە نائاسایی بووە.

7ی ئەیلول هەڵۆیەکی زێڕین پەلاماری کچێکی تەمەن یەک ساڵ و هەشت مانگی دا لە کاتێکدا لە کێڵگەکەی خۆیان لە ناوچەی ئۆرکلاند لە نەرویج سەرقاڵی یاریکردن بوو.

بەر لە کوشتنی هەڵۆکە لە لایەن پاسەوانەوە، دایکی منداڵەکە و هاوسێکانیان هەوڵیان دا هەڵۆکە دوور بخەنەوە.

باوکی کچەکە ئاماژە بەوە دەدات هەڵۆکە لەناکاو هاتووە و پەلاماری کچەکەیانی داوە.

دوای ئەو ڕووداوە کە کچەکە بە سوکی بریندار بوو، میدیاکانی نەرویج بڵاویان کردەوە هەر لەو ماوەیەدا چەندین ڕووداوی هاوشێوە لە ناوچە جیاوازەکانی ئەو وڵاتە ڕووی داوە.

باڵندەناس ئاڵف ئۆدر فۆڵکستاد بە ڕادیۆی NRKی ڕاگەیاندووە کە هەرگیز ڕەفتاری لەو شێوەیە نەبیندراوە.

دامەزراوەی ژینگەپارێزی نەرویج دوێنێ چەند وێنەیەکی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند سێ حاڵەتی پەلاماردانی مرۆڤ تۆمار کراون کە جگە لە کچەکە، ئەگەری زۆرە دووانەکەی دیکەیش لە لایەن هەڵۆکانەوە ئەنجام درابن.

لەو پەلامارانەدا کە لە 3-7ی ئەیلول ڕویان داوە، هیچ یەک لەو سێ کەسە بە سەختی بریندار نەبوون. 

بەرپرسێک لە وەزارەتی ژینگەی نەرویج بە ناوی سوزن هێنسن ڕایگەیاندووە ئەم جۆرە ڕەفتارەی لەم ماوەیەی دواییدا لە هەڵۆ زێڕینەکان بیندراوە، پێشتر هەرگیز هاوشێوەی نەبووە و دەڵێت: "ئاگادار نین لەوەی ڕووداوی دیکەی لەم جۆرە لە نەرویج و دەرەوە ڕووی داوە یان نا".

هێنسن سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە هەڵۆ کوژراوەکە ڕەفتاری نائاسایی بووە و لە مرۆڤ نەترساوە و دەڵێت: "هەرچەند بە تەواوی نازاندرێت، بەڵام بە ئەگەری زۆرەوە، ئەو باڵندانەی وەک زیندانی بەخێو دەکرێن، هەڵسوکەوتیان بگۆڕێت".

بەپێی یاسا کارپێکراوەکانی نەرویج ڕاوکردن و بەخێوکردنی گیانلەبەرە کێوییەکان لە ماڵەوە قەدەغەیە.

هەڵۆ زێڕینەکان لە دوای هەڵۆ کلک سپییەکان دووەم گەورەترین باڵندەی دڕندەیە لە نەرویج. 

کێشی مێیەی ئەم جۆرە هەڵۆیە بە تێکڕایی پێنج کیلۆگرام دەبێت و مەودای باڵەکانیشیان لە دوو مەتر زیاترە، کێشی نێرەکانیشیان چوار کیلۆ دەبێت و مەودای باڵەکانیان دوو مەترە. 

بگەرێ لە سبەی
    2026 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی