وێنە: میدیاکان
سبەی
ڕۆژنامەی سەباح'ی تورکی لە بنکۆڵکارییەکدا پەردەی لەسەر مەرگی بێدەنگی منداڵان لەو گوندەی باکوری کوردستان هەڵماڵیووە و بۆی دەرکەوتووە لە کۆی ئەو 15 منداڵەی لە گوندەکە مردوون هەشتیان خزمی نارین بوون و حەوتیان لە بەرەی دایکی ئەون.
یەکێک لەو منداڵانە (ت. گ.ی) خوشکی نارین بووە کە لە تەمەنی پێنج ساڵیدا لە ساڵی 2019 مردووە و هۆکاری مردنەکەیشی بۆ ئەوە گەڕێندرایەوە گوایە لە پەیژەوەوە بەربوەتەوە.
دوو نەوەی پوری دایکی نارین کە دووانە بوون و تەمەنیان تەنیا یەک ساڵ بوو بە ناوەکانی (ئا. ئا) و (ی. ئا) بە جیاوازی پێنج ڕۆژ مردوون.
خاڵۆزاکانی دایکی نارین (هـ. س) تەمەن سێ ساڵ و (ف. س) تەمەن چوار ساڵ هەمان ڕۆژ مردوون.
ئامۆزازاکانی دایکی نارین (ف. چ) و (م. چ) لە تەمەنی دوو ساڵیدا مردوون.
پورزازای دایکی نارین (ه. ی) لە تەمەنی پێنج مانگیدا مردووە.
بانگەشەی ئەوە دەکرێت ساڤاش گوران'ی مامی نارین کە لە تەمەنی 22 ساڵیدا بووە، لە کێڵگەی لۆکە بە چەک تازەلاوێکی تەمەن 15 ساڵەی کوشتووە.
شەش منداڵەکەی دیکە کە لە گوندەکە مردوون، خزمی نزیکی نارین نەبوون.
هێشتا لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی کوشتنی نارین بەردەوامە کە لە 21ی ئاب ون ببوو و دوای 19 ڕۆژ تەرمەکەی لە کەناری چەمی ئەغەرتوتماز دۆزرایەوە.
لە لێکۆڵینەوەی دۆسیەکەدا چەندین کەس دەستگیر کراون و مامێکی نارین بە ناوی سەلیم گوران کە موختاری گوندەکە بووە بە تۆمەتی پلاندانان بۆ کوشتنی نارین زیندانی کراوە و باس لەوە دەکرێت سەلیم بۆیە برازاکەی کوشتووە چونکە بە پەیوەندیی ناشەرعیی نێوان مامی و دایکی زانیووە.
لە ئەنجامی توێکاری بۆ تەرمی نارین کە 91 نمونەی لێ وەرگیرا، بڵاو کرایەوە نارین گوران "دەم و لوتی بەستراوە و ملی گیراوە و بەبێ ئۆکسجین هێڵدراوەتەوە" و بەم جۆرەیش خنکێندراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی توێکاریی، نمونەکان بە جۆرێک وەرگیراون کە هەموو جۆرە تاوانێک ئاشکرا دەکەن بە دەستدرێژیکردنە سەریشەوە
ئەو نمونانەی DNA کە لە ئۆتۆمبێلەکەی سەلیم گوراندا وەرگیران لەگەڵ نمونەکانی DNA سەر جلوبەرگی نارین وەک یەک بوون.
لێکدژی لێدوانی تۆمەتباران وای کردووە، گەیشتنە ئەنجامی ئەوەی کە نارین بە بڕیاری کێ و بە چ هۆکارێک کوژراوە قورس بێت.
بەشێک لە میدیاکان باس لەوە دەکەن کە هەوڵ دراوە بە ناوی ئەوەی گوایە نارین ون بووە و دیار نەماوە، بابەتی کوشتنەکەی دیزە بەدەرخۆنە بکرێت، بەڵام بەهۆی ئەو کاردانەوە زۆرەی لە تورکیا و باکوری کوردستان لێی کەوتەوە، تیمە پەیوەندیدارەکان هەوڵەکانیان چڕ کردەوە و تەرمی نارین دۆزرایەوە.